مەنازیلە هەورامی: ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتی سەنگەر وەک پیاوان پلەکانیان بەرز ناکرێتەوە

ژنان لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسدا لە کاری ڕێکخستنی و خەباتی ڕەوای دۆزی کورددا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە، بەڵام لە ئێستادا پلەی سەربازی ژنان بەرز ناکرێتەوە و مەنازیلە هەورامی باس لە هۆکارەکانی دەکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- مەنازیلە هەورامی یەکێکە لەو ژنانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا خەباتی ڕێکخستنی کردووە و ڕۆڵی گێڕاوە لە خەباتی پێشمەرگایەتیدا، باسی لەوەکرد، ژنان توانیویانە خەباتی ڕێکخستنی بکەن و لە شاردا بە نهێنی زانیارییەکان بگوازنەوە، چونکە کەمتر ڕێگەیان لێگیراوە و گومانیان لێ نەکراوە.

 

لە ڕێکخراوی "کەمئەندامانی سەنگەر"دا  ١٢ ژن ئەندامن

مەنازیلە باس لەوە دەکات لە ڕێکخراوی "کەمئەندامانی سەنگەر"دا و لەو سنورەی دەکەوێتە سەر ڕێکخراوەکە، ١٢ ژن ئەندامن، وەک خۆی باسی دەکات ژمارەی خاوەن پێداویستییەکان زۆرە بەڵام کاری ڕێکخراوەیی ناکرێت و گرنگی بە کاروباری ژنان نادرێت، من ماوەی چوار ساڵە وەک سەرۆکی لقی ڕێکخراوی "کەمئەندامانی سەنگەر" هەڵبژیراوم بەڵام لە ئێستادا لە کاروبار وەستێنراوم و لە ماڵەوە دانیشتووم.

 

"پێویستە حکومەتی هەرێم بەدواداچون بکات بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی سەنگەر"

مەنازیلە هەورامی وەک خاوەن پێداویستێکی تایبەتی سەنگەر ڕووی دەمی لە حکومەتی هەرێم دەکات و داوا دەکات بەدواداچوون بکەن بۆ کێشەی خاوەن پێداویستانی تایبەتی سەنگەر چونکە بێ مافیان بەرامبەر دەکرێت و پلەکانیان بەرز ناکرێتەوە، بۆ نمونە هاوڕێکانی خۆم لە پلەی عەقید و عەمیدن و ئێستا من نائب زابتم، ئەگەرچی ڕۆڵمان هەبووە، بەڵام پلەکانمان بەرز ناکرێتەوە و پلە بەرز کردنەوە بەس بۆ پیاوانە.