بەتەمەنەکان لە سەردەمی جەنگدا

لە نێوان گرنگیدانی شەڕدا لەسەر سەرباز و ئاوارەکان، زۆرجار چاوپۆشی لە کەسە بەتەمەنەکان دەکرێت کە بە چڕییەکی هێواشتر و دڕندانەتر ململانێکان ئەزموون دەکەن، ئەوان ئامرازی دووبارە بونیادنانەوەی ژیانیان نییە، ڕووبەڕووی داڕمانی چاودێری تەندروستی دەبنەوە.

شیلا قاسمخانی

 

ناوەندی هەواڵ-لە گێڕانەوەی فەرمی و میدیایی شەڕدا، بە تایبەتی لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، وێنەی گەنجان زاڵە: سەرباز، زیانبەرکەوتوو و ئاوارەکان، بەڵام لە پەراوێزی ئەم وێنە تێپەڕینانەدا گروپێکی کەمتر دیار کەوتوون، ئەوانەی کە ئامرازی هەڵاتن و توانای ئاوەدانکردنەوەی خێرای ژیانیان نییە، بەتەمەنوکان، بۆ ئەوان شەڕ تەنها قەیرانێکی دەرەکی نییە، بەڵکو وردە وردە داڕمانی ژیانی ڕۆژانەیە، داڕمانی زەوی کە بە بێدەنگی ڕوودەدات و بە دەگمەن باسی دەکرێت.

 

داڕمانی زنجیرەی چاودێری تەندروستی

بەتەمەنەکان بە پلەی یەکەم ڕووبەڕووی کێشەی ئاوارەبوون دەبنەوە لە شەڕدا، سیما. ق، خەڵکی تاران، وتی: لە شەڕ دەترسم، کاتێک هێرشە مووشەکییەکان دەست پێدەکەن، پەلە دەکەم بۆ کوچەی کۆڵانەکان، دوای ئەوەی هێرشەکان کۆتاییان دێت، دەترسم بچمە ماڵەوە، هاوژین و کوڕەکانم پێداگری دەکەن کە بگەڕێمەوە، کوڕەکانم پێان وتم بچمە شار چونکە ئەگەر شتەکان خراپتر بوو، دەبمە بارگرانی لەسەریان، بەڵام بەبێ ئەوان ناچمە هیچ شوێنێک.

 

بۆ زۆرێک لەوانە ماڵ تەنها شوێنێکی جەستەی نییە، بەڵکو "بیرەوەرییەکی زیندوو"ە، کۆمەڵێک یادەوەری و کردار و دەنگ و خوو کە ناسنامەیان لە قاڵب داوە، جێهێشتنی ئەم نیشتمانە، تەنانەت بۆ ڕزگارکردنی ژیانیشیان، پچڕانێکی دەروونی قووڵ دروست دەکات، لە کاتێکدا کە گەنجێک ڕەنگە بتوانێت لە شارێک یان وڵاتێکی دیکەدا خۆی پێناسە بکاتەوە، بەڵام زۆرجار کەسێکی بەتەمەن ناتوانێت ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە ببێتەوە، ئەوان بە ئاسانی زمانێکی نوێ فێر نابن و لەگەڵ شێوازێکی ژیانی نوێدا خۆیان ناگونجێنن و تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نوێ دروست ناکەن، دەرئەنجامەکەی جۆرێکە لە دابڕانی دووانە: لەدەستدانی زێدی خۆیان و لەدەستدانی ئەگەری بونیادنانی نیشتمانێکی نوێ.

 

لە لایەکی دیکەوە شەڕ دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی بە توندی تێکدەدات، کە ئەمەش بۆ کەسانی بەتەمەن زۆر پێویستە، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و بەرزی فشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە، لە کاتی شەڕدا ئەم زنجیرەیە بە ئاسانی دەتوانێت بشکێت، دەرمانەکان کەم دەبنەوە، نەخۆشخانەکان لەناو دەچن یان قەرەباڵغ دەبن و ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە ناپارێزراو دەبن، بۆ بەتەمەنەکان، تەنانەت پچڕانێکی کورت لە دەرماندا دەتوانێت قەیرانێکی ڕاستی بێت.

