٪٨٥ ژنانی ڕۆژنامەنووس هەراساندەکرێن، بەڵام هەر بەهێزانە بەردەوامن

٪٨٥ ژنانی ڕۆژنامەنووس هەراساندەکرێن، بەڵام ڕۆژنامەنووسان متمانەیان بە یاساکان و کۆمەڵگا نییە تا پاڵپشتیان بکات، ٪٨٣ هەراسانکردنەکانیش لە دوو ساڵی ڕابردوودا بووە، توێژەرێکیش هۆشیارکردنەوەی ژنانی ڕۆژنامەنووس بە پێویستی دەزانێت.

٪٨٥ ژنانی ڕۆژنامەنووس هەراساندەکرێن، بەڵام ڕۆژنامەنووسان متمانەیان بە یاساکان و کۆمەڵگا نییە تا پاڵپشتیان بکات، ٪٨٣ هەراسانکردنەکانیش لە دوو ساڵی ڕابردوودا بووە، توێژەرێکیش هۆشیارکردنەوەی ژنانی ڕۆژنامەنووس بە پێویستی دەزانێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- هەژان خالید، ڕۆژنامەنووس و قوتابی دکتۆرایە لە ڕاگەیاندندا، دوو توێژینەوەی لەبارەی هەراسانکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە دەرئەنجامەکانی بوونەتە جێگەی سەرنج و هەڵوەستە لەسەرکردنە.

 

"هەراسانکردنی خانمانی بواری ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان"

ڕاپرسی یەکەم بە ناونیشانی "هەراسانکردنی خانمانی بواری ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان"ە، کە ٥٠ ڕۆژنامەنووسی ژن بەشداریان کردووە، تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٤٥ ساڵە، ٪١٤ هەواڵساز، ٪٢٥ پەیامنێر، ٪٢٥ پێشکەشکار، ٪٦ ڕاهێنەری میدیای، ٪٣٠ لە ئەرکەکانی دیکەی ناو دەزگا ڕاگەیاندنەکانن.

 

بەپێی ڕاپرسییەکە ٪٣١ ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی هەراسانکردنی دەروونی بوونەتەوە، ٪٢٩ ڕووبەڕووی هەراسانکردنی ئۆنلاین بوونەتەوە، ٪١٨ لەسەر بنەمای جیاکار، ٪١٦ زارەکی بووە، ٪٤ سێکسی بووە.

 

هەروەها ٪٥٠ زۆر جار ڕووبەڕووی هەراسانکردنەکان بوونەتەوە، ٪٢١ هەندێکی جار، ٪١٧ چەند جارێک، ٪٨ ڕۆژانە، ٪٤ یەکجار، ئەوەی جێی سەرنجە بەپێی ڕاپرسیەکە زۆرینەی ئەو هەراسانکردنانە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بووە کە ڕێژەکەی ٪٨٣، هاوکات ٪٧٢ لە مانگی پێش ئەنجامدانی ڕاپرسەیەکە ڕووبەڕووی بونەتەوە.

 

زۆرینەی ژنان لەناو دەزگاکاندا هەراساندەکرێن

٪٦٠ ڕۆژنامەنووسەکان لە ناوخۆی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنەی کاری تێدا دەکەن ڕووبەڕووی هەراسانکردن بوونەتەوە، ٪١٩ لە شوێنی کارکردنی مەیدانی بووە، ٪٨ لە دامەزراوەکانی دیکەی ڕاگەیاندن، ٪١٣ لە شوێنەکانی دیکە.

 

لە کاردانەوەی ئەو هەراسانکردنانەی بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنووس کراون، ٪٢٧ بەڕێوەبەرەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، ٪٢٣ ئاگاداری هاوپیشەکەی کردووە، ٪١٥ خێزانەکەی ئاگادارکردووەتەوە، ٪٤ ڕێکخراوەکان، ٪٣١ هەنگاوی دیکەی ناوە، بەڵام هیچ کەسێک ڕێگای یاسایی نەگرتووەتەبەر.

 

ئەوەی جێی سەرنجە ٪٩٤ ئەو ڕۆژنامەنووسانە هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر ئەو هەراسانکردنە نەبووە، لە وەڵامی ئەوەی ئایا هەراسانکردن سەری کێشاوە بۆ هەڕەشە لێکردن، ٪٥٦ هەرگیز، ٪٢٧ هەندێک جار، ٪١١ چەند جارێک، ٪٦ زۆرجار.

 

"هەراسانکردنی ژنان و کچانی ڕاگەیاندنکار لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە"

لە بەشی دووەمی ڕاپرسییەکەدا ١٠٠ ژنی ڕۆژنامەنووس بەشداربوون ، ٪٦٠ وەک پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس لە ژووری هەواڵ بوون، ٪٢٨ پێشکەشکار، ٪١٢ لە بەشی کارگێڕییەکانی دەزگا ڕاگەیاندنەکان بووە، کە بەشێوەی فۆڕم پڕکراوەتەوە.

 

٪٨١ ژنان ڕووبەڕووی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی بوونەتەوە، ٪١٩ ڕووبەڕووی هەراسانکردن نەبوونەتەوە، لە ڕاپرسیەکەدا ٤١ کەس لە میدیای بینراودا کاریان کردووە، لەو ٤١ کەسە ٣٥ هەراسانکراون، لە میدیای ئەلیکترۆنی ٣٥ کەس بەشداربوون ٢٩ هەراسانکراون، واتە ٪٨٥ هەراسانکراون، ٪١٥ هەراسان نەکراون

 

لە میدیای بیستراودا ١٣ کەس بەشداربوون ٩ هەراسان کراون واتە ٪٦٩، لە میدیای کاغەزیدا ١٢ ژن بەشداربوون کە ٩یان هەراسانکراون و دەکاتە ڕێژەی ٪٦٧.

