ژنانی سەیدسادق بێ بەشن لە کاری ڕۆژنامەنووسی

ژنانی ڕۆژنامەنووسی سەیدسادق باس لە دۆخی ژنان دەکەن لە بواری ڕاگەیاندندا و داواکارن ژنانی شارۆچکە و دوورە دەستەکانیش بتوانن لەو بوارە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- دوای تێپەڕینی ١٢٤ ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، بەڵام ژنانی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادق بێ بەشن لە بوونی دەرفەتی کار لە بواری ڕاگەیاندندا، هەروەها ژمارەی ژنانی ڕاگەیاندنکاریشی کەمە.

 

پەیام نەجمەدین، ڕۆژنامەنووس، باس لە دۆخی ژنانی ڕاگەیاندنکار دەکات و هۆکاری کەمی ژمارەی ڕاگەیاندنکاران دەیگەڕێنیتەوە بۆ نەبوونی دەزگای ڕاگەیاندن لە شارۆچکەکە و نەبوونی پشتگیری ماددی و هەلی کار بۆیان.

 

پەیام داوا لە خێزانەکانیش دەکات کە پشتگیری و هاوکاری ئەو ژنانە بن کە خولیای کاری ڕاگەیاندن و بەرەوپێشچوونیان لە بوارەکەدا هەیە، هەروەها بە گرنگی دەزانێت لە ١٢٤ەم ساڵی ڕۆژنامەگەری کوردیدا میدیاکان زیاتر گرنگی بدەن بە ژنانی شارۆچکەکان دەشڵێت: "با ئەو ژنانە دووربن، بەڵام مادام توانایەکی باشی هەیە لە دەزگاکاندا وەربگیرێن و ژنانیش بتوانن کار بکەن".

 

نیگا محەمەد، ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی سەیدسادقە، دەڵێت ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە بواری ڕاگەیاندندا لە سەیدسادق کەمە، چونکە هەلی کاریان نییە و بە ناچاری لە بواری دیکەدا کار دەکەن.

 

دوای تێپەرینی ١٢٤ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا، ڕەخنەی زۆر لە کاری میدیایی دەگیرێت کە بەشێکی زۆری میدیاکان نەیانتوانیوە بوار بە ژنانی لێهاتوو بدەن تا بتوانن بەشداربن لە کاری ڕۆژنامەنووسیدا بە بوارە جیاوازەکانییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ژنی سەرکەوتوو هەیە چەندین ساڵە خەباتی ڕاگەیاندن بەڕێوەدەبەن.