بوونی ژنان کاری کۆمەڵایەتی لە سوەیدا دادەڕێژێتەوە

لە قۆناغی ئێستادا، بەشداریکردنی ژنان و کچانی گەنج لە لیژنە و دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکانی پارێزگای سوەیدا زیادی کردووە؛ بە شێوەیەک کە ڕۆڵی پاراستن، بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی هاودەنگی کۆمەڵگەیان گرتووەتە ئەستۆ.

ڕۆشێل جونیور

سوەیدا-شاری سوەیدا لە سووریا دوای کۆمەڵکوژییەکانی مانگی تەمووزی ٢٠٢٥ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، کە کاریگەری لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی گشتی هەبوو، لە دیارترینی ئەم گۆڕانکاریانەدا زیادبوونی بوونی ژنان بوو لە کاروباری ناوخۆییدا، ئەنجومەنە ناوخۆییەکان و لیژنەکانی گەڕەکەکان ڕێژەیەکی بێ وێنەی بەشداری ژنانیان تۆمارکردووە، کە لە هەندێک ناوچەدا نیوەی ئەندامێتی زیاتری کردووە.

 

ئەم ئامادەبوونە سەرنجڕاکێشە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە زۆرێک لە گەنجان بەرپرسیارێتی پاراستنی سوەیدا و ناوچەکانی دەوروبەرییان لە ئەستۆ گرت، ئەمەش وایکرد ژنان بەرپرسیارێتی زیاتر لەناو کۆمەڵگەی ناوخۆییدا هەڵبگرن و چالاکانە بەشداری لە بەڕێوەبردنی کاروباری خزمەتگوزاری و مرۆیی و ڕێکخراوەییدا بکەن، ئەم ڕۆڵە بەشداری کرد لە بەهێزکردنی چەمکی هاوبەشی کۆمەڵایەتی و هاودەنگی لە نێوان دانیشتووانی شارەکەدا، توانای ژنانی دووپاتکردەوە بۆ بەشداریکردن لە پێشەنگی دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان و بڕیاردان لە کاتی بارودۆخی ناوازەدا.

 

ئامادەبوونی بێ وێنەی ژنان لە لیژنەکانی گەڕەکەکاندا

پارێزەر ڕیم موحیثاوی، یەکێک لە ژنانی بەشداربوو لە لیژنەکانی گەڕەکەکانی سوەیدا، دووپاتی کردەوە، کە ئەو بارودۆخە ناوازەیەی شارەکە تووشی بوو، پێویستی بە ئامادەبوونی چالاکتری ژنانە لە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتیدا هەبوو، هەروەها ئەم ڕۆڵە چیتر هەڵبژاردن یان شتێکی خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو پێویستییەکە کە داواکارییەکانی ئەو سەردەمە سەپاندوویەتی.

 

ڕوونیکردەوە، کە لیژنەکانی گەڕەکەکان لەم دواییانەدا نوێکردنەوە و داڕشتنەوەی دووبارەیان بەسەردا هاتووە، ئەمەش ڕێگە بە بەشداریکردنی زیاتری ژنان دەدات لە کاری مەیدانی و بڕیاردان، نوێنەرایەتی ژنان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو کە ئامادەبوونیان سنووردار بوو، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

 

بە وتەی ڕیم موحیثاوی، ژنان لە قۆناغەکانی پێشوودا بەدەست نوێنەرایەتی لاواز لە کاروباری گشتیدا دەیانناڵاند، چ لە چوارچێوەی گەڕەکەکاندا بێت یان لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی ناوخۆیی بە گشتی، بەڵام دوا قۆناغ توانای سەرکردایەتیکردن و پلاندانان و جێبەجێکردن و دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکانیانی سەلماند.

 

ئاماژەی بەوە کردووە، کە ژنان ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گەڕەک و ڕێکخستنی دەستپێشخەری خزمەتگوزاری و فریاگوزاریدا کردووە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر گەنج بەرپرسیار بوون لە پاراستنی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری.

 

ئاڵەنگاری سەرەتای و بەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگە

ڕیم موحیثاوی ئەرکی هەماهەنگی کارگێڕی بۆ تیمێکی خزمەتگوزاری ناوخۆیی لەناو کەرتەکەیدا لە ئەستۆ گرت، وتی: تیمەکە سەرەتا ڕووبەڕووی ترس و پرسیار بووەتەوە سەبارەت بە سروشتی کارەکانی و توانای بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە، هەروەها ئەندامانی تیمەکە لەژێر چاودێری بەردەوامی کۆمەڵگەدا بوون، بەڵام ئەو ئەنجامانەی لەسەر زەوی بەدەست هاتوون یارمەتیدەر بوون بۆ گۆڕینی دیدگای باوی ژنان، وردە وردە گۆڕا بۆ پشتگیری و پێشوازی لەلایەن دانیشتووانەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەستپێشخەرییەکانیان ئەزموون کرد.

 

تیمەکە لە ناوەڕاستی مانگی شوبات دەستی بە کارە ڕێکخراوەکانی کردووە، دوای ماوەی دەستپێشخەرییە تاکەکەسییەکانی سنووردار، سەرەتا سەرنجی لەسەر گەیشتن بە کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی کە جووڵەیان سنووردارە و ئەوانەی کە چاودێریان نییە.

