مەروەت عززە: نابێت ژنان لە بەرامبەر ئازاردان بێدەنگ بن

ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی مەروەت عززە، دوای ئەوەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەری، سەرەڕای هەموو فشارەکان دەستدرێژی کارانی ئاشکەا کرد و خەبات دەکات بۆ ئەوەی ئەو کارە بێ سزا نەمێنێتەوە.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە- ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی مەروەت عززە گوێی بە هەڕەشەکانی کۆمەڵگە نەدا و دوای ئەوەی دەستدرێژی کرایەسەر تاوانبارانی ئاشکرا کرد.

 

مەروەت دوای ئەوەی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێت، دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی بەیت لەحم و لەلایەن کارمەندێکی بەشی تیشکی ئێکسەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر، سەرەڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی بووەوە، مەروەت بێدەنگ نەبوو و ڕووداوەکەی لە ڕێی ڤیدیۆوە ئاشکرا کرد و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە تۆڵەی خۆی و دەیان ژنی دیکە بکەنەوە.

 

مەروەت هەڕەشەی لێکرا

بەمەبەستی بێدەنگکردنی مەروەت داواکاری گشتیی فەلەستین بە هۆی کێشەی دەروونی لە شاری بەیت لحم ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی کرد و تا بە ناوی نەخۆشی دەرونییەوە کەیسەکە دابخات، لەلایەکی دیکەوە ئەندامانی بنەماڵەی تاوانبارەکە هەڕەشەیان لە مەروەت کرد، کە سکاڵاکە بکشێنێتەوە و گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان لاببات، هەروەها زۆر کەس کۆمێنتی نەرێنییان لەسەر ڕووداوەکە نووسی.

 

وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و داوای لە مەروەت کرد بەبێ پارێزەرەکەی بێتە نەخۆشخانە، بەڵام کاتێک کەسی بەرپرسی لیژنەکە بەپێی پیشەکەی مامەڵەی نەکرد، بڕیاریدا لەوێ بڕوات و داوای مافی خۆی بکات و بچنە دادگا.

 

لە نەخۆشخانە ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە

مەروەت عززە سەبارەت بەو ڕووداوەی ڕوویدا وتی: دوای ئەوەی دەستی چەپم شکا، پێویست بوو چاک بکرێتەوە، دواتر ڕەوانەی ژووری تیشکی ئێکس کرام بۆ ئەوەی بزانم ئایا هیچ پچڕانێک لە شوێنی دیکەدا هەبووە یان نا، هەر لە سەرەتاوە من بێزار بووم لە پرسیارەکانی کارمەندی تیشکی ئێکسەکە، هەر جارێک لێی دەپرسیم، 'ئایا تۆ بە تەنیا هاتوویت یان کەسێک لەگەڵ خۆتدا هێناوە'، دوای ئەوەی وەڵامم دایەوە کە تەنها هاتووم، دەستی خستە سەر جەستەم، وتم لەوانەیە کاری ئەو بێت، ئەو خەریکی دەستنیشانکردنی برینەکانی جەستەم بوو، بەڵام دواجار بینیم کە دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەرم، هاوارم کرد و بە هاوارەکەی من، لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایکرد.

 

ئەم ڕووداوە لە دیجیتاڵ میدیا ئاشکرا کرا

مەروەت عززە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو نەخۆشخانەیە دەکەوێتە گوندێکی دوورەدەست و نەبوونی دەسەڵات و یاسای پێویست بووە هۆی ئەوەی تاوانبارەکە بە ئازادی تاوانەکەی ئەنجام بدات، پێویستە ژنان وریا بن، لەکاتی پێویستدا سکاڵا تۆمار بکات و داوای مافەکانی بکات بە ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکەت. سکاڵام تۆمار کرد و ڤیدیۆیەکم لە دیجیتاڵ میدیا بڵاوکردەوە، ڕووداوەکەم ئاشکرا کرد بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەک بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە تووشی هێرشی لەو شێوەیە دەبن.

 

"زۆر لایەنی فێمینیستەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی پشتگیریان کردم"

مەروەت لە کۆتاییدا وتی: پاڵپشتییەکی فێمینیستی گەورەم بینی، چونکە ژنان پێویستیان بە دەنگێکی وەها بوو بۆ ئەوەی ئازارەکانی خۆیان نەشارنەوە بەهۆی بۆچوونی کۆمەڵگەوە، هەروەها زۆرێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەندییان پێوە کردم بۆ ئەوەی پشتگیری خۆیان پێشکەش بکەن.