چی ژنانی گەنجی تونس پاڵدەنێت بۆ خۆکوشتن؟

لەم دواییانەدا سێ ژنی گەنجی تونسی لە سیدی بوزید کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا، ئەمەش دوای زنجیرەیەک ڕووداوی هاوشێوە، هۆکارەکانی چین؟

نەزیهە بوسەعیدی

 

تونس-زیادبوونی ڕێژەی خۆکوشتن لە نێوان ژنانی گەنجی لە تونس دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری ئاڵۆز و تێکەڵاو، لەوانە فشارە کۆمەڵایەتییەکان، قەیرانە ئابوورییەکان، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیای جێگرەوە، توندوتیژی خێزانی و چەندین هۆکاری دیکە.

 

هۆکارە سەریەک کەوتووەکان

تیمی ڕوانگەی کۆمەڵایەتی تونس لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا هەشت کەیسی خۆکوشتنی ژنانیان تۆمارکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زەمینەیەکی گشتی توندوتیژی بەربڵاوی توندوتیژی دژ بە ژنان هەیە تا ئەو ڕادەیەی گەیشتۆتە کوشتن.

 

لە دوایین ڕاپۆرتی کۆڕبەندی مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی تونسدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ٣ هەزار و ٥٠٠ کەیسی خۆکوشتن تۆمار کراوە، بە بێ حسابکردنی کەیسی ڕاپۆرتنەکراوەکان و ڕێژەی ژنانیش لە ٢٩.٦% بووە.

 

ڕێژه ی زۆری خۆکوشتن له نێو ژنانی گەنج و کچانی خوێندنگە دا، پرسیار له سه ڕ هۆکارە بنەڕەتییەکان دروست دەکات. ڕەغدە فەحولە، خوێندکاری ماستەر لە کۆمەڵناسی، باس لەوە دەکات، خۆکوشتنی ژنانی گەنج یەک هۆکاری نییە، بەڵکو چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی پەیوەندیدار بە پەروەردەکردن و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە هەیە.

 

پێی وایە خۆکوشتنی ژنانی گەنج بووەتە دیاردەیەک کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوشتن و بڵاوبوونەوەی، هاوکات لەگەڵ گەڕانی زیاتری دیاردەی کوشتن کە کاریگەری لەسەر ژنان هەیە. خۆکوشتن یان کوشتن لەلایەن کەسێکەوە دیاردەیەکی نائارامکەر و ترسناکە لە تونس کە پێش هەموو شتێک پێویستی بە چارەسەر هەیە، لێکۆڵینەوە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری ڕاستەقینە و زانستی لە پشتەوەیە و بتوانین چارەسەری بکەین. چارەسەرکردن پێویستی بە دەروونناس و کۆمەڵناس هەیە، هەروەها لایەنەکانی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات.

نەجات عەرعاری، کۆمەڵناس ئاماژەی بەوەدا کە هەستکردن بە بێبەشبوونی سۆزداری کە لە ئەنجامی بەرزی ڕێژەی جیابوونەوە و نەبوونی یەکگرتوویی خێزانییەوە دروست دەبێت، جگە لە بڵاوبوونەوەی کولتوورێکی نەرێنی کە لەسەر بنەمای نائومێدی و بێزاری و بێهیوایی دامەزراوە، بەشدارە لە زیادبوونی خۆکوشتنی ژنان، نەک بەرەوپێشبردنی بەهاکانی هاودەنگی و ئەرێنی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەروەها تێبینی بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ئالوودەبوون دەکەین، بەتایبەتی لەنێو خوێندکارانی نێر و مێدا، لەنێو سیستەمێکی پەروەردەیی سترێساوی و بێزارکەردا کە لە ئەنجامی ژمارەی زۆری پۆلەکانەوە سەرچاوەی گرتووە".

