چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان پیرۆزبایی ساڵێک بەردەوامی نوژنها دەکەن

ساڵێک بەسەر دووبارە دەستبەکار کردنەوەی ئاژانسی هەواڵی ژنهای نوێ(نوژنها) تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا نوژنها کاری لەسەر پرسەکانی ژنان و تێکۆشانی ژنان لەپێناو ئازادی و وەستاندنەوە بە ڕووی زهنیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری کردووە، توانیویەتی جێگای خۆی لەناو ژنانی کۆمەڵگا، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان بکاتەوە و ببێتە دەنگ و ڕەنگی ئازادی ژن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ئاژانسی هەواڵی ژنهای نوێ-نوژنها، ئاژانسێکی تایبەتە بە پرسەکانی ژنان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی ئابوری، کلتوری و بوارە جیاوازەکانی دیکە، بە هەریەک لە زمانەکانی کوردیی (سۆرانی، کورمانجی)، فارسی، عەرەبی، تورکی و ئینگلیزیی لە چوار پارچەی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بابەتەکانی بڵاودەکاتەوە.

 

لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بە هێز و باوەڕییەکی نوێ و بە دەنگی ژنان دەستی بە کارکردەوە، کە ئامانجییەتی زمانی پیاوانە و نێرینەی میدیایی فەرمی بشکێنێت و زۆرتر ھەواڵەکانی ژنان لە پێنووسی ھەواڵنێرانی ژن کۆ و بڵاوبکاتەوە و بە فکری ژنان دەست بۆ پرس و ڕوماڵکردنی ڕووداوەکانی ژنان ببات.

 

ژنانی چالاکوان بۆچوونی خۆیان دەربارەی کارەکانی ژنها دەخەنە ڕوو

لە ماوەی ساڵێک کارکردنی نوژنهادا لە باشوری کوردستان خۆی گەیاندووتە زۆرترین ژن و توانیویەتی ببێتە دەنگی ژنانی توێژە جیاوازەکان، لەسەر پرسەکانی ژنان کاردەکات و چارەسەری بۆ کێشەکان دەدۆزێتەوە، دڵسۆز زەنگەنە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دابین، لە پاش پیرۆزبایی لە ساڵیادی دامەزراندنی ئاژانسەکەمان دەربارەی نوژنها بۆمان دوا: جێگەی دڵخۆشییە کە ئاژانسێک هەبێت تەواو ئەندامانی ژن بن و بتوانن دەست بخەنەسەر پرسی ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و چەندین پرسی دیکەی ژنان، هەروەها هەوڵ بدەن چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، پێویستە ژنان دەستبخەنە سەر کێشەکان و باسی لێوەبکەن، چونکە زیاتر دەتوانن مامەڵە لەگەڵ کێشەی ژنان بکەن و لە ئازاری خودی ژنێک تێبگەن.

 

"نوژنها لە ماوەیەکی کەم توانیویەتی ئەزموونی زۆر پەیدا بکات"

دڵسۆز بە پێویستی دەزانێت نەک تەنها نوژنها بەڵکو کەناڵ و ڕاگەیاندنەکانی دیکە زیاتر کار لەسەر پرسی ژن بکەن و لە ڕێگای میدیاوە بە کۆمەڵگای ئاشنا بکەن، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا نادادپەروەردی هەیە نەک تەنها ژنان مافیان پێنادرێت، بەڵکو پرسی ژنانیش بەهۆی کێشەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە پەکخراون.

 

ئاماژەی بەوەدا نوژنها پێکەوەیی ژنان دەخاتەڕوو، هەوڵ دەدات ژنان پشتیوانی یەکتربن و بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن، دەشڵێت: "لەماوەی یەک ساڵدا ئەتوانم بڵێم ئەزموونی زۆری پەیدا کردووە و چالاکن و توانیویەتی دەست بخاتەسەر بەشی زۆری کێشەکانی ژن".

 

هەروەها پێشنیاری کرد ئاژانسی نوژنها زیاتر گرنگی بدات بەو ژنانەی لە ژێر ناوی شەرەف دەکوژرێن و هەوڵبدات ڕاستی تاوانەکان ئاشکرابکەن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا توانای گەنجان دەربخەن، لە کۆتایشدا وتی: "ئەگەر بەو هێزەی ئێستا نوژنها بەردەوام بێت، دەبێتە یەکەم ئاژانس کە بە کردارانە کار لەسەر پرسی ژن بکات، نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی دەوڵەتانی دیکەش".

