نەبوونی پەناگە هۆکاری خۆکوشتنی ژنانە؛ لە کەلار دوو ژنی گەنج کوژراون

لە کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە دوو ڕۆژدا دوو ژنی گەنجی خوار ١٨ ساڵ کۆتایی بە ژیانیان هات، چالاکوانێکیش دەڵێت: حاڵەتەکانی خۆکوژی پاڵنەریان هەیە و نەبوونی سیستم و پەروەردە و پەناگە بۆ ژنان لایەکی هۆکارەکانن.

هاوژین شکور

 

گەرمیان- ڕووداوەکانی کوشتن و توندوتیژی ژنان ڕوو لە زیادبوونە، چالاکوانان هۆکارەکانی هەڵکشانی ئامارەکان بۆ نەبوونی یاسا و سەروەرنەبوونی دادگا و قەیران و نەبوونی پەروەردە دەگەڕێننەوە، لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بڵاوکردنەوەی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتنی لە میدیاکانەوە قەدەغە کردووە، سەرباری ئەوەش ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان ون نابێت و دەکەوێتە بەرچاوی هاوڵاتیان.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی نوژنها کەوتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو ژنی گەنج لە کەلار کوژراون، ئەوانیش، ڕاز محەمەد، ١٦ ساڵ، ٢٤ی حوزەیران لەلایەن براکەیەوە کوژراوە و بکوژ دەستگیرکراوە، هەر لە کەلار ژنێکی گەنجی دیکە بە ناوی سایە مستەفا، تەمەن ١٦ ساڵ، ڕۆژی شەممە ٢٥ی حوزەیران بە گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات.

 

عەلی قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان پشتڕاستی زانیارییەکانی نوژنهای کردووەتەوە.

 

ژنان پاڵنەریان هەیە بۆ خۆکوشتن

نیگار ڕەشید، مامۆستا و چالاکوانی بواری ژنان لە گەرمیان بۆ نوژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا بەهۆی نەبوونی پەناگە و سیستمێک کە پارێزگاری لە ژنان بکات، ژن پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن، وتیشی: ئێمە سیستم و دامەزراوەیەکی واها باش و چالاکمان نییە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان بکات، دادگا و ڕێکخراو و هەموو ئەو شوێنانەی بە پەناگە و چارەسەر دادەنرێت بۆ کێشەی ژن و چارەسەری کەیسەکانی ژنان چالاک نین و کاری جدی پێشکەش ناکەن تا ڕێگە لە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بگرێت، بۆیە ژنانیش بێ ئومێد بوون.

 

ئەو چالاکوانە ئاماژە بەوەش دەدات کە ڕێکارەکانی کارکردن و چارەسەری لە کەیسەکانی ژناندا، ئاستەنگی لەبەردەم سکاڵاکردنی ژنان دروستدەکات، چونکە ژن و ژنی گەنج هەن ناتوانن لە ماڵ بچنە دەرەوە، بەڵام بۆ درێژەدان بە کەیس چەندین جار بانگ دەکرێنە دادگا و ڕێكخراو و ناوەندەکانی دیکەی ژنانەوە، کە ئەمە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ژناندا.
 

نیگار ڕەشید، کە دۆخی گەرمیان شارەزایە تیشکدەخاتە سەر نەبوونی کۆڕ و سیمینار و ڕێگاکانی هۆشیارکردنەوەی ژنان لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەکاندا، کە وایکردووە لە کاتی بوونی کێشە و گرفتدا ژنان پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن، "خێزان بەرپرسی یەکەمە لە پەنابردنی ژنان و کچان بۆ خۆکوژی، خێزانەکانی ئێمە لەبری ئەوەی باوەش و پەناگە بن بۆ کچ و ژنەکان، بە پێچەوانەوە فشارێکی تر و هەڕەشەیەکی ترن و فشارەکانی کۆمەڵگەش قورستر دەکەن لەسەر شانی ژنان، ئێمە ناتوانین خۆکوژی هەر بەخۆکوژی دابنێین، لە ڕاستیدا کەیسەکان تا بێت بەرەو هەڵکشان دەچن و ژمارەی خۆکوژییەکانیش لە زیادبووندا".

 

حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بە خۆکوژی تۆمار دەکرێن

ئەو چالاکوانە لەسەر حاڵەتەکانی خۆکوژی ژنان وتی "ئێمە ناتوانین خۆکوژی هەر بەخۆکوژی دابنێین"، لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوەی دا و دەڵێت: بۆیە دەڵێم خۆکوژیی نییە، لێکۆڵینەوەم لەلایە بەپێی سەرچاوەکان لە کەیسەکانی ساڵانی ڕابردوودا بۆ ئەو خۆکوژییانەی ژنان، فشاری خێزان ناچاری خۆکوشتنیانی کردووە، یانی خۆیان هەڵیان نەبژاردووە، بەڵکو خێزان و دابونەریتی کۆمەڵگە وایکردووە ناچار بن بە خۆکوشتن یان زۆرێک هەیە لە کەیسەکانی ساڵانی ڕابردوو  کوژراون و ئەڵێن خۆی کوشتووە.

 

لە کۆتایدا نیگار ڕەشید، مامۆستا و چالاکوان، ئاماژەی بە هۆکارەکانی پشت کوشتن و کوشتنی ژناندا و وتی: ڕێکخراوەکانی ژنان وەکو دام و دەزگاکانی دیکەی حکومەت بە حزبی کراون، تەنها ڕووکارن و هیچ کارێک پێشکەش ناکەن، هەروەها دابونەریتی کۆمەڵگە و سیستمی حکومڕانی خێڵەکیمان هۆکارێکی دیکەن، پەروەردەش لەسەر جیاوازی جێندەری وایکردووە هێشتا پێگەی ژن لەناوماندا وەکو مرۆڤ نییە و حسابی مرۆڤی بۆ ناکرێت، بۆیە لەناو ئەم سیستمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەدا هەتا بێت فشارەکان لەسەر ژنان زیاتر دەبێت، بەڵام فۆرمێکی نوێی ژنان هەیە، کە لەپێناو مانەوە و تێکۆشان بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، لە ڕێگەی پەروەردەوە هۆشیاری بڵاودەکاتەوە و دەبێتە چارەسەری کێشەکانی ژنان.