دایکە ئوەیش، دایکی ڕوناکیی

ژن، دایک و لەدایکبوون، سێ بوون و چەمکن دەربارەی واتای ژیان، کە واتای ڕاستەقینەی ژیان و بەرهەڵستی پێناسە دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

هەموو لەدایکبوونێک ژیانەوەیەکی نوێیە، هەر دایک-ژنێک بە منداڵبوون دەبێتە ئافرێنەر، وەک ئەوەیە گەردونێک بوونێکی تر لە خۆی دروستبکات، جیهانێکی نوێ بۆ سروشتی خۆی زیادبکات، بە هەبوون و ئافراندنییەوە دەبێتە واتای بەرخۆدان و هەندێک جاریش بەو جیهانەی لە ڕەحمیدایە هەرچەندە ئێش و ئازارەکەی زۆریش بێت، بەو هێنانە بوونە ژیانەوەیەکی مەزن دروستدەکات.

 

یەکێک لەو دایکانەی، کە بە هەبوونە بەرخۆدێرییەکەی و بە ئیرادە تێکۆشەرانەکەی بێ وەستان لە ڕێپێواندا بووە، واتای دایک، ژن و زاینیی هاوتاکرد، دایکە ئوەیش یاخود ئوەیش ئۆجالانە، کە دایکی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانە.

 

ئوەیش ئۆجالان لە ساڵی ١٩٢٢دا لە گوندی ئامارای ناوچەی خەلفەتیی لە ڕەحا لەدایکبووە، لە تەمەنێکی منداڵدا بوو کە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی دراوسێ گوندیاندا کردووە، دایکە ئوەیش شاهیدی کوشتنی ژنێک بووە لەلایەن هاوژینەکەیەوە، لە دادگادا قسە دەکات و سزای تاوانبار-هاوژینەکەی دایکە ئوەیش دەدرێت، تاوانبارەکە لە زینداندا بەهۆی جەڵدەی دڵەوە دەمرێت، دوای مردنی هاوژینەکەی، دایکە ئوەیش کە تەنها کچێکی دەبێت، دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی، دواتر لەگەڵ عومەر ئۆجالان هاوسەرگیری دەکات و چوار کچ و سێ کوڕی دەبێت، ئوەیش ئۆجالان بە کەسایەتییە یاخییەکەی ناسراوە، لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩دا منداڵێکی کوڕی دەبێت، بەڵام نازانێت ئەو منداڵە دەبێتە ڕێبەری گەلێک و چارەنووسی گەلی کورد دەگۆڕێت.

 

دایکە ئوەیش بە هۆی نەخۆشی شەکرەوە قاچێکی دەبڕدرێتەوە، لە ١١ی نیسانی ١٩٩٣دا بەهۆی جەڵدەی دڵەوە کۆچیی دوایی دەکات و لە گوندی ئامارا کە شوێنی دڵخوازی بوو، دەنێژرێت.

 

"دایکایەتی گوزارشتە لە لەدایکبوون"

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی دایکیدا دەڵێت: ئەو ژنەی کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان کردووە بە لایەنی ئەرێنی یان نەرێنییەوە دایکی منە، لە کوردستان دۆخێک کە سەرنجی بدەین ڕاستینەی دایکە، دایکایەتی زیاتر گوزارشتە لە لەدایکبوون. ئاسانترین واتای دایکایەتی بەم شێوەیەیە 'تۆ منداڵێکی زۆر بێنە دنیا و نەوەکانت بەردەوامی پێبدە' من لە سەرەتاوە دژی ئەمە بووم و وەڵامی توندی دایکیشم داوەتەوە، وەک دایکێک واز لە هەموو مافەکانی دەهێنێت لە ماڵەوە چونکە منی هێناوەتە دنیاوە، پێم دەوت کە مریشک و جوجکەکانی دەبینیت؟ مریشک بۆ جوجکەکانی چەندە دایکە، تۆش ئەوەندە بۆ من، هەروەها زۆرجاریش هەڵوێستی وەک "لەجیاتی ئەویە منداڵێکی وەهات هەبێت، با هەر نەبێت'م نیشاندەدا، چونکە ئەو دایک بوو منیش منداڵ، منداڵ ناتوانێت بە خواستی خۆی بژی و دایکیش دەیەوێت دایمە لەگەڵ منداڵ بێت کە ئەمە ناکۆکییە.

 

"مافی دایکایەتی تەنها بە تێکۆشانێکی بێهاوتا دەدرێتەوە"

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە هەڵسەنگاندنەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە کە دایکی کاریگەری زۆری لەسەر ژیان و تێکۆشانی هەبووە، دەشڵێت: "مافی دایکایەتی تەنها بە تێکۆشانێکی بێ وێنە دەتوانرێت بدرێتەوە، بۆ دایکێک ماف بەو شێوەیە دەدرێتەوە، بۆ ژنێک چۆن پەیوەندییەک نیشان بدرێت؟، ئێمە لە ڕێگەی شیکردنەوەی ئازادیی ژنانەوە نیشانمانداوە، دەتوانرێت بەم شێوەیە وەڵامی دایک بدرێتەوە، پێویستی بە پێشکەشکردنی دیارییەکی بچوک نییە، بەڕای من شیکردنەوەی ئازادیی ژن گەورەترین ڕێزە بۆ دایک.

 

ت.پ