 

سارا وتی: دایکم چووە ماڵی خوشکەکەم، لەوێ پارێزداوە بەڵام نەمانتوانی باوکم ڕازی بکەین کە بچێت، ئەویش نەخۆشی دڵی هەیە، هەر جارێک هەواڵی هێرشی مووشەکی دەبیستم، بە شێوەیەکی ترسناک نیگەرانم لێی، دەترسم دەنگی تەقینەوەکان ببێتە هۆی وەستانی دڵی یان لەبیری بکات دەرمانەکەی بخوات، بەم شێوەیە شەڕ دەتوانێت نەخۆشیەکان توندتر بکات یان تەنانەت مرۆڤ بکوژێت بەبێ بۆردوومانی ڕاستەوخۆ.

 

خەمی کۆبووەوە و گەڕانەوەی برینە کۆنەکان

بەڵام زیانەکان تەنها لە جەستەدا سنووردار نین، کەسە بەتەمەنەکان زیاتر تووشی کۆبوونەوەی خەم و پەژارە دەبن، لەوانەیە پێشتر لە ژیانیاندا تووشی شەڕ، ئاوارەبوون یان لەدەستدان بووبن، شەڕێکی نوێ ئەم برینە کۆنانە دەکاتەوە، بۆ ئەوان لەدەستدانی منداڵ، نەوە، دراوسێ یان هاوڕێ تەنها لەدەستدانێکی دیکە نییە، بەڵکو چینێکی ترە کە زیاد کراوە بۆ کۆمەڵێک خەم و پەژارەی چارەسەرنەکراو، ئەمەش دەبێتە هۆی خەمۆکییەکی توند، دڵەڕاوکێی درێژخایەن یان تەنانەت جۆرێک لە ڕق و کینە لە ژیان.

 

لە زۆر حاڵەتدا کەسە بەتەمەنەکان لە چوارچێوەی پێکهاتەی خێزانیشدا پەراوێز دەخرێن، لە کاتی قەیرانەکاندا خێزانەکان ناچار دەبن بڕیاری خێرا و سەخت بدەن: کێ دەتوانێت گەشت بکات؟ کێ دەتوانێت کار بدۆزێتەوە؟ کێ دەتوانێت خۆی لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکەدا بگونجێنێت؟ زۆرجار وەڵامەکان لە بەرژەوەندی کەسانی گەنجترن.

 

شەیدا وتی: دایکە بەتەمەنەکەم دەبێت لە ماڵەوە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی چاودێری هاوژینە بەتەمونەکەی و نەخۆشەکەی بکات، کاتێک مووشەکێک لە نزیک ماڵەکەمان تەقێندرا، ھاوژینەکەی لە جێگاکەی کەوتە خوارەوە، لەبەر ئەوەی تووشی نەخۆشی زەھایمەر بووە، تۆمەتباری کرد و وتی تۆ پاڵت پێواوە ناوم و لە جێگاکەم کەوتم.

 

شیدا هەست بە تاوانباری و بێزاری دەکات کە نەیتوانیوە لەم کاتە سەختانەدا لەگەڵ دایکیدا بێت، ئەم هەڵبژاردنانە لە کاتێکدا پێویستن، بەڵام لە هەندێک ڕووەوە دەبێتە هۆی پشتگوێخستنی کەسە بەتەمەنەکان، لەوانەیە لە ماڵە وێرانەدا بەجێبهێڵرێن، بگوازرێنەوە بۆ ئەو ناوەندانەی کە ئاسانکاری گونجاویان نییە و لە باشترین حاڵەتدا خۆیان هەست بە بارگرانییەک بکەن لەسەر کەسانی دیکە.

