"توندوتیژییە دەروونییەکان لە هەڵەبجە زیادیکردووە"

لە کاروچالاکییەکانی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە، جەخت لە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە شاری هەڵەبجە کرایەوە، چونکە توندوتیژییە دەروونییەکان لەو شارە زیادی کردووە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجەوە خرانەڕوو، لە کۆی ٩٠ دۆسیە ٦٦ دۆسیەیان ژنان تۆماریان کردووە، کە سەرجەمیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی لەلایەن کەسوکاریانەوە بوونەتەوە و ئەشکەنجە دراون، یەکێک لە حاڵەتە دیارەکانی تووشبوونی ژنان بە نەخۆشی دەروونی و نەبوونی چارەسەری لە شارەدا، خۆسووتاندنی ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ بوو، کە بەهۆی نەبوونی چارەسەرکاری دەروونی و دەرمانەوە بوو بە قوربانی.

 

شەهێن عومەر، توێژەری دەروونی، ئاماژەی بەوەدا کە هەبوونی نەخۆشخانەیەکی دەروونی بە تایبەت لە شاری هەڵەبجە یەکێکە لە پێویستییەکان، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ نەخۆشییە دەروونییەکان گەشە دەکەن و پێشیان عەیبە بچنە نەخۆشخانەکان، وتیشی: پێویستە نەخۆشخانەیەک هەبێت بۆ ئەوەی ڕێژەی توندوتیژی و هاندان بۆ خۆکوشتن کەم ببێتەوە.

 

نەخۆشخانەی دەروونی لە شاری هەولێر و سلێمانی هەیە، بەڵام هاوڵاتیانی هەڵەبجە ناتوانن سەردانی بکەن، شەهێن عومەر لەوبارەیەوە وتی: دووری ڕێگا و هاتوچۆ کردن و گرانی دەرمانە دەروونییەکان و هەژاری خەڵکی ئەم ناوچەیە، وایکردووە نەخۆشەکان ڕوونەکەنە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی هەڵەبجە و بەمەش خۆکوشتنی ژنان لە ڕووی دەروونییەوە زیاتر دەبێت، لە کاتێکدا پێویستە چۆن چارەسەر بۆ سەرئیشە وەردەگرین، بەو شێوەش بۆ نەخۆشیە دەروونییەکانی وەربگرین.

 

هێندە دەرچووی دەروونیی دانەمەزراومان هەیە، بتوانێت نەخۆشخانەیەک بەڕێوەببەن

شەهێن عومەر، ئاماژە بەوەدەدات کە لە هەڵەبجە دەرچووی دانەمەزراوی بەشی دەروونی زۆرە و دەکرێت بە دامەزراندی ئەوان نەخۆشخانەیەکی دەروونی بەڕێوەببرێت، وتیشی: ئێمە زۆر هەوڵمانداوە کە نەخۆشخانەیەکی دەروونی بکرێتەوە، تەنانەت نەخۆشخانەی بیارە دەکرا بکرێتە نەخۆشخانەیەکی دەروونی، چونکە لە ڕووی ژینگەیی و شوێنەکەشی شیاو بوو بۆ بوون بە نەخۆشخانە، بەڵام نەکرا و هەوڵەکان جدی نین بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی لەو شێوەیە.

 

توێژەران و پارێزەران داوا دەکەن کە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشی دەروونییەکان بکرێتەوە، وەک شەهێن عومەر باسی لێوەدەکات، کە لە ئێستادا توندوتیژییە جەستییەکان گۆڕاون بۆ توندوتیژی دەروونی و دواجار سەردەکێشێت بۆ نەخۆشی دەروونی، وتیشی: ئەگەر شوێنێک هەبێت بۆ خاڵی کردنەوەی دەروونیان و لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بن، دەکرێت ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی کەمبکرێتەوە.