٦٥ ساڵ ئازار و خۆڕاگری بەرامبەر ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکان

شازیە عەزیز یەکێک لەو ژنە ئەفغانیانەی لەڕێگەی ئەو هەڵچوون و شەڕە سیاسییانەی وڵاتەکەی وێران کرد، ئازاری چەشت، بەڵام بەرەنگاری ئەو بارودۆخە بووەوەو بەشداری لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان کرد، سەرەڕای ئەمە لە کۆتاییدا لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا لە کار بێبەشە.

بەهاران لەهیب

 

پەروان- ژنانی ئەفغانستان بە درێژای دەیان ساڵ بەرگەی پەراوێزخستن و هاوسەرگیری زۆرەملێ و ڕەتکردنەوەی خوێندن و دامەزراندنیان لە ژێر پەردەی ئایین و یاسای شەریعەت و نەریتدا گرت، لە نێو شەڕ و کودەتاکاندا، سەرەڕای بەشداریکردنیان لە خۆڕاگریەکاندا، ستەم و گومان تەنانەت لە قۆناغی دوای داگیرکاریشدا بەردەوام بوو لە هێرشکردنە سەریان.

 

لە ناوچەیەکی گوندنشینی ئارام لە ئەفغانستان، شازیە عەزیز لە خێزانێکی چینی مامناوەند لە گوندێکدا لەدایک بووە، ٢٧ ساڵ دوای دەستپێکردنی دەسەڵاتی زاهیر شا، گەورەترینی خوشک و براکانی بوو، ٦٥ ساڵ ژیاوە و شاهیدی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر بووە لە وڵاتەکەدا، لە ڕێگەی ئەزموونی تایبەتی خۆیەوە ئەو هەڵچوونانە دەگێڕێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتە جیاوازەکاندا شاهیدی بووە و ئەو کاریگەرییە قووڵانەی ئەم قۆناغانە لەسەر ژیانی هەبووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە خێزانێکی چینی مامناوەند لەدایک بووم، دایک و باوکم بارگرانییان لەسەر بوو بە پەروەردەکردنی ١٠ منداڵ، وەک کچە گەورەکەش بەرپرسیارێتییەکی بەرچاوم لە ئەستۆ گرت لە کاری ماڵەوە و کشتوکاڵدا، نەمدەتوانی درێژە بە خوێندنەکەم بدەم، لەو کاتەدا دەسەڵات داوایان لە خێزانەکان دەکرد کوڕ و کچەکانیان بنێرن بۆ خوێندنگە، ئەگەر خوێندکارێک بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئامادەنەبووایە، ئەوا ئیدارەی خوێندنگەکە دەچووە ماڵەکەیان، ئەگەر بیانوویەکی باوەڕپێکەر نەبووایە، ئەوا خێزانەکە ناچار دەبوو منداڵەکە بنێرتەوە بۆ خوێندنگە.

 

دووپاتی کردەوە، کە سەرەڕای هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی خوێندن و ناچارکردنی خێزانەکان بۆ ناردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگە، زۆرێک لە خێزانەکان لە گرنگییەکەی تێنەگەیشتن و پەنایان بردە بەر ڕێگەی جیاواز بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەتوانن ئامادەبن، هەروەها خێزانەکەمان لەنێویاندا بوو، هەموو خوشک و براکانم بە بێ پەروەردە مانەوە، چونکە باوکم پیاوێک بوو کاریگەری بەرچاوی هەبوو، کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ بەرپرسان هەبوو، ئەمەش وایکرد بتوانێت ڕێگری لە کارماندانی خوێندنگەکان بکات سەردانمان بکەن یان ڕێگریمان لێبکەن بۆ ناو تۆمارکردن.

 