 

چالاکییەکان بریتی بوون لە سەردانی ماڵەوە، هەڵسەنگاندنی حاڵەتە مرۆیی و تەندروستییەکان، دابینکردنی دەرمانی پێویست، پێداویستی پزیشکی و ئامێری پەرستاری، چاودێریکردنی خەواندنی نەخۆشخانە لە ماڵەوە، تیمەکە لە حەوت پەرستاری خۆبەخش پێکهاتووە کە چاودێری ئەو نەخۆشانە دەکەن، کە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی بەردەوامە لە ماڵەکانیاندا.

 

پشتگیری دەروونی کۆمەڵایەتی بەشێکە لە وەڵامدانەوە

کارەکانی تیمەکە لە چاودێری تەندروستی زیاتر بوو، پسپۆڕانی ڕاوێژکاری دەروونی، دەروونناسی و کۆمەڵناسی لەخۆگرتبوو، ئەم پیشەگەرانە زانیارییان لەسەر حاڵەتە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان کۆکردەوە و پێداویستییەکانی تاکیان هەڵسەنگاند.

 

ئەم کارە ئاسانکاری کرد بۆ گەیشتن بەو کەسانەی کە ناتوانن پەیوەندی بکەن یان داوای یارمەتی بکەن، بەتایبەتی بەتەمەن و گروپەکانی تر، کە ئەمەش وایکرد تیمەکە بتوانێت پشتگیرییەکی گونجاویان بۆ دابین بکات و بەستنەوەیان بەو لایەنانەی کە دەتوانن پاڵپشتییان بکەن.

 

ڕیم موحیثاوی ڕوونیکردەوە، دەستپێشخەرییەکە کە بە شێوەیەکی کەم دەستیپێکرد، دواتر پشتگیرییەکی بەرفراوانی دانیشتووانی گەڕەکەکەی بەدەستهێنا، ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان بینی لەڕێگەی دامەزراندنی سندوقێکی کۆمەڵایەتییەوە.

 

ئامانجی سندوقەکە دەستەبەرکردنی سەرچاوەی پێویست بۆ دەستپێشخەرییە خزمەتگوزاری و پزیشکییەکان و بەشداریکردنە لە دابینکردنی هەندێک لە پێداویستییەکانی ئەو کەیسە مرۆییانەی کە تیمەکە بەدواداچوونیان بۆ دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەرچاوە سنووردارانەی کە لەبەردەستدان.

 

پڕۆژەیەک بۆ دامەزراندنی کلینیکێکی پزیشکی ناوخۆیی

لەنێو ئەو پڕۆژانەی کە تیمەکە ئێستا کاریان لەسەر دەکات، دامەزراندنی کلینیکێکی پزیشکییە لەناو گەڕەکەکەدا، کە ڕێگە بە دانیشتووان دەدات بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی چاودێری تەندروستی بگات.

 

هەروەها کار دەکرێت بۆ پەرەپێدانی دەستپێشخەری تایبەتمەند لە پێشکەشکردنی پشتگیری دەروونی بۆ خوێندکاران و ژنان و جووتیاران، ئەم پڕۆژانە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوە و ڕێکخستندان، بە ئامانجی دەستپێکردنی لە داهاتوویەکی نزیکدا.

 

ڕیم موحیثاوی وتی: یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ماوەی ڕابردوو بەهێزکردنی پەیوەندی بووە لە نێوان لیژنەکانی گەڕەک و تیمە ناوخۆییەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو کۆمەڵگە.

 

کۆبوونەوە بەرفراوانەکان ئاسانکارییان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و هاوبەشکردنی دەستپێشخەرییە هەبووەکان کرد، هەروەها هەوڵ و پڕۆژەیان ئاشکرا کرد کە لە نێو لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکاندا بە ڕادەیەکی پێویست نەناسرابوون، کە یارمەتیدەر بوون لە هەماهەنگی کارەکان و ئاراستەکردنی بەرەو زۆرترین پێداویستییەکان.

 

هاودەنگی کۆمەڵگە بەردێکی بناغەی کردەوەی ناوخۆییە

تۆڕکردن لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکاندا بەشداری کردووە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە خزمەتگوزارییە بەردەستەکان بۆ دانیشتووان، لەوانەش خزمەتگوزارییە پزیشکی و چارەسەرییەکان کە لەلایەن هەندێک لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکانەوە پێشکەش دەکرێن بە نرخێکی کەم یان بە نزیکەی بێبەرامبەر.

 

هەروەها یارمەتی چالاککردنی دەستپێشخەرییەکانی هاودەنگی کۆمەڵایەتی داوە بۆ پشتگیریکردنی خێزان و تاکەکان کە توانای دابینکردنی تێچوونەکانیان نییە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆحی هاوکاری و هاودەنگییە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە شاری سوەیدا سەریهەڵداوە.

 

ڕیم موحیثاوی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە بەشداری ژنان لە لیژنەکانی گەڕەک و دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان تەنها وەڵامێکی هەلومەرجی نەبووە، بەڵکو ئەزموونێک بووە کە توانای ژنانی نیشانداوە بۆ بەرپرسیارێتی و بەشداریکردنی چالاکانە لە کاروباری گشتی و خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا.