"کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف بەردەوام لە زیادبووندایە"
ڕێزان شێخ دلێر ڕوونیکردەوە هۆکارەکانی گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان بەردەوام لە زیادبوندایە، لە ئێستادا کوشتنەکان بە چەندین ڕێگەی نوێ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئاڵۆزی کەیسەکانی ژنان لە دادگاکاندا.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- سەرەڕای هەبوونی یاسایی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی خێزانی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، ژنان لە ژێر ناوی شەرەفدا دەکوژرێن یان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، نەبوونی ئامارەکانی توندوتیژی کە لە ساڵی ٢٠٢١دا هیچ ئامارێکی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان نەخراوەتە ڕوو بە ئامانجی کەم بوونەوەی حاڵەتەکان بەڵام زیادیان کردووە، ڕۆژانەش لە ڕێگەی میدیاکانی باشووری کوردستانەوە هەواڵی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا دەبیستین.
کوشتنی ژنان بە گوماناوی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، هۆکار و شێوازە نوێکانی کوشتنی ژنان بەردەوام زیاد دەکات، کوشتنەکان لە ژێر ناوی شەرەف، کێشەی کۆمەڵایەتی، نەخۆشییە دەروونییەکان و چەندین هۆکاری ناڕاستی دییکە تاوانەکان پەردەپۆش دەکەن، هەبوونی ئەم بارودۆخەی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری.
بە پێی ئەو ئامارانەی دەست ئاژانسی نوژنها کەوتووە توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٤دا بەم شێوەیە بووە، هەولێر ٣ حاڵەتی گیان لەدەستدان، کەلار ٢ حاڵەت، ئاکرێ ١، دهۆک ١، ڕاپەڕین ١ و هەڵەبجە ١ حاڵەت.
"هەبوونی یاساکان نەبوونەتە ڕێگر لە بەردەم کوشتنی ژناندا"
ڕێزان شێخ دلێر، چالاکوانی مافی ژنان، باس لەوە دەکات، سەرەڕای هەبوونی یاسایی تایبەت بە ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بەردەوام ڕێژەی کوشتنی ژنان لە بەرزبوونەوەدایە، هەبوونی ئەو یاسایانەی بە سزای توندی تاوانبار داکۆکی لە مافی کوژراو دەکات نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم ئەو خێزانانەی ژنان بە شەرەفی خۆیان دەزانن، دەڵێت: بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگە و خێزانەکان ئاستی هۆشیاریان نەگەیشتۆتە ئەوەی ژنان بە شەرەفی خۆیان نەزانن، لەژێر ناوی شەرەف ژنان دەکوژن بە بێ گوێدان بە هەبوونی یاسایەکی تایبەت بەو پرسە، ئەمەش وایکردووە تاوانباران سڵ نەکەنەوە و ژنان بەردەوام ڕووبەڕووی کوشتن دەبنەوە، قبوڵ نەکردنی کارێک یان هەڵسوکەوتێکی ژنان لە لایەن کۆمەڵگەیەک سەر بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری کوشتنی ئێمەی ژنان لێ دەکەوێتەوە.
ڕێزان شێخ دلێر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە هۆکاری هەبوونی زۆری کوشتنی ژنان و جیاوازی و هاتنە ناوەوەی شێوازی جیاوازی کوشتنەکان بڕیاردانی داگاکان ئاڵۆز بووە، کوشتنەکانی ژنان بە شێوازێک ئەنجام دەدرێت دادگاکان لە دۆزینەوەی تاوانباران ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە، جگە لەوەش نەبوونی بەڵگەیەک لە دادگاکاندا دۆسیەکە دادەخات لە کاتێکدا پرسەکە کوشتنی ژنێک بێت و بە شارەزایانە ئەنجامدرابێت بۆ ئەوەی تاوانبار بەڵگە نەدات بە دەستەوە.
"ڕانەگەیاندنی ئامارەکان حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان کەمناکاتەوە"
ڕێزانی شێخ دلێر، ئاماژەی بەوەکرد، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە ئەرکی کاروباری کۆمەڵایەتی و لایەنە پەیوەندی دارەکانە، بە پێویستی دەزانێت لە ڕێگەی حکومەت و لایانەی پەیوەندیدارەکانەوە هاوڵاتیان لە مافە ڕەواکانی ژنان ئاگادار بکرێنەوە، سزاکان توندتر بکرێت و لێکۆڵینەوەی زیاتر لە کەیسەکانی ژنان بکرێت.
هەروەها جەختی لەوەکردەوە، هەبوونی ئامارەکان ڕاستیی ڕووداوەکان دەردەخەن، پێش ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەبەرایەتی ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی خێزانی ساڵانە کوشتنتی ژنان و هۆکاری کوشتنی ژنانی دەخستە ڕوو، بەڵا لە ئێستادا هەوڵی شاردنەوەی ئامارەکان دەدەن، وتیشی: نەبوونی ئامارەکان کوشتنی ژنان بە شاراوەی ناهێڵێتەوە، کاتێک ژنان لە ڕۆژێک یان هەفتەیەکدا دەکوژرێت دەگوازرێتەوە بۆ هاوڵاتیان لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و میدیاکانەوە، دەست خستنی ئامارەکان ئەرکی حکومەتە نەک کۆکردنەوەی لە لایەن چالاکوان و داکۆکیکاران لە مافی ژنان.
لە کۆتاییدا، وتی: داکۆکیکردن لە کوشتنی ژنان ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، پێویستە حکومەت و لایەنەکان هەوڵی بەدەستهێنانی مافی ژنان بدەن، ئەوەش لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوە و توندکردنی سزادانی تاوانباران، هەروەها ئامادەکردنی ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە لایەن حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە نەک کەسانی داکۆکی کار و میدیاکاران، چونکە لە ئێستادا ئەوەندەی بەشێک لە میدیاکان و چالاکوانان لە خەمی مافی ژنان و کۆکردنەوەی ئامارەکاندان لایەنی پەیوەندیدار ئەو ئەرکەی نەگرتۆتە ئەستۆ.