 

ژنان لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەراساندەکرێن

٪٣٨ ژنان لە ڕێگای ناردنی نامەی نەشیاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەراسانکراون، ٪٧.٤ ژنیش ڕووبەڕووی سوکایەتی پێکردن بوونەتەوە، هەروەها ٪١٩ ڕووبەڕووی زیاتر لە جۆرێکی هەراسانکردن بوونەتەوە، ٪١٨ بە ڕێگای جیاوازی وەک کۆمێنتنی نەشیاو، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ، هاککردن و تەلەفۆنکردن لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دروستکردنی ئەکاونتی ساختە بە ناوی ژنانی ڕۆژنامەنووسەوە.

 

٪٧٩ لەلایەن کەسانی دەرەوەی دەزگاکەیانەوە هەراسانکراون، ٪١١ لەناو دامەزراوەکە هەراسانکراون، ٪٩ لە هەردوو جۆرەکەدا هەراسانکراون، لە وەڵامی "ئایا مەبەست لە هەراسانکردنت بۆ ئەوەبووە دەستبەرداری کاری ڕاگەیاندن ببیت؟" ٪٥٦.٧٩ وەڵامیان نەخێر بووە، ٪٣٣.٣ وەڵامەکان بەڵێ بوو، ٪٩.٨٨ وەڵامیان بە نازانم بووە.

 

ژمارەی جارەکانی هەراسانکردن ٪٣٩.٥٢ لە ماوەی کارکردنیان زیاتر لە ١٠ جار هەراسانکراون، ٪٣٠.٨٦ لە ماوەی کاکردنیان زیاتر لە ٥ ڕووبەڕووی هەراسانکردن بوونەتەوە، ٪٢٩.٦٢  زیاتر لە جارێک هەراسانکراون.

 

هەژان خالید، توێژەر و خوێندکاری دکتۆرا لە بەشی ڕاگەیاندن، لە بارەی دەرئەنجامی ڕاپرسیەکانەوە، ئەوە دەخاتەڕوو کە  لە دەرئەنجامی ئەو دوو راپرسیەدا دەردەکەوێت هۆکارەکانی هەراسانکردن بەهۆی جیاکاری و کەم بینینی ژنانەوەیە، کە ژنێک ناتوانێت ببێتە بەرپرسی پیاوێک، بەڵام لە بەرامبەردا ژنانی ڕۆژنامەنووس هیچ کاردانەوەیەکیان لە کاتی هەراسانکردنەکدا نەبووە.

 

هەژان خالید نەبوونی کاردانەوە بۆ هەراسانکردن بە کێشەی سەرەکی لێکدەداتەوە، کە پێویستە ڕۆژنامەنووس لە کاتی هەراسانکردندا بزانێت چۆن مامەڵە دەکات، چونکە بێدەنگی و بێ هەڵوێستی بەردەوامی بە هەراسانکردنەکە و بەردەوامی بێدەنگی ژنان دەدات، "بەشێکیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ژنان باوەڕیان وایە کە کۆمەڵگا لەگەڵیان نییە و دژیان دەوەستێت".

 

یاسا مافی ژنان نادات

ئەو وەک توێژەرێک باسی ئەو کەیسانە دەکات کە دێتە بەردەمی، "کەیسمان هەیە دەڵێت چوومەتە بەردەم دادوەر، دادوەرەکە گێچەڵی پێکردووم، دادوەرەکە کۆمەڵێک وشەی پێوتوم کە ئیشی ئەو نییە، ووتوویەتی ئەوە کەی ئیشی تۆیە کچم، بڕۆرەوە ماڵەوە ئامۆژگاری کردووم، لەبری ئەوەی کە لایەنی هەراسانکەر زەقبکاتەوە و لێپرسینەوەی لێبکات، بە منی وتووە ئەوە کەی ئیشی تۆیە".

 

هەژان خالید، پێشتر کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، بەشێکی دیکە لە هۆکاری هەراسانکردنەکان بۆ نەبوونی ژن لە پەیکەری دامەزراوەکاندا گەڕاندەووە، کەمترین ڕۆڵ بە ژنان دەدرێت، "ژنان لەوانەیە هۆشیاریان هەبێت بزانێت مافەکانی چین بەڵام کە هەراسانکرا و بەرپرسی سەرو خۆی بە چاوێکی پیاوسالارانەوە سەیری کرد، ژنەکە نائومێد دەبێت با هۆشیاریش بێت، هەمووان پەیوەستن بە یەکەوە، ئێمە تا ژنمان نەبێت بەشداربێت لە بەڕێوەبەردندا لەناو دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا بەرگری لە ژنان ئاسان نییە".

 

تاکە شتێک کە دەبێتە مایەی خۆشحاڵی هەژان خالید، بەردەوامی ژنانی ڕاگەیاندنکارە سەرباری ئەو هەراسانکردنانە، "بە خۆشحاڵیەوە کەمنیەن ئەوانەی بەهۆی هەراسانکردنەوەی وازیهێناوە، زۆرینە تەحەدایان کردووە".

 

ت.پ