ڕێبیکا: پێوسیتە هەموو ڕۆژێک هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتی بدرێت

لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا ڕێبیکا داولین ئەندامی ڕێکخراوی CPT، باسی لە گرنگی پێکەوەیی و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی کرد و جەختی لەوە کردەوە پێویستە سەرجەم وڵاتان هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتی بدەن.

لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا ڕێبیکا داولین ئەندامی ڕێکخراوی CPT، باسی لە گرنگی پێکەوەیی و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی کرد و جەختی لەوە کردەوە پێویستە سەرجەم وڵاتان هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتی بدەن.

سلێمانی

 ڕێکخراوی CPT، تیمه‌کانی بنیاتنه‌ری ئاشتی مەسیحی هه‌وڵی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌دات كه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگاو تاكه‌كاندايه‌ كه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن له‌ دژی توندوتيژی و سته‌مكاری و هه‌وڵی هێنانه‌ ئارای كۆمه‌ڵگايه‌كی ئازاد دەدەن و هاوبه‌شی دەکەن له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ كورديه‌كان و نێوده‌وڵه‌تيه‌كان و ڕۆژنامه‌نوسان وچالاكوانانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، هە‌روەها كارده‌كه‌ن له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبيری كۆمه‌ڵگای كوردی سه‌باره‌ت به‌پرسی مافی مرۆڤی دانيشتوانی كوردستانی عێڕاق.

ڕێبیکا داولین ئەندامی ڕیکخراوی CPT، لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا دەربارەی  بوونی ئاشتی لە جیهاندا بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی هەروەها هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و کارکردنیان لە کوردستان  بۆ ئاژانسی ژنها قسەیکرد.

 

" باوەڕمان وایە دەبێت هەموو ڕۆژێک کار بۆ ئاشتی بکرێت "

ڕێبیکا داولین دەربارەی کارکردنیان لە ڕۆژی جیهانی ئاشتی لە کوردستان بەم شێوەیە باسی کرد: " ئێمە باوەڕمان وایە کە نەک تەنها ڕۆژێک دەبێت هەموو ڕۆژێک کار بۆ ئاشتی بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ دەرفەتێکی باشە بۆ هەموو خەڵکی و وڵاتان لە سەرانسەری جیهاندا، دەست بە بیرکردنەوە بکەن لەدروستکردنی ڕێگاکان بۆ گەڕان بەدوای بەدەستهینانی ئاشتی".

 

" لەگەڵ کەسانی ئاشتیخوازدا کاردەکەین "

دەربارەی ئەرکەکانی ڕێکخراوەکەیان  لە کوردستان ڕێبیکا ئاماژەی بەوەدا: " ئەرکی ڕێکخراوەکەمان دروستکردنی پەیوەندییەکانە کە توندوتیژیی و سەرکوتکردنەکان بگۆڕێت، بۆیە لەگەڵ کەسانی ئاشتیخوازی ناوچەکەدا کاردەکەین بۆئەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژی و سەرکوتکردنەکان ببینەوە".

هەروەها بەردەوامی بە قسەکانیدا و وتی: " کاری ئێمە لەگەڵ کەسانی ئاشتیخوازدا جەختکردنەوەیە  لە دروستکردنی گۆڕانکاری و گەیاندن و بەرزکردنەوەی دەنگی کەسانی ئاشتیخواز، بۆ ئەوەی لە ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بارودۆخی راستی خەڵکی لەبەرچاو بگیرێت و گوێ لە چیرۆکە ڕاستەقینەکانی خەڵکی بگیرێت لەو بارودۆخەی تیایدان".

وتیشی: " ئێمە خزمەتی مافی مرۆڤ دەکەین و ڕاپۆرت دەنوسین و باسی بارودۆخەکانی ئێرە بۆ کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دەکەین، هەروەها ئەوەی بەرامبەر پرسی مافی مرۆڤ دەکرێت لە کوردستان".

هەروەها ڕێبیکا لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد دروستکردنی هاوخەمی تۆڕی لاوەکی بۆ ئەوەی خەڵک پێکەوە کاربکەن، دەتوانێت مانایەک بە بوونی گۆڕانکاری ببەخشێت، وا بیردەکەنەوە هەر تاکێک دەتوانێت کار بۆ ئاشتی بکات بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی پێویستمان بەوەیە بەیەکەوە کاربکەین.

 

" پێویستە سەرجەم نەتەوەکانی جیهان هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتی بدەن "

ڕێبیکا دەربارەی ئاشتی لە وڵاتانی جیهاندا ئاماژەی بەوەدا: "پێم وایە هەر دەوڵەتێک لە سەرتاسەری جیهان پێویستە هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتی بدات، هەندێک لە وڵاتان هەتا ئێستا بارەگاو هێزی سەربازی پێکدەهێنن و پشتگیری دروستکردنی چەک دەکەن و دەیفرۆشنەوە، لە کاتێکدا بە شێوازی ئامادەکاری بۆ جەنگ و ئاشتی پێکەوە ناتوانرێت ئاشتی بەدەست بهێنرێت."

 

" بە پێکەوەبوون دەتوانین ئاشتی بەدەستبهێنین "

دەربارەی هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتی لە کوردستان، ڕێبیکا بەم شێوەیە باسی لە بۆچوونی خۆی کرد: "پێموایە گرنگترین شت بوونی پەیوەندییەکی بەهێز و پێکەوە کارکردنە، بە پێکەوە بوون و پشتگیری کردنی یەکتر دەتوانین ئاشتی و دادپەروەری بەدەستبهێنین، بۆ ئەوەی بتوانین بیر لە چارەسەر بکەینەوە بۆ توندوتیژییەکان پێویستە بەردەوام لە هەوڵی فێربووندا بین."

 

" هەرێمی کوردستان ساڵانێکیان لە جەنگ و نائارامی بەسەربردووە "

دەربارەی بارودۆخی کوردستان و ساڵانی پڕ لە جەنگ و ململانیی ناوچەکە، ڕێبیکا بەم شێوەیە باسی کرد: "پێم وایە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەزموونیان هەیە لە توندوتیژی ساڵانی پڕ لە شەڕدا کە خەڵکی ساڵانێکی زۆریان تیا بەسەربردووە وەک: جینۆسایدی ئەنفال."

ڕێبیکا باسی لەوەش کرد بەشێکی تر لە ئەرکەکانی ڕێکخراوەکەیان پشتگیری کردنی چالاکوانەکانی ئاشتییە لە هەرێمی کوردستان کە هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتییان داوە، هەروەها لە کۆتیاییدا هیوای خواست کە بە کارکردن و پێکەوەیی بوون بتوانرێت ئاشتی و ئارامی بەدەستبهێنن.