 

لەدەستدانی کۆنترۆڵی ژیان

کێشەیەکی دیکە بریتییە لە داڕمانی هەستی کۆنترۆڵکردن، بەتەمەنەکان لە مێژە خەباتیان کردووە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان لە بەڕێوەبردنی ماڵەکانیان و پلاندانان بۆ ژیانی ڕۆژانەیان و بڕیاردان لەسەریان، بەڵام شەڕ ئەم هەستە کۆنتڕۆڵکردنە بە تەواوی لەناو دەبات، لەناکاو ئەوانی تر بڕیاریان بۆ دەدەن: بۆ کوێ دەڕۆن، چی دەخۆن و کەی دەجوڵێن، ئەم لەدەستدانی دەسەڵاتی بڕیاردان دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و بێڕێزی، هەستێک کە هەندێکجار دەتوانێت وێرانکەرتر بێت لە خودی مەترسی جەستەیی.

 

لە زۆرێک لە قەیرانە هاوچەرخەکاندا، زانیاری و هاوکاری لە ڕێگەی ئامرازە دیجیتاڵییەکانەوە بەردەستە، بەڵام بەتەمەنەکانی کە شارەزا نین لە بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە، بە شێوەیەکی کاریگەر دەبڕدرێن، ئەوان نازانن لە کوێ یارمەتی بدۆزنەوە، چۆن ناوی خۆیان تۆمار بکەن یان چۆن پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا بکەن، ئەم دابەشبوونە دیجیتاڵییە، لە ڕاستیدا دەبێتە جۆرێک لە وەدەرنانی پێکهاتەیی.

 

ڕۆڵی کەسانی بەتەمون لە خۆڕاگری بەکۆمەڵدا

نابێت وێنەی کەسە بەتەمەنەکان لە شەڕدا تەنها لە وێنەی زیانبەرکەوتوو کورت بکرێتەوە، زۆرێکیان هەڵگری یادەوەری مێژوویین، ئەزموونی ژیانی خۆیان لە قەیرانەکانی ڕابردوودا لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن و دەتوانن سەرچاوەی خۆڕاگری بەکۆمەڵ بن، چیرۆکی مانەوە و گونجاندن و تەنانەت هیواشیان دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ نەوە گەنجەکان، بە مەرجێک کۆمەڵگە گوێیان لێبگرێت.

 

لە سیاسەتی مرۆیی دا پێویستە گرنگیدان بە کەسە بەتەمەنەکان لە پەراوێزەوە بگوازرێتەوە بۆ دڵی بابەتەکە، لە نێو ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەتوانن هەندێک لەو زیانانە کەم بکەنەوە، دامەزراندنی شوێنی داڵدەدان کە بە تایبەتی بۆ دابینکردنی پێداویستییە جەستەییەکانیان داڕێژراون، دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنیان بە دەرمانی پێویست، دیزاینکردنی سیستەمی زانیاری سادە و بەکارهێنەر دۆستانە، پێشکەشکردنی پشتیوانی دەروونی تایبەتمەند، لە هەمووی گرنگتر، پێویستە هەمووان خۆیان بەدوور بگرن لە سەیرکردنی ئەوان وەک ئامرازێکی تەنها و کەرامەتی مرۆیی خۆیان بخەنە ناوەڕۆکی پرۆسەی بڕیاردان.

 

شەڕ بەگشتی سەردەمی نادادپەروەری قووڵە، بەڵام ئەم نادادپەروەرییە بۆ هەندێک گروپ ئاڵۆزتر دەبێت، لەنێویاندا کەسانی بەتەمەن، لە دۆخێکی سست و پشتگوێخراودان، ڕەنگە یەکێک لە پرسیارە هەرە بەرچاوەکان ئەوە بێت کە جەنگ چی بەسەر ئەو کەسانەدا دەهێنێت کە چیتر ناتوانن ڕزگاریان بێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەگەر بە ڕاستگۆیی ئەنجام بدرێت، ناچارمان دەکات نەک هەر خودی شەڕەکە، بەڵکو بە شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ کۆمەڵگەدا بچینەوە.