دایکانی گیانفیدایان: با بازنەیەک لە دەوری یەپەژە دروست بکەین
دایکانی گیانفیدایان کە پشتیوانی خۆیان بۆ یەپەژە دووپاتکردەوە، دەڵێن: با بازنەیەک لە دەوری یەپەژە پێکبهێنین.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە-پلاتفۆڕمی چالاکی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، ٢٦ی نیسان هەڵمەتێکی بۆ پشتیوانی لە یەپەژە دەستپێکرد، ئەم هەڵمەتە بەخێرایی بە زۆرێک لە وڵات و ناوچەکانی جیهاندا بڵاوبووەوە و بە بەشداریی چالاکوانان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان فراوانتر بوو، هەروەها ئامانج لەم هەڵمەتە ئەوەیە کە یەپەژە وەک هێزێکی فەرمی پاراستنی ژنان بناسرێت و جێگەی خۆی لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری سووریادا مسۆگەر بکات.
لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، دایکانی گیانفیدایان پشتیوانی خۆیان بۆ یەپەژە دووپاتکردەوە و سەرنجیان بۆ گرنگی بوونی یەپەژە لە پاراستنی ماف و ناسنامە و دەستکەوتەکانی ژنان ڕاکێشا.
هەدلە عەبید وەهاب: یەپەژە تەنها هێزێکی بەرگری نییە، فەلسەفەیەکیشە
هەدلە عەبید وەهاب هاوژنیی ئەو شەڕڤانەیە بە ناوی سەرحەد تل تەمر، ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی یەپەژە لەناو وەزارەتی بەرگری گرنگە بۆ داهاتووی ژنان، یەپەژە تەنها هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکە ئامانجی گۆڕانکاری و گۆڕینی کۆمەڵگە، وتی: یەپەژە لە هەموو شوێنێک ژنانی پاراستووە، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی، هەموو ژنان چ کورد، عەرەب، سریانی یان ئێزدی، لەژێر پاراستنی ئەودا بوون.
دووپاتیکردەوە، ژنان ناسنامەی خۆیان لە یەپەژەدا دەبیننەوە و وتی: هەر هێزێک یەپەژە نەگرێتەوە ناتوانێت بەڕاستی ژنان بپارێزێت.
داواکاری بۆ دانپێدانانی یەپەژە لە سیستەمی سووریادا
هەدلە عەبید وەهاب جەختی لە گرنگی دانپێدانانی فەرمی یەپەژە لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگری سووریا کردەوە،
بە وتەی ئەو، ئەم هەنگاوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ قبوڵکردنی هەموو ژنان و پتەوترکردنی زەمینە بۆ ئەوەی بە ئازادی و بە ناسنامەی خۆیانەوە بژین.
هەیفا محەمەد: یەپەژە ڕۆڵێکی مێژوویی لە دژی داعش گێڕاوە
هەیفا محەمەد، دایکی گیانفیدا دەلیل جودی و خەڵکی شاری حەسەکەیە، ئاماژەی بەوەکرد، کە یەپەژە ئەو هێزە بوو کە لە بەرامبەر هێرشەکانی داعشدا وەستایەوە و بە فیداکاریی خۆی کۆمەڵگە و جیهانی لە مەترسی تیرۆر پاراست، وتی: لە ساڵی ٢٠١١ـەوە هێرشێکی زۆر کراوەتە سەر ناوچەکە، بەڵام یەپەژە بە ئیرادەی خۆی توانی ڕێگری لەو هێرشانە بکات و ڕۆڵێکی پێشەنگ لە پاراستندا بگێڕێت.
دەستکەوتەکانی ژنان بە خەباتی یەپەژە بەدەست هاتوون
هەیفا محەمەد سەرنجی بۆ ڕۆڵی یەپەژە لە گەشەپێدانی ژنان ڕاکێشا و وتی: ئەمڕۆ ژنان گەیشتوونەتە ئاستێک کە بتوانن ئازادانە بیروڕای خۆیان دەرببڕن و بڕیار بدەن و بەشداری بکەن لە چارەسەرکردنی کێشەکان، هەموو ئەم دەستکەوتانە بە زەحمەت و بەرخۆدان و خەباتی یەپەژە بەدەست هاتوون.
"هەرکەسێک یەپەژە قبوڵ نەکات، ژن قبوڵ ناکات"
هەیفا محەمەد ڕوونیکردەوە، کە دژایەتی یەپەژە لە ڕاستیدا دژی ماف و بوونی ژنانە و وتی: ئەوەی یەپەژە قبوڵ نەکات ژن قبوڵ ناکات، ئەوان دەیانەوێت ڕێگای دەستکەوت و ئیرادەی ژنان بگرن، بەڵام یەپەژە بە خەباتی خۆی سیاسەتی سەد ساڵەی کۆیلەکردن و بەرتەسککردنەوەی ژنانی تێکشکاندووە، یەپەژە هێزێکی پاراستنە، فەلسەفە و سیمبولی گۆڕانکارییە.
لە دەوری یەپەژە ببن بە بازنەی هێز و پشتیوانی
لە کۆتایی قسەکانیدا هەیفا پشتیوانی خۆی بۆ یەپەژە دووپاتکردەوە و وتی: ئێمە تا کۆتایی لە پشت هێزی خۆمانەوە وەستاوین، کچەکانمان چەکیان هەڵگرت بۆ پاراستنی ئەم خاکە و پاراستنی کۆمەڵگە، ئەگەر یەپەژە قبوڵ نەکرێت، نەک تەنها داهاتووی ژنانی سووریا، بەڵکو داهاتووی هەموو ژنانی جیهان ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە، داوا لە هەموو ژنان دەکەین بازنەیەک لە دەوری یەپەژە دروست بکەن و پشتیوانی لێبکەن.