ناسک واحید: کەمە دەستکەوتەکانی ژنان نابێت ببێتە هۆی وەستاندنیان لە تێکۆشانەکانیان

سەرەڕای ئامانج و بنەمای ٨ی ئادار بۆ ژنان، توندوتیژی و پێشێلکارییەکانیش بۆ مافی ژنان هەن، بەڵام ئەمانە نەبوونەتە ڕێگر و ژنان بەردەوام تێکۆشان دەکەن، چالاکوانێکیش دەڵێت گرنگە لەسەر ئەو هێزەش بمێننەوە لە پێناو دەستکەوتی زیاتر.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، هەنگاوێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و لە ناویاندا پیاوان، هەندێک لە ژنەکانیش بەهۆی خێزان و ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین تا ئێستا هۆشیار نەبوونەتەوە دەربارەی کەیسەکانی ژنان و ئەو مافانەی هەیانە، بۆیە ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان.

 

یاخود زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، جێبەجێنەکردنی یاسا وەک خۆی لەسەر کەیسی مافەکانی ژنان، بەزۆر بەشوودانی کچ لە باشووری کوردستان وایکرد ساڵانە هۆشیارییەکان کەم ببنەوە و توندوتیژییەکان بەرەو زیاتر بڕۆن، بە جۆرێک ٨ی ئاداریش کاریگەری تەواوەتی نەکاتە سەر بەرەوپێشچوونی ژنان.

 

"پێویستە ژنان لە زمانی خۆیانەوە پێناسەی خۆیان بکەن"

ناسک واحید، بەرپرسی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ و ڕاهێنەری دەروونی، لە پاش پیرۆزبایی کردنی بۆ ٨ی ئادار ڕۆژی ژنان لە جیهاندا ئاماژەی بەوەدا، لە مێژووی ٨ی ئاداردا کۆمەڵێک ژن تێکۆشانیان کردووە و گیانی خۆیان فیدا کردووە لە پێناو مافەکانیان، بۆیە گرنگە هەموو ژنێک ئەو ڕۆژە بە پیرۆز ببینێت و تیایدا پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستە بکات، بەتایبەت ئەو ژنانەی بوونەتە قوربانی دەست کلتور و ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا.

 

باسی لەوەکرد ئەم ڕۆژە کە دانراوە مانای ئەوە نییە، تەنها یەک ڕۆژ بۆ ژنان پێویست بێت، بەڵام وەک چۆن ڕۆژی دایک و خۆشەویستی و کۆمەڵێک ڕۆژی تر هەیە بە هەمان شێوە ڕۆژی ژنانیش هەیە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم ڕۆژانە گرنگە و لە کۆمەڵگەدا بایەخی خۆی هەیە، چونکە خەباتی ژن لەمانەوە دروست دەبێت و تێکۆشان دەکات، بە گرنگی دەزانێت ژنان خۆیان لە زمانی خۆیانەوە پێناسەی خۆیان بکەن.

 

"هەرچەند هۆشیاری هەبێت بەڵام ژنان پێویستە زیاتر بەدوای ئازادیدا بگەڕێن"

ناسک واحید باسی لەوەکرد، ٨ی ئادار بۆ خۆی کاریگەری لە جیهان و باشووری کوردستانیش دروست کردووە، بەڵام بەشی زۆری کاریگەرییەکان دەکەوێتەوە سەر خودی کەسەکان خۆیان، کاتێک ژنێک هەوڵی ئازادبوون و دەستکەوتنی مافەکانی خۆی نەدات هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت مافی بەدەست بهێنێت، ئازادی شتێک نییە پێت بدرێت، دەبێت هەوڵی بۆ بدەیت، هەمیشە ئەو ژنانەی هۆشیارن و داکۆکی لە مافەکانی خۆیان دەکەن توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، "ئەو ژنانەی دەستەمۆن هیچ کات توندوتیژیان بەرامبەر ناکرێت، چونکە لە بنەڕەتدا مافیان پێنەدراوە و قبوڵی پێشێلکارییەکانیان کردووە".

 

"سیستمی پەروەردە لە خێزان و ناوەندەکانی خوێندنیشدا کاری نەکردووە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و کۆمەڵگە"

ناسک واحید ئاماژەی بەوەدا دوو ڕێگای گرنگ هەن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، ئەوانەش پەروەردە و میدیایە، ڕوونیکردەوە سیستمی پەروەردە لە خوێندنگە و خێزانەکانیشەوە ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت، چونکە پەروەردەیە کولتوور دروست دەکات و سیستمی کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، بۆیە کاتێک لە پەروەردەوە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە بێگوومان کۆمەڵگە بەرەو ئاڕاستەی باشتر و هۆشیاری زیاتر دەڕوات، بۆ ئەوەی چیتر ژنان باجی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو نەدەن.

 

وەک باسی لێوەکرد چەند میدیایەک هەن هەوڵ بۆ ئازادی و هۆشیاری ژن دەدەن لە ڕووی میدیاییەوە، چونکە میدیاکان بەشی زۆریان سەر بە دەسەڵاتن، خودی دەسەڵاتیش سڵ لە هۆشیاری ژن دەکاتەوە، پیاوان و کۆمەڵگەش بە هەمان شێوە، چونکە پێیانوایە بە هۆشیاربوونەوەی ژن دەسەڵاتیان نامێنێت، بەڵام نازانن ئەگەر ژن هۆشیار بێت تەواوی کۆمەڵگە هۆشیار دەبێت.

 

ناسکە واحید گۆڕینی کولتوور بە کارێکی زەحمەت نازانێت، دەڵێت: "هیچ کولتوورێک لە بوونی مۆرڤ خۆی گرنگتر نییە، بۆیە دەکرێت کولتوورەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، مافی ژنانی تیا بەدی بکرێت و بە پێی گۆڕانی سەردەم مافەکانیان بدرێت"، بە گرنگی دەزانێت درێژە بە خەباتی ٨ی ئادار بدرێت و ئەو کەمە دەستکەوتەی ژنان نەبێتە هۆی ساردبوونەوەیان بەڵکو زیاتر هەوڵ بدەن لە پێناو دەستکەوتی زیاتردا.