چیرۆکی ژنێکی فەڵەستینی کە منداڵەکانی و زێدی خۆی لەدەستدا

خیتام ڕەبیع کە بە ژیانێکی زۆر پڕ لە ئازاردا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی دوای لەدەستدانی منداڵەکانی و نیشتمانەکەی، بەهۆی کۆچ و بۆردوومانەوە، بێ ماڵ و حاڵە.

نەغم کەراجە

 

غەززە - بە دەنگی فڕۆکە و تانک و تۆپ، ئازارەکانی مرۆڤایەتی لە ناخۆشترین وێنەی خۆیدایە لە غەززە، هاوڵاتیان شوێنێکی ئارام نادۆزنەوە، ژن و منداڵ قورسترین بارگرانی لە ئەستۆ دەگرن، لە دۆزەخی شەڕی غەززەدا، ژنێکی فەلەستینی بە ناوی خیتام ڕەبیع لە ماڵێکی وێرانکراودا مایەوە، پاشان لەسەر شەقام مایەوە، بۆ ئەوەی شایەتحاڵی قۆناغی بێکۆتایی ئازار و وێرانکاری بێت.

 

بۆ کوێ ڕادەکەین؟

کاتێک فەرمانی ڕۆیشتن درا، خیتام زۆرباش دەیزانی کە ڕۆشتن بە مانای ڕزگاربوون نییە، وتی: بۆ کوێ بچین؟ دیمەنەکانی قەرەباڵغی لە شاری غەززە بەس بوو بۆ ئەوەی بڕیاری چۆڵکردنی شارەکە جێبەجێ بکرێت، هەرچەندە لە هەموو گۆشەیەکی شەقامەکەدا کاروانی کۆچبەران هەبوون، بەڵام بڕیاری نەڕۆیشتنی دا، نەیدەویست بڕوات، چونکە نەیدەزانی بەرەو کوێ دەڕوات، مردن لە هەموو شوێنێک هەبوو.

 

"دەنگی تەقە وەک دەنگی مردن وابوو"

بەڵام شەڕەکە هیچ بژاردەیەکی بۆ نەهێشتەوە، چونکە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئەو گەڕەکە و شەقامەکان بوونە ڕووخساری ترس، خیتام ڕەبیع وتی: هەوڵمدا لەگەڵ منداڵەکانم لە دەرگای پشتەوەی ماڵەکەوە هەڵبێم، هەناسەمان ڕاگرت و دڵم وەک تەپڵی جەنگ لێیدەدا، خوێنی ناو دەمارەکانم وشک بووەوە، دەنگی تەقە وەک دەنگی مردن وابوو، ئۆتۆمبێلی سەربازی هەموو ئەو کەسانەیان گەمارۆدا کە هەوڵی هەڵهاتنیان دەدا.

 

"منداڵەکانم لەبەرچاوم کوژران"

لە سەرەتای هێرشە زەمینییەکان خیتام لە باکووری غەززەوە کۆچی کرد بۆ ناوەندێکی پەناگە لە پرۆژەی بەیت لاحیە، بەڵام شەڕەکە تەنانەت لەوێشدا نوەستا، لە کاتی هێرشی زەمینی بۆ سەر باکووری غەززە، سێ منداڵەکەی لە ناوەندی پەناگەکەدا لەدەستدا، خیتام بەم جۆرە باسی لە ڕووداوەکە کرد و وتی: منداڵەکانم لەبەرچاوی من کوژران، نەمتوانی دەستیان لێبدەم و دەستیان بگرم، بە خێرایی نێژران، وەک پەیکەرێک وەستابووم و تەنها سەیرم دەکردن، ویستم ماڵئاواییان لێ بکەم، هەریەکەیان ماچ بکەم، بەڵام ئەو مافەیان لێوەرگرتمەوە.

 

  ئایا ئێمە مافی ژیانمان نییە؟

دوای ئەم ڕووداوانە خیتام ڕەبیع لەگەڵ کچەکانیدا گەڕایەوە بۆ ماڵە وێرانەکەی لە باکوور، ماڵەکەی تەنانەت بۆ ماوەیەکی کاتیش نەدەکرا بەکاربهێندرێت، تەنها بۆنی مەرگ و دوکەڵی گولـلە لە گەڕەکەکەیانەوە بەرز دەبووەوە، لەگەڵ زیادبوونی بۆردومانەکان لە باکووری غەززە و بەردەوامبوونی هێرشە زەمینییەکان بۆ سەر گەڕەکەکان، هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی جارێکی دیکە هەڵبێت، وتی: ئێمە ڕۆیشتین، وەک ئەوەی مرۆڤێک لە دۆزەخەوە بچێتە ئاگرەوە، پێمان لەناو دار و بەرددا دەچووە خوارەوە، چاوەکانمان جگە لە تۆز و خۆڵ هیچی تریان نەدەبینی، لە هەموو شوێنێک هاوار دەکرا، ئێستا تەنها شتێک کە دەمەوێت شوێنێکی پارێزراوە بۆ کچەکانم، تەنانەت ئەگەر کچێکی بچووکیش بێت، ئایا ئێمە مافی ژیانمان نییە؟.

 

ئازارەکان نوێ دەبنەوە

ئەو ئازارەی خیتام ڕەبیع تووشی بووە، تەنها جەستەیی نییە، بەڵکو لە دەروونیشیدا ئازاری پێگەشتووە، ئەو لەو کاتەوەی منداڵەکانی لەدەستداوە لەگەڵ کێشەی دەروونیدا دەژی، هەموو ڕۆژێک ئازارەکەی دوو هێندە زیاد دەکات، وتی: ناتوانم بخەوم، هەر جارێک چاوەکانم دادەخەم، دەموچاویان دەبینم، دەنگیان وەک ئەوە وایە کە هێشتا لێرەبن.

 

"قسە ڕاستی ئازار ناگێڕێتەوە"

سەبارەت بە دوا دیمەن کە ناتوانێت لە مێشکی دەربچێت، خیتام وتی: دایکێکم بینی، منداڵە مردووەکەی بەخێوکرد وەک ئەوەی خەوتبێت، نەیتوانی بینێژێت، چونکە دەترسا بمرێت و بە تەنیا جێی بهێڵێت، ئەوەی لەسەر شاشەکان دەیبینیت هیچ نییە، ڕاستییەکە لەوە خراپترە، وشەکان ڕاستی ئازار ناڵێن.