بەرزبوونەوەی تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە تونس پرسی کاریگەریی یاسای ٥٨ دەهێنێتەوە ئاراوە

ڕێکخراوەکانی ژنان دوو هێندەبوونی تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە تونس دەگەڕێننەوە بۆ لاوازیی سیستمی یاسایی و سەختیی دەستگەیشتنی ژنان بە دادپەروەری، داوای دەرکردنی یاسایەک دەکەن کە کوشتنی ژنان بە تاوان بناسێنێت.

زهور مەشریقی

 

تونس ـ سەڕەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی نۆ ساڵ بەسەر دەرچوونی یاسای بنەڕەتیی ژمارە ٥٨ بۆ ساڵی ٢٠١٧ تایبەت بە نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە تونس، هێشتا تاوانەکانی کوشتنی ژنان نیگەرانیی ڕێکخراوە ژنانی و دادپەروەرییەکان دەورووژێنن، کە پێی وایە بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر لە خۆیەوە بەس نییە بۆ پاراستنی ژنان مەگەر جێبەجێکردنی کاریگەر و کارامە و ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و بەهێزکردنی میکانیزمەکانی خۆپارێزی و پاراستن لەگەڵیدا نەبێت.

 

دەرچوونی یاساکە دیارییەک نەبوو لەلایەن حکومەتەوە، بەڵکو لە ئەنجامی ڕێڕەوێکی درێژخایەنی خەباتی ژنان و داواکارییەکان بۆ دەرکردنی یاسایەک هات کە پاراستن بۆ ژنان دابین بکات و کۆتایی بە بێسزاڕۆیشتن بهێنێت، یاساکە دیدێکی گشتگیری دامەزراند کە خۆی لە خۆپاراستن لە توندوتیژی، بەدواداچوونی ئەنجامدەرانی و سزادانیان، پاراستنی زیانبەرکەوتووانی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆیان دەبینێتەوە.

 

بەڵام بەردەوامبوونی تاوانەکانی کوشتنی ژنان پرسیارگەلێک لەبارەی ڕادەی سەرکەوتوویی ئەم سیستەمە لە ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی توندوتیژی و گەیشتنی بە دەرئەنجامی کوشندە دەورووژێنێتەوە، بەتایبەت لەو حاڵەتانەی کە پێش تاوانەکە نیشانەکانی توندوتیژی یان داواکاری بۆ پاراستن بوونیان هەبووە.

 

ڕێکخراوەکانی ژنان پێیان وایە لەوانەیە کێشە چاوڕوانکراوەکان بریتی بن لە: سەختیی دەستگەیشتن بە دادپەروەری، سنوورداربوونی هەندێک لە میکانیزمەکانی پاراستن، پێویستیی بەهێزکردنی تواناکانی مرۆیی و لۆژستیی گروپە تایبەتمەندەکان، هەروەها داوای گفتوگۆیەکی یاسایی دەکەن سەبارەت بە داننان بە تاوانەکانی کوشتنی ژنان بەوەی کە تاوانی پەیوەندیدارن بە توندوتیژیی ڕەگەزییەوەیە، کە ئەمەش ڕێگە دەدات بۆ باشتر چاودێریکردن و تێگەیشتن لە شێوازەکانیان و دانانی سیاسەتی کاراتردوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.

 

لە توندوتیژییەوە بۆ کوشتن

یوسرا ڕیاحی، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەشکرد، کە تا ئەمڕۆش ژنان لە تونس لەبەرامبەر هەموو یاسا کۆکراوەکاندا هێشتا بڕبڕەی پشت و خاڵی لاوازن، ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری و هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی و زارەکی دەبنەوە،، گەیشتوونەتە قۆناغی کوشتن، چونکە تا کۆتایی ٢٠٢٥ و سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ نزیکەی ٢٠ ژن کوژران.

 

زیاتری خستەڕوو کە هەر ژنێک ڕووبەڕووی توندوتیژی لەلایەن هاوژینەکەیەوە بێتەوە و بڕوات بۆ ئەوەی سکاڵای لەسەر تۆمار بکات، یان خێزانەکە دەیگەڕێننەوە بۆ لای هاوژینەکەی و ئەمەش پرۆسەی کوشتنی ئاسان دەکات، هەروەک چۆن چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕوویدا لەگەڵ رەفوقە شارنی، ئەو زیانبەرکەوتووەی کە لەلایەن هاوژینە پۆلیسەکەیەوە بە چەکی خۆی کوژرا.

 

ڕوونیکردەوە، کە ژن لە ماڵ و کار و تەنانەت لە ڕێگە گشتییەکانیشدا لەلایەن باوک، هاوژین، کوڕ و تەنانەت ئەو کەسانەشەوە کە لە شەقامدا دەژین و زیانبەرکەوتووش نایانناسێت، توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت.

 

لاوازیی سیستمی یاسایی

ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەر ئەمە شتێک نیشان بدات، ئەوا نیشانەی لاوازیی سیستەمی یاسایی و دۆخی بەرگری و ڕێگرییە، پرسیار دەکات: سوودی یاسا چییە ئەگەر لەسەر زەوی جێبەجێ نەکرێت؟

 

باسیشی لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن کرد لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، وتی: لە تونسدا چەندین ڕۆژنامەنووسی ژن و پیاو هەن کە پێشەنگ بوون لە نووسینی چەندین ڕاپۆرت و وتاری ڕۆژنامەنووسی لەسەر سەکۆ دیجیتاڵییەکان بۆ قسەکردن و تیشکخستنە سەر توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان، بەتایبەت دوای یاسای ٥٨.

 

لە کۆتای قسەکانیدا، یوسرا ڕیاحی داوای کرد، کە توندوتیژیی بەرامبەر ژنان وەکو بابەتێکی لەپێشینەی باڵا سەیر بکرێت، هاوشێوەی بابەتە سیاسی و ئابوورییەکان، چونکە ئەگەر کۆمەڵگە لەسەر بنەمای پاراستنی پارێزراویی ژنان بونیاد نەنرێت، ئیتر چۆن دەتوانین کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە بونیاد بنێین؟.