نەبوونی سەرچاوەی پەرتوک لە زانکۆکاندا کێشە بۆ مامۆستا و خوێندکاران دروست دەکات

نەبوونی سەرچاوەی زانستی بە زمانی کوردی لە زانکۆکاندا و دەوڵەمەند نەبوونی پەرتوکخانەکان کێشە بۆ خوێندکاران دروستدەکات و مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت: ئێمەی مامۆستاش دەمانەوێت سەرچاوەیەکی کوردی هەبێت هەتا کارئاسانی بکەین بۆ خوێندکاران و سودمەند بن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە پەرتوکخانەی ناوەندەکانی سەر بە خوێندنی باڵا و پەروەردەدا نەبوونی سەرچاوەی پێویست گرفتی بۆ خوێندکاران و مامۆستایان دروستکردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاستەنگی بۆ خوێندکاران، لە بەرامبەردا سەرچاوەکان بە زمانی بیانی کێشەیەکی دیکەیە بۆ خوێنکاران کە ناتوانن سەرچاوەیان بە زمانی کوردی دەست بکەوێت و لێی سودمەند ببن.

 

بەناز حەمە ڕەشید، مامۆستای زانکۆ لە بەشی ڕاگەیاندن، باس لەوەدەکات پەرتوکخانەکان لەناو زانکۆکان و پەیمانگاکاندا تا ئاستێک سەرچاوە و پەرتوکی بۆ خوێندکاران تێدایە، خوێندکاران دەتوانن بۆ دەست ڕاگەیشتنیان بە سەرچاوەکان ڕوو لە پەرتوکخانەکانی ناو زانکۆکان بکەن، بەڵام دەبێت بزانین ئایا لە زانکۆکاندا سەرچاوەکان لە چ ئاستێکدان، ئایا خوێندکاران دەتوانن پشت بە سەرچاوەی پەرتوکخانەکان ببەستن بۆ دەستکەوتنی زانیاریەکان، هەروەها پێویستە خوێندکاران بەردەوامبن لە گەڕان لەناو پەرتوکخانەی زانکۆ و پەیمانگادا بێت یان لە دەرەوە بێت، هەروەها خوێندکاران سود لە سەرچاوە عەرەبی و فارسیەکان نابینن، سەرەڕای سەرچاوە پەرتوکیەکان خوێندکاران دەتوانن لە پەرتوکخانە ئەلکترۆنیەکانەوە سەرچاوە وەربگرن، بەڵام کێشەی خوێندکاران لە وەرگرتنی سەرچاوە ئەلکترۆنیەکان نەبوونییەتی بە زمانی کوردی، دەشڵێت: کە سەرپەرشتی توێژینەوەی خوێنکاران دەکەم دەبینم سود لە سەرچاوە بیانیەکان وەرناگرن، هەرچەندە پێشنیاری سەرچاوە عەرەبیەکانیان بۆ دەکەین، بەڵام بەڕێژەیەکی کەم هەوڵی گەڕان دەدەن، خوێندکاران دەیانەوێت بە سەرچاوەی کوردی بابەتەکانیان دەستبکەوێت.

 

 "دەبێت زانکۆکان ناوەندێکی مەعریفی دروست بکات کە بەداخەوە بەدی ناکرێت" 

بەناز حەمە ڕەشید، ئاماژەی بەوەکرد، خوێندکاران بەهۆی نەبوونی سەرچاوەکان بە زمانی کوردی ڕوبەڕووی گیروگرفت دەبنەوە، هەروەها نەبوونی سەرچاوەی پێویست لە پەرتوکخانەی زانکۆکاندا دەبنە بەربەست لەبەردەم خوێندکاران، ناچاردەبن لە سەرچاوە ئەلکترۆنیەکانەوە بە بڕە پارەیەک بیکڕن، کە ئەمەش بارگرانیە لە ڕووی مادیەوە، هەروەها خوێندکاران لە ڕووی زمانەوە کێشەیان بۆ دروست دەبێت، ڕێژەیەکی زۆر لە خوێندکاران شارەزاییان نییە لە وەرگێڕانی پەرتوکە بیانیەکان و ناتوانن ئەو سەرچاوە عەرەبی و فارسیانەی پێیان دەدرێت لەلایەن مامۆستاکانیانەوە سوودی لێوەربگرن، هەروەها وتی: کاتێک خوێندکار تازە دێتە زانکۆ و پەیمانگاکان کێشەیی بۆ دروست دەبێت لە نەبوونی سەرچاوەکان لە پەرتوکانەکاندا، بەڵام دەبێت زانکۆکان یارمەتی دەربێت لەم بابەتەدا چونکە زانکۆ ناوەندێکی مەعریفیە و دەبێت خوێندکار نزیک بکاتەوە لەو سەرچاوانەی زۆر باشن بۆ خوێندکاران.

