قەیرانەکان وای لە ژنان کردووە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن
ژنان بەرامبەر گرانبوونی سوتەمەنی و شتومەک دێنە دەنگ و باس لە سی ساڵ حکومڕانی دەسەڵاتداران دەکەن، هەروەها دەڵێن ئەم ژیانەی ئێمەی تێداین ژیان نییە و دەسەڵاتداران گەلیان خنکاندووە، هەرکات یەکێک بێتە دەنگ حکومەت بێدەنگی دەکات.
شنیار بایز
سلێمانی- قەیرانە یەک لە دوایەکەکانی هەرێمی کوردستان بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی گرتووە، گرانبوونی بەنزین و نەبوونی سوتەمەنی، بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و گرانبوونی نان، بەرزبوونەوەی نرخی کرێی پاس، نەبوونی نەوت و گرانبوونی و نەبوونی موچە هاوڵاتیانی خستووەتە دۆخێکی ناڕەحەتییەوە.
لە هەر بارودۆخێکی وەک قەیران یاخود هێرشەکانی داگیرکەراندا، ئەوەی زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت هاوڵاتیانن، سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکار بۆ ئەو دۆخە و هەر ڕۆژێک بە نەبوونی یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان ڕووبەڕوو دەبنەوە، لەکاتێکدا حکومەت و دەسەڵاتداران دەتوانن چەندین ڕێگاچارەسەری بگرنەبەر بۆ باشبوونی دۆخەکە.
وایلێهاتووە ڕۆژانە هاوڵاتیان لەسەر شەقامەکان گردبوونەوە دەکەن، هەرجارێک بۆ کێشەیەک، ماوەی سی ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیاتوانیوە ئەم کێشانە چارەسەری بنچینەییان بۆ بدۆزنەوە، ژنانیش بێزاربوون لە حکومڕانی دوو بنەماڵەی فەرمانڕەوایی باشووری کوردستان و داوا دەکەن لە هەڵبژاردندا بایکۆتیان بکەن.
"ئێمە خاوەنمان نییە، وەک ئاشی نەزان خوا دەمانگێڕێت"
پەخشان ئەبوبەکر، هاوڵاتیەکی دڵ پڕەو لە بەرامبەر حکومەتدا، بە نوژنهای وت: ئێمەی هاوڵاتی ئەوەندەی نەماوە سواڵ بکەین، ئەمەش لە سایەی سەری حکومەتەکەمانە کە خەڵکی ڕسوا کردووە، نان شەشی بووە بە هەزار دینار و قەبارەکەی بچوک کراوەتەوە، ئەگەر حکومەت هەبێت نانەواخانەکان ناتوانن کاری وابکەن، لەم هەرێمە هیچ شتێک وەک خۆی نەماوە، بۆیە تەمەنا دەکەم هیچ هاوڵاتیەک دەنگ نەدات بەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە".
ئاماژەی بەوەدا حکومەت لەتاو دزی و گیرفانی خۆیان ناپەرژێنە سەر خەڵکی، هەرێمی کوردستان خاوەنی نییە و وەک ئاشی نەزان وایە خوا دەیگێڕێت، بەس لە کاتی دەنگداندا خاوەنی هەیە و تەنها بۆ کۆکردنەوەی دەنگ.
دەربارەی بێدەنگبوونی هاوڵاتیان ئەو ژنە ڕوونیکردەوە کە هاوڵاتی ناوێرێت بێتە دەنگ، چونکە بێدەنگ دەکرێت و دەستگیر دەکرێن، سوکایەتیان پێ دەکرێت، دەڵێت: "لەسەر لقی چواری پەدەکە لە سلێمانی چیان نەکرد"، لەکۆتایدا داوا لە هاوڵاتیان دەکات چیتر لە دەنگدانەکاندا نەچنە سەر سندوقی دەنگدان و بە دەنگنەدان حکومەت شەرمەزار و سەرکوت بکەن.
"دەسەڵاتداران گەلیان خنکاندووە"
مهاباد سەعید، هاوڵاتییەکی دیکەیە و دەربارەی دۆخی هاوڵاتیان و قەیرانەکان ڕوونیکردەوە، حکومەت و دەسەڵاتداران پێویستە هاوکاری گەلەکەیان بکەن، بەڵام حکومەتی ئێمە نەک هاوکاری ناکات و ژیانی بۆ دابین ناکات، بەڵکو گەلیان خنکاندووە، کوا بەنزین و کارەبا و ژیانی هاوڵاتی؟
"خەتای میللەت خۆیەتی، چونکە بە دەستی خۆمان ئەمانەمان هێنایە سەر دەسەڵات و ئێستاش بێ هەڵوێستین، حکومەت یەکجار بڕیاریداوە میللەتەکەی پشتگوێ بخات، ئەگەرنا ئێستا بەم کاتی گەرمایە کاتی ئەوەیە نەوت گرانبێت و بەنزین نەبێت، لەکاتێکدا هەمووی هەن بەڵام لە خزمەتی وڵاتانی دیکە دایە".
مهاباد دەشڵێت: لە ماوەی سی ساڵی حکومڕانی جگە لە زەرەر هیچ سودێکمان لەم دەسەڵاتە نەبینیوە، چونکە هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە بۆ میللەتەکەی، ئێمە تەنها بینای بەرزمان هەیە کەس نازانێت هی کێیە و کێ دەچێتە ناوی، خەڵکەکەش وا دەمرێت لە برسا، ئەمە ژیان نییە".