بێپلانی حکومەت بووەتە هۆی چەوساندنەوەی کەم دەرامەتان
نەبوونی نەوت، غاز و کارەبا ژیانی هاوڵاتیانی سەختتر کردووە لە سەرمای زستاندا، لە ئێستادا نەوتی حکومیش گرانبووە بە جۆرێک بۆ ناوشار بە ٩٠هەزار دینار دابەش دەکرێت و بۆ دەرەوەی شار ٥٥ هەزار دینار، ئەمەش نیگەرانی لای کەم دەرامەتانی ناوشار دروست کردووە و نازانن لە ڕێگای چیەوە خۆیان و ماڵیان گەرم بکەنەوە.
شنیار بایز
سلێمانی- کۆتایی هاتنی چلەی زستان تەنها مانگێکی ماوە، بەڵام نەبوونی سوتەمەنی دۆخی هاوڵاتیانی لەم سەرمایەدا سەخت کردووە بە تایبەت ئەو هاوڵاتیانەی بەدەست کەم دەرامەتیەوە دەناڵێنن.
باران بارین و بەفر و سەرمای زستان بۆ کۆمەڵێک کەس دەبێتە هۆکار بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی بەڵام بۆ هەندێک دەبێتە زەحمەتی، هەندێک بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و خراپی باری ئابووری لە دەستپێکی وەرزی پایز و زستان خەم دایاندەگرێت کە چۆن زستان بەڕێبکەن، دابەشکردنی نەوتی حکومیش بە پڕۆسەیەکی خاودا تێپەڕ دەبێت ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هاوڵاتیان دۆخی ژیانیان سەخت بێت یاخود پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی غاز.
نەبوونی کارەبا و نەوتی پێویست لەم سەرمایەدا هاوڵاتیانی ناچار بە بەکارهێنانی غاز کردووە، ئەمەش قەیرانی کەمی غازی دروست کردووەو بە جۆرێک لە حکومەتەوە غاز کەمەو بۆ هاوڵاتیان نییە، بەڵام لە بەنزینخانە ناحکومییەکاندا غاز دابەشدەکرێت و هاوڵاتیان بەم سەرمایە لە بەیانی تا ئێوارە لە سەرەی غازدا دەوەستن، لە کاتێکدا نرخەکەی گرانترە لە غازی حکومی و نرخەکەی بۆ هەر لیترێک ٥٧٥ دینارە و بۆ ٢٤ لیتر ١٠ هەزار دینارە.
هاوڵاتان دەربارەی کەمی سوتەمەنی و خراپی دۆخی ئابورییان لەم سەرمایەدا بۆ نوژنها قسەیان کرد:
"مەگەر بە خەو نەوت ببینین"
نەورۆز حسێن دانیشتووی گەڕەکی قلیاسانی شاری سلێمانیە، ئاماژەی بەوەدا هەموو کاسپی ئەوان بۆ دەستکەوتنی پارویەک نان و چەند لیترێک نەوتە، بە دڵێکی گەرمەوە نەورۆز دەڵێت "ئەوە کەی حکومەتە کە ئێمە هەمانە، خوا بیبڕێت زۆر باشترە".
باسی لەوەکرد هاوڵاتیان دۆخیان بە جۆرێک خراپە ئەگەر کرێچی بن یاخود داهاتی مانگانەیان پشت بە موچە ببەستێت ناتوانن نەوتەکە بکڕن، وتیشی: "کاتێک بەفر دەبارێت جێگەی دڵ خۆشییە بۆ ئەوکەسانەی موچەی خەڵکیان زەوت کردووە و دەیخۆن و خەڵکی هەژار دەچەوسێننەوە نەک بۆ هەژارێک کە هیچ شتێک نییە خۆی لەبەردەم گەرم بکاتەوە".
"خێرخواز نەوتی بۆکڕیوین"
بێگەرد حەمەلاو، ژنێکی دیکەی دانیشتووی گەڕەکی قلیاسان، ئاماژەی بەوەدا ماوەی ١٠ ساڵە دانیشتووی ئەو گەڕەکەیە نزیکەی پێنج ساڵە نەوتیان وەرنەگرتووە و تەنها خۆیان یاخود لە ڕێگای کەسانی خێرخوازەوە نەوت دەکڕن و زستانی پێدەبەنە سەر.
بەهۆی خراپی باری ئابورییەوە خەڵک پارە لە ماڵیدا نییە تا نەوتی پێبکڕێت، نەک تەنها نەوت بەڵکو کەم و کورتی لە غاز و کارەباشدا هەیە و دەڵێت: "تا ئەوکاتەی یەکێتی و پارتی خاوەن دەسەڵات بن ئێمە دۆخی ژیانمان باش نابێت بگرە خراپتر دەبێت، هەرچەند هاوڵاتیانیش ناڕەزایەتی دەرببڕن سودی نییە تەنها ئەوە نەبێت کۆمەڵێک کەس لێدان دەخۆن و دەستگیر دەکرێن".
"نەوتی حکومیش بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گرانتر بووە"
شۆخان جەلال، ئاماژەی بەوەکرد کە گەڕەکی ئەوان سەر بە مەڵبەندی شەشە بەڵام تا ئێستا نەوتیان وەرنەگرتووە، هەروەها ئەو گەڕەکانەی نەوتیان وەرگرتووە وەک جاران نەماوە بەڵکو نەوتە حکومیەکەش بە پڕۆسەیەکی زەحمەت وەریدەگرن.
بۆیە داواکارییان لە حکومەت هەیە کە پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان دابین بکات و و چیتر ڕێگە نەدەن کەم دەرامەتان لە ژێر زەحمەتی ژیاندا بچەوسێندرێنەوە.
بە پێی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە بڕياره ڕۆژانى سێ شهممه و چوار شهممه واتە ٢٥ و ٢٦ی كانوونى دووهمى ٢٠٢٢ نهوت له سنورى مهڵبهندى حهوت له ناوشارى سلێمانى دابهش بكرێت بۆ ههرخێزانێک برى ٢٠٠ ليتر بهنرخى ٩٠ ههزار دينار بۆ ناوشار، بۆ دەرەوەی شار بە ٥٥ هەزار دینار.