 

"نوژنها دەستکەوتێکی گەورەیە لە چوار پارچەی کوردستان"

سەمیرا سەعید ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەدا وەک ڕۆژنامەنوسێک لە چاوەڕوانی ئەوەدایە ساڵ بە ساڵ نوژنها بە ڕەنگی جیاواز خزمەت بە ژنان بکات و پرسی ژن بوروژێنێت، "یەکێکم لەو ڕۆژنامەنوسانەی بەردەوام چاودێری ئاژانسەکە دەکەم و سودی لێوەردەگرم لە ڕێگای هەواڵ و ڕاپۆرتەکانیانەوە، چونکە نوژنها دەنگی ڕاستەقینەی ژنان دەگوازێتەوە هەروەها هەڵقوڵاوی شۆڕشێکی ئازادی و دیموکراتیخوازە، جگە لەمانە ژنانێکی ئازادیخواز بە فکر و قەڵەم و لێهاتووی خۆیان توانیویانە باس لە لایەنە جیاوازەکانی ژنان بکەن لە کۆمەڵەگە جیاوازاکاندا".

 

سەمیرا وەک ڕۆژنامەنووسێک کە چاودێری ئاژانسەکە دەکات دەڵێت: "ژنها لە ماوەی ساڵێک کارکردنیدا توانیویەتی ببێتە دەنگی باکور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، جگە لەمانە بووەتە دەنگی ژنان لە جیهاندا و زمانحاڵی ژنە ئازادیخوازەکان و ئەو ژنانەیە تێکۆشان دەکەن لە پێناو ئازادی ژندا".

 

"بەهۆی سیستمی سەرمایەدارییەوە ژنان سەرکوت کراون"

"لە کۆنەوە تا ئێستا پێشکەوتنی کۆمەڵگا و ژیان لە ڕووی پەروەردەیی، کشتوکاڵ و هەرشتێکی دیکە لەلایەن ژنەوە ئاڕاستەکراوە، بەڵام سیستمی سەرمایەداری خۆی کردووە بە خاوەنی گشت لەو دەستکەوتانەی ژن و لە نێویاندا ژنانیان سەرکوت کردووە، بۆیە لە بەرامبەردا شۆڕشێکی فکری بۆ ئازادی ژن بنیادنراوە بەو هۆیەشەوە ئاژانسێکی تایبەت بە ژنان دامەزراوە و تیایدا کار بۆ ئازادبوونی ژنان دەکات" سەمیرا وای وت.

 

سەبارەت بە میدیاکان ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: زۆرینەی کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کەوتوونەتە ژێر کاریگەری سیستمی دەسەڵاتداری و دژی ئازادی ژن کاردەکەن، لەپێناو بەکاڵابوونی ژندا هەوڵدەدەن، بەڵام نوژنها وەک بەربەستێک وایە و پێچەوانەی ئاڕاستەی ئەو دەزگایانەیە کە هۆکارن بۆ لەناوچوونی فکری ئازادی ژن، هەوڵی داوە ژنان بکاتە پێشەنگ و بووەتە وەڵامێک لە بەرامبەر ڕاگەیاندنەکانی دیکەی باشووری کوردستاندا".

 

"نوژنها تەنها خزمەت بە لایەنێک ناکات"

سەیوان ڕۆستەم، سەرنوسەری ڕۆژنامەی ژیانەوە، دەربارەی کار و چالاکییەکانی نوژنها باسی لەوەکرد کە تەنها خزمەت بە لایەک ناکات، بەڵکو ژنان لە هەموو شوێنێکدا بەسەردەکاتەوە، وەک "شار، لادێ، ژنانی سیاسەتمەندار، ژنانی خوێندەوار و نەخوێندەوار"، سەرەڕای بابەت و ڕاپۆرتی تایبەت هەستاوە بە گواستنەوەی چالاکی کۆمەڵگا بە گشتی و ژنان بە تایبەت.

 

سەیوان وەک ڕۆژنامەنوسێکی بە ئەزموون دەڵێت کە هێندەی ژنان ڕووبەڕووی کێشە و توانجەکانی کۆمەڵگا دەبنەوە لەوکاتەی دەستدەکەن بە کاری ڕاگەیاندن هێندە پیاوان ڕووبەڕووی نابنەوە، باسی لەوەشکرد لە نێوان هەموو ڕاگەیاندنەکاندا ڕاگەیاندنی تایبەت بە ژن قورسە، چونکە بەرامبەر بە فکری کۆمەڵگایەک دەوەستیتەوە کە ئازادی ژنی قبوڵ نییە.

 

ژنێک دەتوانێت لە ئازار و کێشەی ژنێکی دیکە تێبگات

سەیوان دەڵێت: "کاتێک ژنێکی ڕۆژنامەنووس باس لە کێشەی ژن دەکات لە کۆمەڵگەدا دەتوانێت باشتر ئازارەکانی بگەیەنێت، چونکە لە ئازارەکانی تێدەگات بۆیە هێندەی بە سودە ژنان کار لەسەر پرسی ژن بکەن بۆ پیاوان بەو جۆرە نییە".

 

وتیشی "ڕاگەیاندن ڕەنگدانەوەی پەیامی ژنانە بۆیە گرنگە ڕاگەیاندنی تایبەت بە ژنان هەبێت و بیەوێت بە ڕێگایەکی تەندروست هەوڵی باشترکردنی دۆخی ژنان بدات".

 

ت.پ