 

هەروەها وتی: مامۆستایان نابێت بەردەوام خوێندکار بنێرێت بۆ پەرتوک لە پەرتوکخانە ئەلکترۆنیەکان، زانکۆکان دەبێت سەرچاوە بکڕن بۆ پەرتوکخانەکانیان نەک خوێندکاران لە سەرچاوە ئەلکترۆنیەکانەوە بیکڕن، لە بارودۆخی ئێستادا خوێندکاران ناتوانن پڕە پارەیەک دابین بکەن، بۆیە دەبێط زانکۆ ئەم پەیوەندییە دروست بکات.

 

"پەکخستنی پەروەردە لەم چەند ساڵەی دوایدا هۆکارە بۆ لاوازبوونی ئاستی خوێندکاران"

بەناز حەمە ڕەشید، ئاماژە بەوەدەکات، پەککەوتنی پەروەردە لەم چەند ساڵەی دوایدا هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ساردکردنەوەی خوێندکاران لە خوێندن و کورتکردنەوەی بابەتەکان، خوێندکاران لە سیستمەکانی خوێندندا فێری کورتکردنەوەی بابەتەکان کراون، پێویستە خوێندکاران فێری گەڕان بکرێن بەدوای سەرچاوەکاندا، بە مەرجێک بابەتەکان لەبەر دەست خوێندکاراندا بێت و ئاسانکاریان بۆ بکرێت لەلایەن زانکۆکانەوە.

 

ئەو مامۆستایە باسی لە هەوڵدانی دکتۆر و مامۆستایانی زانکۆکان کرد بۆ وەرگێڕانی ئەو پەرتوکە بیانیانەی سوود بە خوێندکاران دەگەیەنن، وتیشی: زانکۆکان دەبێت هاوکاربن لە هاندان و دەست گرتنی دکتۆر و مامۆستایان بۆ بەرەوپێشبردنی سەرچاوە بیانیەکان، تا بتوانن وەرگێڕی بکەن، هەروەها زانکۆ و پەیمانگاکان ناوەندێکی مەعریفی و دەستکەوتێک بێت بۆ پەیداکردنی سەرچاوەکان، ئێمەش وەک مامۆستایان دەمانەوێت سەرچاوەیەکی کوردی هەبێت هەتا کارئاسانی بکەین بۆ خوێندکاران و سودمەندبن لە سەرچاوە کوردیەکان، خۆشبەختانە پڕۆفیسۆر و دکتۆرەکان لە هەوڵی ئەوەدان ئەو گرفتەش چارەسەر بکەن.

 

لە کۆتایدا بەناز حەمە ڕەشید وتی: پێویستە زانکۆ و مامۆستایان هەوڵ بدەن بۆ نەمانی مەلزەمە لە زانکۆکاندا و دانانی سەرچاوەی پەرتوک، تا خوێندکاران بگەڕێن و ئاشنا ببن بە سەرچاوەی پەرتوکەکان، هەروەها خوێندکارانیش برەو بە زمانەوانی بدەن تا لە کاتی گەڕاندا کێشەیان بۆ دروست نەبێت، هەمەلایەنە کار بکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی زانکۆکان، دەبێت هەوڵ بدرێت لایەنی ئابوری و خراپی ئەم بارودۆخەی مامۆستا و خوێندکاران باش بکرێت بۆ ئەوەی کار نەکاتە سەر ئاستی خوێندن، مامۆستایان دەبێت لە ڕێگەی وانەکانیانەوە زانیاری بدەنە خوێندکاران و تەنها لە چوارچێوەی بابەتێکدا نەمێننەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها بەستنەوەی زانکۆ بە کۆمەڵگەوە ئەرکی زانکۆکانە، بەداخەوە ئەم کەموکورتیە هەیە لە زانکۆکاندا، بەوەی زانکۆ تێکەڵ بە دەرەوە نابێت.