چیرۆکی ئەو ژنەی دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر

چیرۆکی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان ئەگەرچی زۆرن، هەندێکیان بۆ هەتایە بە شاراوەیی دەمێننەوە لە ترسی کۆمەڵگا و ناوزڕاندن، هەندێکیشیان لە سوچێکدا بە نهێنی باس دەکرێن و نە تاوانبار دەستنیشان دەکرێت و نە ئەو کەسەی دەستدرێژی کراوەتە سەر ئامادەیە خۆی ئاشکرا بکات، لێرەدا چیرۆکی ژنێکی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە زاری خۆیەوە دەخەینەڕوو، کە چۆن دەستدرێژی کراوەتە سەر.

ناوەندی هەواڵ

 

چیرۆکەکە لەو کاتەدا دەستپێدەکات کە بڕیاربوو ژنەکە لەگەڵ کەسێکدا کە خۆشی نازانێت بە یار ناوی بهێنێت یاخود نا، لە شارێکی بچوکەوە بۆ دەرەوەی شارەکە بەڕێدەکەون، ئەو ژنە دەڵێت: کاتێک باسیشی دەکەم هەناسەدانم سەخت دەبێت، سەختە بۆ منێک کە هەستم دەکرد هیچ شتێک نامبەزێنێت، هیچ ناتوانێت بێدەنگم بکات، بەڵام ئەوەی ڕوویدا بۆ ژیانم بیرم ناچێتەوە.

 

ژنەکە وەها چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە؛ لە ڕێگەدا دوو پیاو هێرشیان کردە سەرمان و سوکایەتییان پێکردین، دواتر لەگەڵ د.هـ (کوڕەکە) قسەیان کرد و وازیان لێهێناین کە بڕۆین، من بێ خەبەر بووم لەوەی چ ڕێککەوتنێکیان کردووە، بەڕێکەوتین و خێرایی ئۆتۆمبێلەکە زۆر زیادی کرد، چونکە ئەو دوو پیاوە بە دوامانەوە بوون، ڕێککەوتنەکەش بەو شێوەیە بوو کە دوامان بکەون و لە ڕێگە بمانگرنەوە تا من ئاگاداری ئەوە نەبم چی ڕوودەدات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ژنەکە وتی : ئۆتۆمبێلەکەیان پێڕاگرتین و یەکێک لە پیاوەکان وتی من لێدەخوڕم و دەچینەوە ناو شار، کاتێک گوندێکمان تێپەڕاند بەرەو چیاکە ڕێگەی گرت، لە ترسدا قسەم پێنەدەکرا، پرسیارم کرد ئێمە بۆ کوێ دەچین؟، پیاوەکە کە سوێندی بە گیانی کچەکەی دەخوارد ئیشی بە ئێمە نییە، وتی د.هـ بەڵێنێکی داوە دەبێت جێبەجێی بکات، بەڵێنەکەش ئەوەبوو "ئەو دوو پیاوە بە خواستی خۆیان دەستدرێژی بکەنە سەرم و د.هـ قسەنەکات لەپێناو ئەوەی بەرمان بدەن، کاتێک گەشتینە چیاکە، دوو پیاو بوون، یەکێکیان دەستدرێژی سێکسی کردە سەرم، من نازانم چۆن پێناسەی ئەو پیاوە بکەم کە بە ئەهریمەنیش پێناسە ناکرێت.

 

ژنەکە لە باسی هەستی خۆیدا دەڵێت لەو کاتەدا هەستم کردووە دنیا بەسەرمدا ڕووخاوە، لەوکاتەشی کە پیاوی دووەم هاتووە و وتوویەتی سەرەی منە، تێگەشتم ئازاری جەهەنەم و سوتان چییە، نە گریانم بۆ ده‌هات و نە هەستم هەبوو، مرۆڤێکی سڕ بووم، ڵاڵ ببوو، تەنانەت نەمدەتوانی خۆم بجوڵێنم. لەو کاتەی مەرگم بە چاوی خۆم دەبینی، د.هـ لەبەرامبەرمدا وەستابوو سەیری دەکردم.

 

بۆچی بێدەنگ بوون هەڵدەبژێرێت؟

ژنەکە دەڵێت بێدەنگبوونی من لە ترسی کۆمەڵگا و ئەو چارەڕەشییە بوو کە بەسەر خێزانەکەمدا دەهات، دەمزانی، ڕەنگە خێزانەکەم من نەکوژن، بەڵام دڵنیا بووم ئەو دوو پیاوەیان دەکوشت، هەرچەندە هاوڕێکەم وتی تا کاتت لەبەردەستە قسەبکە و باسی بکە، بەڵام من بێدەنگ بووم، بۆ هەمیشە بۆ ئه‌وه‌ی خانواده‌ و براكانیشم بۆ خاتری من چارەڕەش نەبن، لێرە یاسا هەیە مەگەر؟

 

ژنەکە دەگێڕێتەوە دوای دەستدرێژییە سێکسییە هەفتەیەک دواتر هەمیشە لە خەودا هاواری دەکرد و بە دەنگی پیاوەکان خەبەری دەبێتەوە، براکەشی دەڵێت بۆچی هەمیشە بەو کارەساتە لەخەو ڕادەبیت، بەڵام ژنەکە ناتوانێت ئاماژە بە ڕاستی ڕووداوەکە بکات، هیچ کات سەیری ئاوێنەی نەدەکرد، هەتا ڕۆژێک دەچێتە بەر ئاوێنە و دووبارە خۆی لە ناوەڕاستی دەستدرێژییەکەدا دەبینێتەوە، دوای شەش مانگ بڕیار دەدات سکاڵا تۆمار بکات و قسە لەگەڵ د.هـ دەکات تا بچن و سکاڵا تۆمار بکەن، بەڵام ئەو خۆی لە هەموو شتێک بێبەری دەکات و دەڵێت من لەو کارەدا نەبووم و پشتگوێی دەخات.

 

لە باسی ئەو ڕۆژانەدا ژنەکە بە خراپترین ڕۆژی ژیانی باسی لێوەدەکات و هەموو شەوێک دەکەوتە ناو کابووسی دەستدرێژییەکە، د.هـ"ش بەردەوام لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە خۆشیدا بوو، گاڵتە و سوکایەتیشی بە ژنەکە دەکرد، دوای ساڵێک و نیوێکیش لە هەڵبژاردنی بێدەنگی، دەڵێت: وەک ڕۆژی یەکەم نیم، بەڵام باشتریش نیم.

 

کۆتا قسەکانی ئەو ژنەی دەستدرێژی دەکرێتەسەر، دەڵێت: ئێستا کە خۆشەویستی و ژیانم ون کرد، تەنها شتێک کە بیکەم ئەوەیە ببمە پاڵپشتی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی ئەو ڕووداوانە دەبنەوە، ببمە هێز و لەگەڵیاندا ئەو ڕۆژانە تێپەڕێنم، داواش لە ژنان دەکات کە بە ئاسانی نەکەونە داوی قسە و پیلانەکانەوە.

 

ت.پ