هەڕەشەکردن و بێهیوایی

شەیما سەنهاجی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی وتی: ئێمە چەندین کەیسی خۆکوشتنمان لە نێو ژنانی گەنجدا بەدیکردووە، ژمارەکەش ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەڵام بەداخەوە ئەمە ڕاپۆرت ناکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی گەنج لە ترسی پرسی خێزانی خۆیان دەکوژن، کە هاوکات دەچێتە خانەی ژنکوژییەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری سەرەکی پشت خۆکوشتنی ژنانی گەنج، چ لە نێو خوێندکاران یان ژنانی گەنجی تەمەن بیستەکان، دەگەڕێتەوە بۆ پرسی خێزانی یان سەختی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان. لە ئەنجامدا ترس لە کۆمەڵگە یان ڕق لەو دۆخەی کە تێیدا دەژین، هەندێک لە ژنە گەنجەکان پاڵدەنێت بۆ ئەوەی بڕیار بدەن کۆتایی بە ژیانیان بهێنن.

 

جەختی لە پێویستی پێشەنگدان بە گرنگیدانی ژنانی گەنج کردەوە، و گەڕان بەدوای ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی پشتیوانی کۆمەڵایەتی، جگە لە دابینکردنی پسپۆڕانی دەروونی بۆ گوێگرتنیان و چارەسەرکردنی هەستەکانیان لە بێزاریدا. ڕۆڵی کۆمەڵەکانیش زۆر گرنگە لە بەشداریکردن لە کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە و پشتگیریکردنیان بۆ زاڵبوون بەسەر ترس و نائومێدییاندا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، شەیما سەنهاجی، چالاکوان پەیامێکی ئاراستەی هاوڕێ گەنجەکانی کرد کە هەموو پرسەێک لە ژیاندا چارەسەری هەیە، پێویستە ژنانی گەنج هەوڵ بدەن بۆ پەرەپێدانی خۆیان بە پەیوەستبوون بە کۆمەڵە یان پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی ئەرێنی.

 

لینا بن سینوسی، چالاکوان لە کۆمەڵەی دەنگەکانی ژنان ڕوتی: لەم دواییانەدا کەیسی خۆکوشتن لەنێو ژنانی گەنجدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، کاتێکیش بەدواداچوون بۆ هۆکارەکان دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە هەڕەشەیان لێ کراوە، جا چ لە ڕێگەی وێنەوە بێت یان پەیامی هەڕەشەئامێز"، کاتێک خۆیان دەبیننەوە بێ پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی لەناو ململانێی نەوەکاندا ترسیان لە قسەکردن لەگەڵ دایک و باوکیان هەیە، لە کاردانەوەیان دەترسن، بۆیە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.

 

سەبارەت بە کەمکردنەوەی دیاردەکە و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی، ئەو ڕوونیکردەوە، "پێموایە دۆزینەوەی چارەسەر لە سیستەمی پەروەردەوە دەستپێدەکات، دانانی پزیشکێکی دەروونناس لە هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و یاسایی و ڕێنمایی سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسەی کە خەریکی هەڕەشەکردنە.

 

جەختیشی کردەوە کە کەمکردنەوەی دیاردەکە دەبێت لە پەروەردەوە دەستپێبکات، بەو پێیەی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت، دواتر کۆمەڵەکان کە دەتوانن لە ڕێگەی ناوەندەکانی گوێگرتنیانەوە چاودێری کەیسەکان بکەن، هەروەها هۆشیاری بەرزبکەنەوە و هاوڵاتیان بۆ کارەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕابکێشن.

 

بەگشتی توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن کە تێکچوونی دۆخی کۆمەڵایەتی لە تونس لەگەڵ دابەزینی توانای کڕینی هاوڵاتیان، گرژیی دۆخی سیاسی و نەبوونی ئاسۆ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری بەتایبەتی لە نێو دەرچوواندا، بەشداربوون لە کەشوهەوای بێزاری و لەدەستدانی هیوا بۆ داهاتوو. ئەمە وایکردووە زۆرێک لە تاکەکان بڕیاری کارەساتبار وەک خۆکوشتن بدەن.