چالاکوانانی یەمەن: پێویستە ئەزموونی یەپەژە لە وڵاتانی دیکە دووبارە بکرێتەوە

چالاکوانانی یەمەن پشتیوانییان لە بیرۆکەی هەبوونی یەپەژە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و ئاماژەیان بەوەکرد کە ژنانی وڵاتانی دیکە پێویستیان بە یەکەیەکی لەو شێوەیە هەیە.

ڕانیا عەبدوڵا

یەمەن- یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" لە ساڵی ٢٠١٣ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا، هەزاران ژن لە بەکارهێنانی شێوازەکانی چەکدا مەشقیان پێکرابوون و لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ئامادە بوون بۆ ئەوەی کە لە بەرامبەر هەلومەرجی جیاوازی ژیاندا بوەستنەوە، ئاژانسەکەمان تێڕوانینی ژمارەیەک لەچالاکوانانی ژنانی یەمەنی سەبارەت بە یەکینەکانی پاراستنی ژنان و کاریگەریی ئەزموونیان لەسەر ئەوان و وڵاتانی تر وەرگرت.

 

"ئەو یەکینەیە دژی هەموو دیاردەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی کار دەکەن"

چالاکوان ئەمەل سەعید، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە پێویستە ئەزموونی دروستکردنی یەپەژە لە وڵاتانی دیکە دووبارە بکرێتەوە و وتی: "هەرچەندە من دژی بەشداری ژنانم لە شەڕەکاندا، بەڵام پێویستە ژنان یەکەیەکی سەربازی دروست بکەن و خۆیان بپارێزن، ئەم یەکەیە لە دژی هەموو دیاردەکانی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی و دەستدرێژی سێکسی لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە لە سوریا دەکرێت کار دەکات و هەروەها بۆ ئازادی خۆیان تێدەکۆشێت، ئەگەر یەکەی بەرگری بۆ ژنان لە یەمەن دروست بکرێت، ئەوا من بەشدارییان دەکەم".

 

"یەپەژە باشترین نمونەی ئازایەتی و پاراستنی شکۆیە"

ئەروا هەجەر، چالاکوان و بەرپرسی پرۆژەی دەزگای مەسارەت بۆ گەشەپێدانی مرۆیی ئاماژەی بەوەکرد کە ژنانی سوریا چەندین پێشێلکاریان بەرامبەر کراوە و وتی: "زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئەوە نیشان دەدەن کە ژنانی سوریا ئەشکەنجەی جەستەیی و سێکسی و توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، دەستتێوەردانی جدیش لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نەبووەو بێدەنگن، بۆیە یەپەژە بۆ پاراستنی ژنان لەو پێشێلکارییانە دامەزرا، ئەوەی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردوویانە شانازی و بوێرییە بەرگری لەخۆیان بکەن بێ ئەوەی چاوەڕێی پاراستن بن لە کەسانی تر، ئەوان باشترین نموونەی بوێری و پاراستنی شکۆ و خاکەکەیانن".

 

"پێویستە ژنان ئازایانە چەک هەڵگرن و مەشقیان پێبکرێت بۆ پاراستنی خۆیان"

دەروونناس کەریمە ئەلسەمدی ئاماژەی بەوەکرد کە لە شەڕو ململانێدا ژنان باجێکی زۆریان داوە، وتی: "چونکە زۆربەی ژنان دەکرێنە ئامانج بۆیە دەبێت ژنان بە هێز و بوێرییەوە چەکدار بکرێن و مەشقیان پێبکرێت بۆ پاراستنی خۆیان، ئەم ئەزموونە بێهاوتایە ئەگەر پێویست بکات دەبێت لە هەر هەرێم و وڵاتێکدا کە ناکۆکی تێدا ڕوودەدات دووبارە بکرێتەوە".