دەوڵەتی تورک ئامادەکاری زیاتر بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان دەکات
دەوڵەتی تورک ئامادەکاری زیاتر بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان دەکات و کاروانێکی تری سەربازانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چوونەتە دێرەلوکی سەر بە ئامێدی.
ناوەندی هەواڵ
لە ١٥ی حوزەیرانەوە، دەوڵەتی تورک ژمارەی سەرباز و بنکەو بارەگا سەربازییەکانی لە خاکی باشووری کوردستاندا زیاد کردووەو تا دێت دیمەنی داگیرکاریی زیاتر دەردەکەوێت، لە بەرامبەر ئەمەدا بێدەنگی دەسەڵاتدارانی ناوخۆو جیهانی هەیەو خاکی باشوور بە ئامادەکراوی دەخرێتە دەست دوژمنەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆژنیوز، سەرچاوەیەکی هەرێمی کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، لە ناوچەکانی شەڕ و داگیرکارییەوە لە سنووری ئامێدی و دێرەلوک، زانیاریی نوێی لەگەڵ بەڵگە و وێنە داوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، شەوی ٢٣ی تەمووز، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ١٠٠ سەربازی خۆی بردووەتە سەیتەرەی دێرەلوک، لەوێ دابەزیون و بە پیادەڕەوی بەرەو گەلی ڕەشاڤا ڕۆیشتوون، هەموو سەربازەکان چەکیان پێیە و دیمەنیان گیراوە، لەوێوە چوونەتە ناو سەربازگەکانیان لە ناو خاکی باشووری کوردستان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، شەوانە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، نزیکەی ٢٥ هەتا ٣٥ ئۆتۆمبێلی سەربازیی و تانک و زرێپۆش دەبەنە چەلێ و لەوێوە دەیانبەنە سەرزیرێ، لەوێشەوە دەیاننێرن بۆ ناوچەکانی شەڕ و داگیرکاریی لە ئامێدی و دێرەلوک و شیلادزێ، ئەمەش وادەردەکەوێت کە ئامادەکاری بێت بۆ داگیرکردنی چیای گارە.