چیرۆکی ئازادکردنی عێراق و بەسەرهاتی ژنێکی کورد لەو کاتەدا

ئەمڕۆ ٩ی نیسانی ٢٠٢١، هەژدە ساڵ بەسەر ئازادکردنی عێراقدا تێپەڕ دەبێت کە لەم ڕۆژەدا و لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە ڕژێمی بەعسی عێراق ڕووخێنرا و پەیکەری سەدام حسێن سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق وێرانکرا.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- لە هەر ڕووداوێکدا چیرۆکگەلێکی جیاواز هەن کە هەر کەس بەجۆرێک لێی ڕوودەدات، هەرکەس بەجۆرێکیش باسی لێوە دەکات، لێرەدا چیرۆکی دڵسۆز محمد کە ژنێکی کوردە و دانیشتووی شاری بەغدای پایتەختی عێراق بووە لە پێش ساڵی ٢٠٠٣وە لەسەر زاری خۆیەوە گوێبیست دەبین.

 

دڵسۆز دەیگێڕێتەوە چەند ڕۆژێک پێش ئازادکردنی عێراق هەموو جارێک عەلی سەحاف وەزیری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بوو لە بەغدا، لێدوانی بۆ ڕاگەیاندنەکان دەدا و باسی لەوە دەکرد هێزەکانی ڕژێم بەغدا دەپارێزن، تا لە ناکاو کارەبای بەغدا هەمووی بەیەکجاری بڕا و ئاسمانی بەغدا یەک پارچە بووە تۆز و دوکەڵ، دڵسۆز دەڵێت لەو کاتەدا نەماندەزانی چی ڕوودەدات، ئایا ڕۆژە یان شەوە.

 

ئەو ژنە کە لە کاتی ‌هێرشەکانی هێزی ئەمریکا و هاوپەیماناندا ڕووبەڕووی ئاوارەبوون بووەتەوە و ناچار بووە بەغدا بەجێبهێڵێت، دەڵێت :" بەرەبەیانی ڕۆژی ٣ی نیسان خزمێکمان هات وتی چی دەکەن دانیشتوون دەبێت لێرە دەرتان بکەین، چونکە سەرتاپای شار بۆردومان دەکرێت و بەغدا ئازاد دەکرێت، منیش خاوەنی دوو کوڕی گەنج بووم، هەوڵم دەدا بە زووترین کات لە بەغدا دەربچێن و ڕزگارمان بێت، پاشان بەرەو مەندەلی بەڕێکەوتین و ماوەی یەک هەفتە لە مەندەلی ماینەوە".

 

دڵسۆز باسی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ بەغدا دەکات و دەڵێت: "پاش ئەوەی هەفتەیەک لە مەندەلی ماینەوە، بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ بەغدا، لە ڕێگەدا لە بەعقوبە لەلایەن خەڵکەوە ڕێگەمان لێگیرا، ویستیان بمانکوژن، بەو کەلوپەلانەی ماڵ و منداڵەکانمان کە پێمان بوو دەیانوت ئێوە تاڵانیتان کردووە، تا لە دواتردا وتیان ئەمانە کوردن و ڕێگەیاندا بگەڕێینەوە ناو بەغدا، دوای ئەوەی هاتینەوە بۆ ماڵەکەمان لە بەغدا، هەمووی تاڵان کرابوو، نە کەلوپەل هەبوو نە کارەبا و ئاو، بۆیە بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ کوردستان و لێرە نیشتەجێ ببین.

 

ڕژیمی بەعسی عێراق لە ٩ی نیسانی ۲۰۰۳دا بە ئۆپەراسیۆنێک بە ناونیشانی ڕزگارکردنەوەی عێراق کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانییەوە، ڕووخێنرا و پەیکەری سەدام حسێنی سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی عێراق شکێندرا و وێرانکرا، لەو کاتەشەوە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی عێراق لە ڕژێمییەوە گۆڕدرا بۆ کۆماری.

 

ت.پ