باڵاپۆشی زۆرەملێ لە سووریا; گۆڕینی ناسنامە و پێشێلکردنی ئازادی دوای ڕفاندن

ڕیهام فەرحات جەختی لەوە کردەوە، کە سەپاندنی باڵاپۆشی یان نیقاب تەنها بابەتی جلوبەرگ نییە، بەڵکو گۆڕانکارییە لە شوناسی فیکری و ئایینی ژنان لە سوەیدا.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا- ڕۆیشتن یان چوونە ناو شاری سوەیدای سووریا پڕ بووە لە مەترسی، بەو پێیەی هاوڵاتیانی مەدەنی، لەنێویاندا ژنان، چەندین جار ڕووبەڕووی ڕفاندن و دەستدرێژی دەبنەوە، بە هاتنە ناوەوەی جیهادییەکانی هەتەشە بۆ ناو سوەیدا، ژنان لە ڕفاندن ڕزگاریان نەبووە، تاقیکردنەوەکەیان دوای ئازادکردنیان بەهۆی سەپێندراوی گۆڕانکاری ئایدیۆلۆژی بەسەریاندا خراپتر بووە، دیارترینیان ناچارکردنیان بە پۆشینی  باڵاپۆشی یان نیقاب.

 

ئەم ڕەفتارە تاکەکەسی نییە، بەڵکو هەڵگری پەیامێکی زۆرەملێی ڕوونە کە ئامانج لێی سەپاندنی ناسنامەیەکی ئایدیۆلۆژییە بەسەر ئەو ژنانەی کە پێشتر ئازادی و کەرامەتیان پێشێل کراوە، ئەو باڵاپۆشیە زۆرەملێیەی دوای ڕفاندن دەسەپێندرێت، تەنها نەریتێکی ئایینی نییە، ئامرازێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کەسایەتی ژنێک کە هێشتا ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی بە تەواوی لە باوەش نەگرتوە، سەپاندنی بەها و بیرۆکەکان کە بەشێک نین لە ژینگە ڕەسەنەکەی.

 

"ڕفاندن و زەلیلکردن... تاوانێکە کە چاوپۆشی لێناکرێت"

ڕیهام فەرحات، دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژنان بۆ هۆشیاری و بەهێزکردن لە سوەیدا، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەوەی ڕوودەدات تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت، هەروەها ژنان دیارترین قوربانی ئەم هێرشانە بوون، کە تووشی ڕفاندن و زەلیلکردن و دەستدرێژیکردنە سەریان بووە و هاوژین و کوڕ و برایان لەدەستداوە، باجەکەی دوو هێندە لە باقی کۆمەڵگە داوە، ئەو دەپرسێت بۆچی ژنان بەم شێوەیە دەکرێنە ئامانج؟ وە بۆچی کۆمەڵگە لەڕێگەی ئەوانەوە فشاریان دەخرێتە سەر؟

 

هەروەها ئاماژەی بە پراکتیزە زەلیلکەرەکانی دیکە کرد، وەک ڕیش تاشین و بڕینی سمێڵ، ئەمەش بە زەلیلکردنی ڕۆحی مرۆڤ و جۆرێک لە توندوتیژی ڕەگەزی دەزانێت کە لە دەستدرێژی و هەراسانکردن و کوشتن کەمتر مەترسیدار نییە.

 

"چیرۆکی خوێناوی... لەدەستدانی هەموو شتێک"

