داواکاری بۆ دانپێدانانی زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا بەردەوامی هەیە

ژنانی گەنجی خوێندکارە کوردەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێن: خوێندن بە زمانی دایکی کلیلی مانەوەو پاراستنی ناسنامەیانە، داوای دانپێدانانی فەرمی بە زمانی کوردی لە دەستووری نوێی سووریا دەکەن.

سارا عەگید

 

ناوەندی هەواڵ-سیاسەتەکانی حکومەتی کاتی سووریا بریتییە لە پەراوێزخستنی زمانی کوردی لە پەروەردە و کارگێڕیدا، تێکەڵکردنی بە سیستەمێکی یەکپارچە و سەپاندنی سیاسەتی ئاسمیلەکردن و سڕینەوەی ناسنامە، هاوکات گفتوگۆکان لە دەوری ئەم پرسە چڕتر دەبنەوە، چونکە ئەم سیاسەتانە نیگەرانی بەرفراوان لەناو بازنەکانی کولتووری و مافی مرۆڤی کورددا دەوروژێنن.

 

ڕۆدین محەمەد، خوێندکاری بەشی زمان و ئەدەبی کوردی و دەرچووی زانکۆی کۆبانێ و لاڤین موراد، خوێندکاری پۆلی دوانزەی بنەڕەتی خەڵکی قامیشلۆی ڕۆژئاوا، هەردووکیان جەخت لەسەر گرنگی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەی خوێندن بە زمانی دایک بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردی دەکەنەوە، کە بەهۆی ئاسمیلەکردنەوە مەترسی لەسەرە.

 

"زمانی کوردی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی قووڵ و کۆنی هەیە"

ڕۆدین محەمەد ڕوونی کردەوە، پەروەردەی زمانی دایک لە کاتی منداڵیدا بناغەی گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە پێکدەهێنن، وتی: کاتێک منداڵان لە خوێندنگە خوێندن بە زمانی دایکی وەردەگرن، خێراتر لە چەمکەکانی پەیوەست بە کۆمەڵگە و ژیان تێدەگەن و دەتوانن ئەو چەمکانە بە ئاسانی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاربهێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکردەوە، پەروەردەی زمانی دایک تەنها ئامرازێکی پەیوەندی نییە، کانییەکە بۆ هزر و کولتوور و ئەدەبیاتی کۆمەڵایەتی، لە ڕێگەی ئەم کانییەوە زمان و ئەدەب لە نەوەکانی پێشووەوە بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ دەگوازرێتەوە، پردێکی مێژوویی دەوڵەمەندە، بە تایبەت بۆ زمانی کوردی.

 

جەختی لە ڕەسەنایەتی زمانی کوردی کردەوەو وتی: زمانی کوردی لە زمانە بیانییەکانی دیکە کەمتر نییە، لە جوگرافیای کوردستاندا مێژوویەکی دوور و درێژ و دەوڵەمەندی هەیە، هەرچەندە زمانی کوردی بە بەردەوامی ڕووبەڕووی سیاسەتی نکۆلیژردن، وەدەرنان و هەوڵی سڕینەوە بووەتەوە، بەڵام مێژووەکەی لەسەر بنەمای ڕەگ و ڕیشەی قووڵ و دێرین دامەزراوە.

 

سەبارەت بە ئەدەبیاتی منداڵان، ڕۆدین محەمەد ڕوونی کردەوە، هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا ئەم بوارە گرنگییەکی زانستی پێویستی پێنەدراوە، بەڵام ساڵانی ڕابردوو شایەتحاڵی تەواوبوونی چەندین پڕۆژەی توێژینەوە و چاپکردنی پەرتوک تایبەتمەند بووە، بەتایبەتی لە شاری کۆبانێ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک منداڵێک دەچێتە خوێندنگە و بە زمانی دایکی فێری خوێندن ناکرێ، دواتر دەگەڕێتەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی قسەی پێبکات، ئەوە جۆرێک لە دژایەتی دانای و ئەدەبی و زمانەوانی لە مێشکیدا دروست دەکات، ئەم دژایەتییە بەو واتایەیە کە خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی سەرەڕای بەدەستهێنانی هەندێک زانیاری بە زمانەکەیان، بێبەشن لە قووڵایییەکی ڕاستەقینە لە تێگەیشتن لە زمانی دایک.

 

ڕۆدین محەمەد جەختی لەوە کردەوە، کە خوێندکاران هەمیشە ئاواتەخوازی وەرگرتنی خوێندن بە زمانی دایکی بوون، وتی: بەردەوام بووین بە خوێندن، تا ڕادەیەک، بەپێی سیستەمی خوێندنی بەعس، کاتێک لە قۆناغی ناوەندی بووم، شۆڕشی سووریا سەری هەڵدا، ئەوەش دەرفەتێک بوو بۆ ئێمەی کوردیش شۆڕشی خۆمان ئەنجام بدەین، کە بە شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ دەستی پێکرد، هەر لە سەردەمی ئەم شۆڕشەدا بوو کە هەنگاوەکان دەستیان پێکرد بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی، یەکێک لە خەونە گەورەکانم ئەوە بوو کە پەروەردە بە زمانی دایک وەربگرم، بۆ فێربوون و خوێندن تێیدا، ئەم خەونە هاتەدی، هەستێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە مرۆڤ بە زمانی خۆی بخوێنێت و خۆی تێیدا دەرببڕێت، بەتایبەتی بۆ ژنێک کاتێک لە ڕێگەی زمانی دایکەوە خۆی دووپات دەکاتەوە.

 

"ئەوانەی بە زمانەکەیان فێر نابن ناتوانن باسی ناسنامەی خۆیان بکەن"

لاڤین موراد، خوێندکاری پۆلی دوانزە لە قامیشلۆ پێی وایە کەسێک کە بە زمانی دایکی خۆی پەروەردە نەبێ، ناتوانێت باسی شوناس و بوونی خۆی بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، خەباتێکی گەورەمان بۆ زمانی کوردی دەستپێکرد تا بگەینە ئەم ئاستە، بۆ ئەوەی زمانەکەمان نەهێڵرێتەوە، قوربانیدانی شەهیدان و ئەوەی پێشکەشیان کرد لەبیرناکەین بۆ ئەوەی زمانەکەمان بە زمانی عەرەبی و زمانەکانی دیکە لەبیر بکرێت، هەوڵی زۆر هەیە بۆ نەهێشتنی زمانەکەمان، بەڵام تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە فێربوون بە زمانەکەمان، ئێمە لە پۆلی یەکەمەوە تا پۆلی دوانزە بە زمانی خۆمان دەخوێنین، هەروەها قبوڵی ناکەین حکومەتی کاتی سووریا دانپێدانانی زمانەکەمان ڕەتکاتەوە.

 

سەبارەت بە خواستەکانی و داهاتووی زمانی کوردی وتی: دەمانەوێت زمانەکەمان بە فەرمی بناسرێت و بخرێتە ناو دەستووری نوێی سووریاوە، هیوادارین ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکرێن، چونکە نامانەوێت زمانەکەمان لەناو زمانەکانی دیکەدا ون بێت، پێویستە هەموو کەسێک و هەموو خوێندکارێک بتوانێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت و قسە بکات چونکە زمان بوونی ئێمەیە و بناغەی پەرەپێدانی کولتوور و کۆمەڵگەی کوردییە.