داوای دایکێک لە غەززەوە: ژیانی کۆرپەکانمان زیاتر مەخەنە مەترسییەوە

سەدا رەنتێسی،دایکێک لەغەززە دەربارەی ساتەکانی گیان لەدەستدانی کۆرپە تەمەن ٣٤ ڕۆژەکەی دەڵێت: من منداڵەکەمم گرت بەڵام هەناسەی نەدەدا، بە هەموو هێزمەوە هاوارم کرد، هەوڵمدا گوێم لە لێدانی دڵی بێت، بەڵام دڵی لێینەدەدا.

 ڕەفیف ئیسلیم

 

 غەززە – لە غەززە کە زیاتر لە ساڵێکە هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامە، هەموو ژنێک چیرۆکێکی هەیە، ئەو ژنانەی کە کەسوکاریان لەدەستدا، ئەو ژنانەی سەرەڕای هێرشی سەخت قورسترین بارگرانی ژیانیان هەڵگرتبوو، هەروەها ئەو ژنانەی کە منداڵەکانیان بە دەستی خۆیان نێژران، سەفا رەنتێسی فەلەستینی یەکێکە لەو ژنانە، کە بەهۆی هێرشەکانەوە ناچاربوو ماڵەکەی بەجێبهێڵێت و لە کامپەکاندا بژی، لە کاتێکدا کامپەکەیان بەر لافاو کەوتبوو، منداڵە تەمەن ٣٥ ڕۆژەکەی بەهۆی سەرماوە لەدەستدا.

 

 بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە سەرەتای زستانی ئەمساڵەوە ٨ منداڵی ساوا بەهۆی سەرماوە لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و سەرجەمیان تەمەنیان لە خوار یەک ساڵەوە بووە.

 

 سەفا رەنتێسی فەلەستینی ساتەکانی لەدەستدانی منداڵە تەمەن ٣٥ ڕۆژەکەی دەگێڕێتەوە.

 

 یەکێک لە کۆرپەکانی بەهۆی سەرمابوونەوە گیانی لەدەستدا

 کۆرپەکە ناوی یوسف کەلوب بووە و لە ٣ی کانوونی دووەم بەهۆی ئەو سەرما و ئاوە زۆرەی کە چووەتە ناو چادرەکەیانەوە گیانی لەدەستداوە،  سەفا رەنتێسی، دایکی یوسف وتی: هەرگیز ساتەکانی ئەو ڕۆژە لەبیر ناکەم، بەو پێیەی چادرەکانمان ژێرئاوکەوتبوون، کۆرپەکەمم خستە لایەک تا بتوانم بچم و سێ منداڵەکەی ترم لە ئاوەکە ڕزگار بکەم، کە گەڕامەوە لای یوسف بینیم لە ئاوەکەدا گیر بووە و هەموو جلەکانی تەڕ بووە، لەسەر زەوی هەڵمگرت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی سەرما مردبوو.

 

"ئەوە بە ئازارترین و سەختترین سات بوو"

 سەفا ڕەنتێسی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە بە ئازارترین سات بوو لە ژیانیدا و وتیشی: ئەوە بە ئازارترین و سەختترین سات بوو لە نێوان شەڕ و ململانێکاندا، من منداڵەکەمم هەڵگرت، بەڵام هەناسەی نەدەدا، بە هەموو توانامەوە هاوارم کرد، هەوڵم دەدا لێدانی دڵی ببیستم، بەڵام دڵی لێی نەدەدا، دەمزانی ئەمە دوا باوەشکردنە، ڕووخساری وەک بەفر و دەست و نینۆکەکانی ڕەش و شین بوون، خوشک و براکانی یوسف هەمیشە دەپرسن بۆچی یوسف ڕۆشت و نەگەڕایەوە، ڕۆژێک دێتەوە لای ئێمە؟  ئەوەندە بەس نییە کە هێرش بکەنە سەرمان و منداڵەکانمان بکوژن، بەڵام لە سەرووی ئەوەشەوە سەرماش خەریکە دەمانکوژێت، ئێمە ماڵمان نییە بۆ ئەوەی خۆمان گەرم بکەینەوە و دەرفەت بۆ منداڵەکانمان بڕەخسێنین.

 

 بانگەوازێک بۆ هەموو لایەک

 سەفا ڕەنتێسی ڕایگەیاند هەوا مەترسی لەسەر دانیشتوانی کامپەکە دروست دەکات و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم هەوایانە مەترسی لەسەر ژیانی کامپەکان دروست دەکەن، سەرماش ژیانی کۆرپە دەخاتە زۆرترین مەترسییەوە، داوا لە هەموو ڕێکخراوە جیهانییەکان دەکەین کە جلوبەرگ و پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ منداڵان و خێزانەکان دابین بکەن، هەروەها ئەو شوێنانەی کە کۆچیان بۆ دەکەین دەبێت باش بن بۆ ئەوەی ژیانی کۆرپەکانمان زیاتر نەخەنە مەترسییەوە، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕیش ئازاری میللەت بەردەوام دەبێت، چونکە ماڵ و پێداویستییەکان بۆ ژیان نەماوە.