بازیان، شارۆچکەیەک خامۆش لە دەنگی ژن

ژنانی بازیان لە ئازادییەکی بەرتەسکدا دەخولێنەوە، ژنانی شارۆچکەکە توندوتیژییەکان باس دەکەن، چالاکوانانیش دەڵێن دوو لەسەر سێی ئەم شارۆچکەیە ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا، باس لە کاریگەرییەکانی قسەی خەڵک و نەبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- کوێستان ناوێکی خوازراوی ژنێکە، دەیەوێت بچێتە ماڵی یەکێک لە خزمەکانی، بەڵام لە ڕێگادا بە بەردەم بریکاری بەشەخۆراکی مانگانەدا تێدەپەڕێت، بریکارەکەش بانگی دەکات کە بۆچی نایەن بەشە خۆراکەکەیان وەربگرن، ئەگەر ئیتر نەیەن بۆ بەشەخۆراکەکەیان دەیوەستێنێت.

 

کوێستان ناتوانێت وەڵام بداتەوە، ئەو ژنەی لەگەڵیدایە دەڵێت، ناوێرێت بێت بەشە خۆراکەکە وەربگرێت، ئاخر جاری پێشوو کە هاتووە بەشە خۆراکەکەی وەرگرتووە، هاوسەرەکەی لێیداوە و پێی وتووە "تۆ چیت تا بچیت بەشە خۆراکی مانگانە وەربگریت."

 

کوێستان نمونەی دەیان ژنی ئەم شارۆچکە بچووکەیە، کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لەم شارۆچکەیەدا تەنها شت کە خامۆشە دەنگی ژنە، ماڵەکان بوونەتە قەفەسێکی ڕەنگاوڕەنگی ژنان، ئازادییەکانیان لێزەوتکراوە و بە ناوی پاراستنەوە دەرخواردیان دراوە، هەندێک لەو ژنانەش زەوتکردنی ئازادییان بە ناوی پارێزگاری هەزمکردەووە، وا دەزانن دەبێت پارێزگاریان لێبکرێت و تا ئێستاش دەترسن.

 

لەم شارۆچکەیەدا هیچ ڕێکخراوێکی ژنان یاخود نوسینگەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی نییە.

چوینە بازاڕی بازیان، تا لێدوانی ژنان وەربگرین لەبارەی توندوتیژی لە شارۆچکەکە و کاریگەرییەکانی نەبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان، بەڵام ئەو ژنانەی لە بازاڕەکەدابوون، زۆرینەیان بەهۆی ترس لە کوڕ، باوک و هاوژین نەیاندەوێرا قسە بکەن، یەکێک لەو ژنانەی داوای لێدوانمان لێکرد، پێی وتین، "وازم لێبێنن تازە ئەم لایەی ناوچاوم شینبوونەوەکەی چاکبووەتەوە، با لایەکەی دیکەشم بۆ شین نەکاتەوە مێردەکەم".

 

لە کاتێکدا ئێمە پرسیاری توندوتیژییەکانمان بەرامبەر خۆیان لێدەکردن، دەیانوت کە توندوتیژیان بەرامبەر ناکرێت، بەڵام خۆنەویستانە زاریان دەکەوتە قسە و باسی توندوتیژی بەرامبەر دراوسێ، خزم و کەسەکانیان دەکرد، وەک ئەوەی دەمێکبێت ویستبێتیان ئەوەی لە ناخیانە هەڵیڕێژن و نیشانی جیهانی بدەن، کە چ توندوتیژییەک بەرامبەر ژنانی ئەم شارۆچکەیە دەکرێت، چ ئازارێک دەکێشن.

 

"تا نەیەیتە ماڵم نازانی بە حاڵم"

فاتمە محەمەد، ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵە، هەر لە سەرەتای قسەکانیدا ئەو پەندە کوردیەی هێنایەوە کە دەڵێت "تا نەیەیتە ماڵم نازانی بە حاڵم"، باس لەوە دەکات کە توندوتیژی زۆر هەیە، پیاو دەناسێت ڕێگە نادات هاوژینەکەی بچێتە دەرەوەی ماڵ، تەنانەت بۆ کڕینی جلوبەرگ و پێداویستییەکانی ماڵیش.

 

فاتمە بێ ئەوەی هەست بکات، کە ئەوە مافی ژنە بیانووی بۆ ئەو توندوتیژیانە دەهێنایەوە کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، ئەویش ترس و خراپەیە لە دەرەوەی ماڵ کە بوونەتە هۆی ئەوەی ترس دروستببێت، دەڵیت "من ئێستا ئەڕۆم بۆ سەر جادەیەک، شەخسی خۆم کەوا تەمەنێکم هەیە ناوێرم لەگەڵ هەموو سایەقێکدا سواری تەکسی ببم"، ئەو پێی وایە ژن دەبێت ئەو کاتە بچیتە دەرەوە کە پێویستییەکی هەبێت، دەڵێت "دەبێت ژن کاتێک کە دەچێتە دەرەوە بۆ شتێک بێت کە زەرورە و پیاوەکەی لە ماڵ نەبێت، خۆت ئەزانی دنیاکە خراپ بووە".

 

لە کۆتایشدا دەڵێت "پێویستە ئەو ئەقڵە بگۆڕێت، لەسەر زەمانی زوو نەڕۆیت کە ژنی داماو هەر لە ماڵەوە بێت".

