"منداڵان بە شێوازێکی تەندروست لە خێزان و خوێندنگەکان پەروەردە ناکرێن"

منداڵان پێویستیان بە شێوازی تایبەت هەیە بۆ پەروەردەکردنیان و دروستکردنی کەسایەتیان، بەڵام نە پەروەردە و نە خێزانەکان ئەو ڕۆڵەیان نەگێڕاوە وا لە منداڵان بکەن، خۆیان پشت بە خۆیان ببەستن و خاوەن بیروڕای خۆیان بن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- سیستمی پەروەردە و شێوازی بەخێوکردنی منداڵ لە باشووری کوردستان نەبووەتە هۆکار بۆ دروستکردنی تاکی تەندروست، تاکێک کە متمانە بە خۆی بکات و بتوانێت تاکێکی ڕەخنەگر بێت، بەڵکو منداڵان لەلایەن خێزانەکانیانەوە سەرزەنشت دەکرێن بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵەیەک کە ئەنجامی دەدەن، هەروەها لە خوێندن و پەروەردەشدا شێوازێک بەکاردەهێنن، هەمان شێوازی کۆنی هەیە کە مامۆستا و خوێندکاران تیایدا هاوڕێ نین، ئەمەش شێوازێکی سەرکەتوو نییە بۆ پەروەردەکردنی منداڵان.

 

"سیستمی پەروەردە شێوازە کۆنەکەی لەدەست نەداوە"

بەسۆز ئەحمەد، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە گوندی مەروێ، دەربارەی دۆخی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو سیستمەی لە ئێستادا بەکاردەهێنرێت بۆ فێرکردنی خوێندکار یاخود شێوازی مامەڵەی لە ناو پۆلەکاندا هەمان ئەو سیستمە کۆنەیە کە پێشووتر بەکارهاتووە ئەویش پێی دەوترێت "سیستمی بانکی".

 

لەم سیستمەدا خوێندکار تەنها گوێگرە و ناتوانێت خاوەن بیروڕای خۆی بێت، وە باشترین خوێندکار ئەو خوێندکارانەن ئەرکێکی مامۆستا پێیان دەدات وەک خۆی لەبەر بکەن و دەقاودەق لە تاقیکردنەوەکاندا دووبارەی بکەنەوە، دەشڵێت "لەم سیستمەدا خوێندکار وەک شوشەیەک وایە و لە ڕێی مامۆستاکانییەوە بەردەوام زانیاری تێدا کۆدەکرێتەوە، ئەمەش ئەو هەستەیان دەداتێ کە هیچ زانیارییەک نازانن و دەبێت تەنها لە ڕێی مامۆستاکانیانەوە زانیاری وەربگرن".

 

"پێدانی سۆز و خۆشەویستی باشترین ڕێگایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خوێندکاراندا"

نەسۆز باسی لەوەشکرد، باشترین مامەڵە لەگەڵ خوێندکار لە کاتی وانەکاندا ئەو مامەڵەیەیە هەست و خۆشەویستی تێدا بێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خوێندنگەی لەلا خۆشەویست ببێت، نەک بەم شێوازەی ئێستا کە خوێندکاران چاوەڕێی وانەی کۆتایی دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، هیچ هەستێکی خۆشەویستیان بۆ ژینگەی خوێندنگەکەیان نییە.

 

هەروەها دەشڵێت: نەبوونی هەستی سۆز و خۆشەویستی هۆکارە بۆ ئەوەی خوێندکارەکە گرنگی بە خوێندنگە نەدات، مامۆستا و وانەکانی خۆش نەوێت، چونکە کاتێک خوێندکار مامۆستای خوۆشدەوێت بێگوومان وانەکەشی خۆشدەوێت و باشتر لە وانەکان تێدەگەن، وتنەوەی وانە تەنها زانیاری ناو کتێبەکە نییە بەڵکو پێویستە لە پاڵیدا پەروەردەیەکی تەندروستیش ببەخشیتەوە، کار لەسەر کەسایەتی منداڵەکە بکەیت.