ڕیهام فەرحات ڕووداوێکی پڕ لە ئازار سەبارەت بە ژنێک دەگێڕێتەوە کە کچە ساواکەی لەبەردەم چاویدا کوژراوە و وتی: دایکەکە داوای لە بکوژەکان کرد دوای کچەکەی بیکوژن، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە، تەنها سەرنجیان لەسەر ناچارکردنی بوو باڵاپۆش بێت، وە تەنها  پێیان وتبوو بڕۆ سەرت داپۆشە،بە تەنیا جێیان هێشت تا لەگەڵ تاڵیی لەدەستدانی کچەکەیدا بژی، لە کاتێکدا منداڵەکە بە خوێنی خۆی لەسەر دەستەکانی نوقوم دەبوو.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە  سەپاندنی باڵاپۆشی یان نیقاب تەنها بابەتی جلوبەرگ نییە، بەڵکو گۆڕانکارییە لە ناسنامەی فیکری و ئایینی ژناندا، لە باوەڕی ئێمەی دروزدا، ژنان مەرج نییە سەریان داپۆشن جگە لە حاڵەتەکانی پابەندی ئایینی، بەڵام ژنان لە ترسی زەلیلبوون لە بازگەکاندا دەستیان کردوە بە سەر داپۆشین، بەم شێوەیەش ناسنامە و بیروباوەڕی ژنان بە زۆر پێشێل ناکرێت.

 

ڕیهام فەرحات ئەم پراکتیزانەی پەیامی زۆرەملێی بە ژێردەنگێکی ئایدیۆلۆژییەوە دەزانی، بە ئامانجی دووبارە داڕشتنەوەی کەسایەتی ژنان بە زۆرەملێ دوای ئەوەی ئازادی و کەرامەتیان پێشێلکرا.

 

"لەدەستدانی تایبەتمەندی و زیادبوونی توندوتیژی"

هەروەها ئەو ژنانەی کە ئاوارەی پەناگە بوون، لە ئازارەکان ڕزگاریان نەبوو، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان لەدەستداوە لە دۆخێکی سەختدا دەژین و هیچ تایبەتمەندییەکی نییە، هەموو خێزانەکە لە ژوورێکدا قەتیسکراون، ژنانیش هەست بە ئاسوودەی و ئاسایش ناکەن، فشاری دەروونی و کۆمەڵایەتی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی زیاد دەکات، چونکە پیاوان ئەو توڕەییەی لە ئەنجامی لەدەستدانیانەوە پەیایان کردوە  بە ژنانی دەر دەبڕن، کە ئەمەش سووڕێکی هەمیشەی توندوتیژی دروستدەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە منداڵان شاهیدی چەندین تاوان بوون، هەندێکیان بینیویانە خێزانەکانیان لەبەرچاویاندا کوژراون یان بەسەر خوێنیاندا ڕۆیشتون، ئەم منداڵانە زۆر پێویستیان بە پاڵپشتی دەروونی درێژخایەن هەیە، مەحاڵە ئەم کارەساتانە بسڕدرێتەوە، بەڵام بە لانیکەم دەبێت یارمەتی منداڵان بدەین خۆیان لەگەڵیاندا بگونجێنن بۆ ئەوەی توشی نەخۆشییە دەروونییە تێکدەرەکان نەبن، منداڵەکانمان داهاتووی وڵاتەکەمانن، ئەگەر گرنگییان پێنەدەین، ئەوا داهاتوومان بە شکست مەحکوم دەکەین.

 

"پشتگیری دەروونی وەک خواردن و خواردنەوە پێویستە"

ڕیهام فەرحات جەختی لەوە کردەوە، کە پشتیوانی دەروونی پێویستییەکی سەرەتاییە بۆ ژنان و پیاوان و منداڵان بە هەمان شێوە، چالاکییەکانی کەمکردنەوەی فشار، کۆبوونەوەکانی پشتگیری گروپی و بەرنامەکانی تایبەت بۆ منداڵان دەبێت دابین بکرێن بۆ یارمەتیدانیان تا بتوانن بگەڕێنەوە ژیانی ئاساییان.

 

داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کرد کە ئەو پرسە بە ڕاستی وەربگرن، وتی: ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا تەنها ڕووداوێکی تێپەڕین نییە، بەڵکو تاوانی جەنگی بەڵگەدارە، ژنان ڕفێندران و دەستدرێژییان کراوەتە سەر، منداڵیش لەبەرچاوی دایکیان سەربڕدراوە، وە ئەمەش تاوانێکە دژی مرۆڤایەتییە، دەبێت تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.