باندی پەمەیی، پارێزەری ژنان

سەدان هەزار ژن بە سارییە پەمەییەکانیان و دار حەیزەرانەکانی دەستیانەوە دژی توندوتیژییەکان دەوەستنەوە، خۆیان مافەکانیان بەدەستدەهێننەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

وڵاتی هیندستان بە یەکێک لە نائارامترین وڵاتانی جیهان بۆ ژنان دادەندرێت، تێیدا ژنان زۆرینەی مافەکانیان نییە، تا ئێستاش دیاردەی، تێزاب ڕشتن بە ڕوخسار، هاوسەرگیری پێشوەختە، هاوسەرگیری لەگەڵ ئاژەڵ، کوشتن، لێدان، دەستدرێژی و ڕفاندنی ژنان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، ژنان لە ژێر توندوتیژییەکی ئێجگار زۆردان.

بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای نیشتیمانی تۆماری تاوانی وڵاتی هیندستان، پارێزگای ئۆتار پرادێش لە باکوری ئەو وڵاتە یەکێکە لە ناسەلامەتترین شوێنەکان بۆ ژنان، تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩دا سێ هەزار و ٦٥ دەستدرێژی سێکسی لەو پارێزگایەدا تۆمارکراوە.

 

باندی پەمەیی چییە؟

باندی پەمەیی لە ٤٠٠ هەزار ژنی پارێزگای ئۆتار پرادێش و ١١ پارێزگای دیکەی باکوری هیندستان پێکدێت، تەمەنیان لەنێوان ١٦ بۆ ٦٠ ساڵیدایە، بە سارییە پەمەییەکانیانەوە "جلوبەرگی تایبەتی هیندستان" ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە، دژی هەموو توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان دەجەنگن، زۆرینەی کاتەکان دار حەیزاران بۆ بەرگری هەڵدەگرن.

باندەکە کاتێک توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنێک دەبینن یەکسەر بە دارەکانی دەستیان کێشەکە چارەسەر ناکەن، بەڵکو سەرەتا هەوڵدەدەن بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام دواتر ئەگەر توندوتیژییەکان هەر بەردەوام بوو بەدوای چارەسەری دیکەدا دەگڕێن.

 

باندی پەمەیی چۆن دروستبوو؟

ئۆتار پرادێش، یەکێکە لەو پارێزگایانەی هێشتا خوێندن بۆ ژنان ڕێگەپێدراو نییە، لێدان لە ژنان و دەستدرێژی لە ئاستێکی بەرزدایە، لە ساڵی ١٩٥٨دا کچێک لە دایک دەبێت، ناو دەنرێت "سامپات پاڵ دێڤی" زۆر حەزی لە خوێندن دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێندن بۆ منداڵانی کچ نییە، ناخرێتە بەر خوێندن.

بەڵام سامپات بەردەوام لە ڕێگای ئەو وانانەی کە براکانی لە خوێندنگا دەیخوێنن خۆی فێری خوێندن دەکات، دواتر بە دەستپێشخەری مامی دەخرێتە بەر خوێندن و تا پۆلی چوار دەخوێنێت.

سامپات لە تەمەنی١٢ ساڵیدا بەزۆر دەدرێت بەشوو، دەبێتە خاوەنی چوار منداڵ، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا کاری فرۆشتنی سەوزە دەکات، ڕۆژێک ژنێکی دراوسێی دەبینێت، کە هاوسەرەکەی لێیدەدات، ئەویش بەرگەی بینی ئەو دیمەنە ناگرێت، بۆ ڕۆژی دواتر سامپات و پێنج ژنی دیکە دەچنە لای پیاوەکە و بە دار حەیزاران لە پیاوەکە دەدەن.

ئەم ڕووداوە وەک ئاگرێک دەکەوێتە نێو ڕۆژنامەکان، دواتر ژنان لە گوندەکان و پارێزگاکانی دیکەوە دێن و بەشداری دەکەن، بە ناوی سارییە پەمەییەکانیانەوە، ناوی خۆیان دەنێن "گولابی کانگ" واتە  "باندی پەمەیی".

 

ئەم گروپە چی دەکەن؟

باندی پەمەیی، نەک تەنها کار بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکەن، بەڵک دەیانەوێت دادپەروەریش جێبەجێبکرێت و ستەم نەمێنێت لە وڵاتدا، هەوڵیش دەدەن لە ڕێگای دۆزینەوەی سپۆنسەرەوە کار بۆ ژنان بدۆزنەوە، کاریان بۆ٥٠٠ ژن دۆزیووەتەوە، هاوکاری ماددی ژنە گەنجەکان دەکەن لە کاتی هاوسەرگیریدا بەتایبەت ئەوانەی کە هەژارن.

ئەم گرووپە ئێستا وەک ڕێکخراوێک کاردەکەن، لەلایەن حکومەتی هیندیستانیشەوە پاڵپشتی دەکرێن تا ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن، کە ئەوانیش، پاڵپشتیکردنی ژنان، پەروەردە و ڕاهێنان بۆ بەهێزکردنی تواناکانیان، هەوڵدانیان بۆ بوون بە خاوەنی ئابووری سەربەخۆ، زیادکردنی متمانە بەخۆبوونیانیان.