 

"ئاگاداربوون لە دەروونی خووێندکار هاوکارە بۆ وتنەوەی وانەیەکی باش"

ئەو مامۆستایە باسی لەوەشکردن یەکێک لە خراپترین ڕێگاکان بوونی لێدانە لەناو پۆلەکاندا کە تا ئێستاش چەندین مامۆستا ئەو شێوازەیان بەلاوە پەسەندە، لێدان یەکێکە لەو هۆکارانەی وادەکات خوێندکار خۆشەویستی بۆ بابەتەکە و وانەکەش نەمێنێت و بەردەوام لە هزریدا وەک کابووسێک دەمێنێتەوە، دەڵێت: "گرنگە مامۆستا گوێ بە لایەنی دەروونی خوێندکارەکانی بدات، چونکە منداڵانیش بە هەمان شێوەی کەسانی دیکە خاوەن کێشەن و نائارامی دەروونیان هەیە، هەرکات مامۆستا هەستی بەوەکرد یەکێک لە خوێندکارەکانی دەروونی نا ئارامە و خاوەن کێشەیە و بە ڕوویەوە دیارە، پێویستە هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخی بدات، بەرلەوەی دەست بکات بە وتنەوەی وانەکەی، چونکە ئەگەر وانەکەشی بڵێتەوە هیچ سودێکی بۆ ئەو خوێندکارە نابێت، ئەویش لە ڕێگەی شوازی یاریکردن یاخود چەندین شێوازی نوێ تاقیبکاتەوە بۆ ئەوەی خوێندکاران دەروونیان ئارام بێت".

 

"هەستی باوەڕبەخۆبوون گرنگە لای خوێندکاران دروست بکرێت"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، خوێندکاران بەتایبەت ئەوانەی لە تەمەنێکی کەمدان ناتوانن تەواوی وانەکە گوێ بگرن و بابەتی تازە فێر ببن، لەم حاڵەتەدا پێویستە مامۆستا زوو زوو خەیاڵی خوێندکار بهێنێتەوە ناو وانەکە، ئەویش لە ڕێگای تەکنینی جیاوازەوە وەک یاریکردن پشوودان و گوێگرتن لە گۆرانی منداڵان، بە گرنگە مامۆستا ئاگاداری خولیاکانی خوێندکارەکانی بێت.

 

جگە لەو خاڵانەی باسکران بەسۆز بە گرنگی دەزانێت مامۆستا لەپێناو ئەوەی هەستی باوەڕبەخۆبوون دروست بکات پێویستە هەندێک کات ڕۆڵی خۆی و خوێندکارەکانی پێچەوانە بکاتەوە، لە پاش وتنەوەی وانەکەی دەرفەت بدات بە خووێندکارەکان وانەکە بڵێنەوە یاخود نمرە بۆ یەکتر دابنێن لە پاش تاقیکردنەوەکان بۆ ئەوەی بتوانن باوەڕیان بە خۆیان بێت، ئەمە جگە لەوەی هەستی باوەڕبەخۆبوون دروست دەکات هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی مامۆستاکە دڵنیابێت کە خوێندکارەکان لە بابەتەکە بە تەواوی تێگەیشتوون، هەروەها پێدانی کات بۆ خووێندکاران بەر لەوەی وانەی نوێ بوترێتەوە بۆ ئەوەی خۆیان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن کارێکی باشە و هەستی باوەڕبەخۆبوونی بۆ دروست دەبێت.

 

"خێزان و مامۆستا پێکەوە دەبێت هەوڵی بەرەوپێشبردنی منداڵەکان بدەن"

دەربارەی ئەو منداڵانەی بزێون یاخود ئاستی تێگەیشتنیان خراپە، مامۆستا بەسۆز ڕوونیکردەوە، ئەوانەی ئاستیان نزمە و ناتوانن نمرەی باش بهێنن، کاتێک ستایشی خوێندکارە زیرەکەکان دەکەیت ئەوان بە خۆیاندا دەچنە، دەبێتە پاڵپشتییەک وایان لێدەکات هەوڵبدەن، یاخود شێوازی گروپات لە ناو پۆلەکاندا زۆر سودی هەیە بۆ ئەو جۆرە خوێندکارانە.

 

خوێندکارەکان لە ژینگە و پەروەردەی جیاوازەوە هاتوون، بۆیە پێویستە مامۆستاکان پەیوەندییان هەبێت لەگەڵ دایک و باوکی منداڵەکان بۆ ئەوەی هەر منداڵێک ئاستی خراپ بوو بتوانن بە هاوکاری هەردوولا ئاستی باش بکەن و ببنە تەواوکەری یەکتر، ئەگەر کەموکورتیەک لە هەر لایەکدا هەبێت هەوڵی چارەسەکردنی بدەن.

 

بوونی سەرزەنشت لەلایەن خێزانەکانەوە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی منداڵەکە باوەڕی بە خۆی نەمێنێت، ئەوەش یەکێکە لە ڕێگا نا تەندروستەکانی پەروەردە، بەسۆز وتیشی: "کاتێک منداڵێک هەڵەیەک دەکات پێویستە بە شێوازی نەرم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت نەک بە سەرزەنشت، هاوار و لێدان چونکە چونکە تاکێک بەرهەمدێت کە بەردەوام دەترسێت و بڕوای بە خۆی نامێنێت".