 

"پیاو هەیە ڕێزی ژن ناگرێت"

شۆخان حەمەساڵح، ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٧ ساڵە، باس لەوەدەکات، کە هەرچەندە تا ڕادەیەک ئازادی هەیە، بەڵام توندوتیژیش هەیە، پیاو هەیە کە ڕێزی بۆ ژن نییە، بۆیە پێویستیان بە هۆشیاری زیاتر هەیە، دەبێت لە ڕێگای پەروەردەکردنەوە لەلایەن دایکوباوک و مامۆستاکان منداڵ لەسەر بنەمای یەکسان پەروەردە بکرێت.

 

هەروەها ئەمنە ئەحمەد، ژنێکی دیکەی تەمەن ٥٧ ساڵە، بوونی ڕێکخراوەکان بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ بڵاوبوونەوەی هۆشیاری دەزانێت، باس لەوە دەکات کە لە شارۆچکەکەیاندا ڕێکخراوەکان نین، لە کاتێکدا لە شارەکانی دیکە ڕێکخراو هەیە، بۆیە بۆ زیاتر هۆشیاری پێویستیان بە ڕێکخراو هەیە.

 

"لە سێ بەش دوو بەشی ژن توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت"

نەشمیل ئیبراهیم، ژنێکی چالاکوانە لە سنورەکەدا، باس لە توندوتیژییەکان دەکات کە بەردەوام دەیبینێت یاخود بەر گوێی دەکەوێت و ژنانی پەیوەندی پێوەدەکەن، باس لە ئازارەکانی ژنان دەکات، کە لە سێ بەش دوو بەشی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە سنوورەکەدا زاڵە بەسەر چوونە دەرەوە، ماددی، گەشتکردن و سەرجەم بوارەکانی دیکەدا.

 

باس لەوەش دەکات، هەموو پیاوان خراپ نین بەڵام، توندوتیژی جۆراوجۆر بەرامبەر ژنان دەکرێت، تەنها لێدان نییە، ڕێگری کردن لە چوونەتە دەرەوەو کارکردنیش دەکرێت.

 

نەشمیل لە ساڵی ١٩٨٣ لەناو ڕێکخستنی ژنانی یەکێتیدا کاری کردووە، کە وەک باسی دەکات لە دوای قەیرانەکانەوە هیچ ڕێکخراوی ژنان لە سنورەکەدا نەماوە، تەنانەت یەکێتی ژنانیش نەماوە، ئەمەش بۆشایی هۆشیاری دروستکردووە، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە لە ڕابردوودا مافی ژنان زیاتر بووە، "ئەو کاتە زۆر باشتر بوو، ئەو کاتە ژن و پیاو بەیەکەوە ئیشی دەکرد، کەس هیچی نەدەوت بەڵام ئێستا گەڕاوینەتەوە بەرەو دواوە".

 

"ترس لە قسەی خەڵک زاڵە"

سیڤەر ستار، چالاکوانێکی دەڤەرەکەیە، باس لەوەدەکات، کە توندوتیژی بۆ سەر ژنان بەپێی خێزانەکان دەگۆڕێت، بەڵام قسەی خەڵک لە سنورەکەدا زاڵە، بەردەوام ترس لە قسەی چواردەور هەیە، بەو هۆیەوە زۆرشت هەیە کە کراوە بە عەیبە.

 

سیڤەر باسی ڕووداوێک دەکات کە بەسەر خۆیدا هاتووە، لە کاتی گەڕانەوەیدا لەگەڵ هاوڕێیەکی و خزمی هاوڕێکەیدا بۆ ماڵەوە لە کاتژمێر هەشتی ئێوارە تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ دەبێت، بەڵام دواتر کاتێک باسی ڕووداوەکە دەمی خەڵکەوە دەبیستێت شۆک دەبێت چونکە وابڵاوکراوەتەوە کە "لە کاتژمێر دووی شەو هەوڵی ڕاکردنی لەگەڵ کوڕێکدا داوا و لە ڕێگادا تووشی ڕووداوی هاتوچۆبوون".

 

سیڤەر، چیرۆکی توندوتیژی بەرامبەر ژنێکی گەنج کە قوتابی بووە دەگێڕێتەوە، بەزۆر لە قوتابخانە دەردەهێندرێت و دەردرێت بە شوو بە کەسێک کە نەیویستووە، دوواتر هەوڵی هەڵهاتن دەدات، بەڵام بنەماڵەکەی دەیگرن و هەوڵ دەدەن بیکوژن، لەبەر ئەوەی "حەیایان چووە".

 

ئەو چالاکوانە دەڵێت: "هەر کەسێک هێز و پیاوەتی خۆی لە ژنێکدا تاقیکردەوە ئەوا هیچ کات پیاو نییە''، باس لەوەشدەکات کە ژنان بەشداری هیچ کۆڕوکۆبوونەوەیەک ناکەن، بۆیە بوونی پەروەردەیەکی باش بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی هۆشیاری دەزانێت.

 

بازیان شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای سلێمانییە، لە چوار شارەدێ "گۆپاڵە، ئەڵایی، بەردەقارەمان، تەیناڵ" پێکهاتووە، دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای پارێزگاکە، بە شاخ دەورەدراوە، بەپێی کۆتا ئاماری ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارۆچکەیە زیاتر لە ٥٠ هەزار هاوڵاتییە، بە گەورەترین ناوچەی پیشەسازی هەموو عێراق دادەنرێت، کە ٪٣٠ کارگەکانی عێراق لە بازیانە.

 

ت.پ