ڕوونی کردەوە، ئێمەی منداڵانی کچ باری کاری ماڵەوە و کشتوکاڵمان لە ئەستۆ گرت، هاوکاری دایکمان دەکرد بۆ چاودێریکردنی منداڵەکان، بەم شێوەیەش بێبەش بووم لە درێژەدان بە خوێندن، سەرەڕای خواستی من بۆ ئەو کارە، بەهۆی بارودۆخی باوی کۆمەڵایەتی و تێڕوانینە نەریتیەکانی ئەو سەردەمە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا تەمەنی پانزە ساڵی، هەرگیز گوندەکەم بەجێنەهێشتووە، هەرگیز پێمم نە خستۆتە شارەکەوە، تەنانەت لە پایتەختی پارێزگاکەشدا، ژیانم لە کێڵگە و خانووە قوڕییەکان قەتیس بوو تا هاوسەرگیریم کرد، کە ئەوە یەکەم هەنگاوم بوو بۆ ناو جیهانی دەرەوەی گوندەکە، لەو کاتەدا ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی محەمەد داود خان، یەکەم سەرۆکی کۆماردا بوو، هەروەها نیشانەکانی گۆڕانکاری لە وڵاتەکەدا دەستیپێکردبوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک بۆ یەکەمجار پێم خستە ناو کابول، وێنەیەکی تەواو جیاواز لە ژنانی ئەفغانیم بۆم ئاشکرا بوو، ژنانی خوێندەوار و هۆشیارم بینی کە چێژ لە بارودۆخی ژیانێکی باشتر وەردەگرن، بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن، دەنگیان بەرزکردەوە، بوێرانە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی پیاوسالار دەبنەوە، هەموو یاسایەک یان ڕەفتارێکیان ڕەتدەکردەوە کە جیاکاری لە دژی ژنان بکات و بە هەموو توانایانەوە بەرەنگاری بوون.

 

وتیشی: لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، گەشتێکی زیاترم کرد و بۆم دەرکەوت کە ئەم هۆشیارییە تەنها لە ژنانی کابولدا سنووردار نەبووە، بەڵکو لە نێو زۆرێک لە ژناندا لە سەرتاسەری ئەفغانستاندا هەبووە، بەڵام لەگەڵ کودەتاکەی ٧ی ئایاری ١٩٧٨ هەموو شتێک گۆڕا، ئەو کاتە بوو کە گەڕامەوە بۆ گوندەکەم، دایکی منداڵی بچووکە بووم، کاتێک باوکم و پیاوانی گوندەکە پێیان وتم کە یەکێتی سۆڤیەت هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکە، پیاوەکان بە هەر دەستێک بێت خۆیان چەکدار کرد، چەکێک کە دەیانتوانی بیدۆزنەوە و بەرەیەکی خۆڕاگریان لە دژی دەسەڵاتداران و هێزەکانی سۆڤیەت پێکهێنا.

 

شازیە عەزیزی، وتی: شەڕ بێ بەزەییانە لە دەرگای گوندەکەمان دەدات، تۆپبارانە بەردەوامەکان ڕۆژەکانی ئێمەی کردبووە کابووس، هەروەها خۆشەویستترین هاوڕێ و کەسوکارمان لەدەست داوە، لە نێو قوربانییەکان دوو منداڵی کچ کە لە بنەماڵەی مامم بوون، لە چرکەیەکدا لە ژیاندا نەمان، هەرکاتێک زەماوەندێک یان کۆبوونەوەیەکی سادە ڕووی دەدا، هێزەکانی “دروستکردن” و “بەرجام” دەیاندۆزییەوە و شوێنەکەیان بۆردوومان دەکرد یان بە تانک دەیانکردە سەر و بەبێ دوودڵی تەقەیان لە گەنجەکان دەکرد.

 

ژنانی گوندەکە بەرگریان لە خۆیان کرد

جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم توندوتیژییە دڕندانەیە ژنەکانی تووڕە کرد، ئەوان سەرکەوتنە سەر سەربانەکان و چاویان لە سەربازە ڕووسەکان دەکرد و ئاوی کوڵاویان بەسەردا دەڕژاند وەک جۆرێک لە خۆڕاگری، کە ئەمەش شێوازی بەرگریکردنی ژنان بوو لە گوندەکەمان، منیش یەکێک بووم لەوانە، من دایکی پێنج منداڵم، بچووکترینیان کچەکەم بوو، کە تەمەنی تەنها ٢٠ ڕۆژ بوو کاتێک باوکی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا کوژرا لە ساتەوەختەوە گەشتی ئازارەکانم دەستی پێکرد، دەستم کرد بە کارکردنی دروومان، بە هەموو ئەو هێزەی کە هەمبوو، بەرەنگاری هەژاری و بێبەشی بوومەوە، پشتگیری منداڵەکانمم دەکرد، کاتێک ڕوسەکان کشانەوە، هەناسەیەکی ئاراممان هەڵکێشا و پێمان وابوو هیوا گەڕاوەتەوە، بەڵام خەونەکانمان بە خێرایی پارچەبوون، کە هێزی دڵسۆز بۆ ئەحمەد شا مەسعود و قلب دين حکمەتیار هاتنە ناو گوندەکانمانەوە و موڵک و ماڵی خەڵکیان تاڵان دەکرد و هەڕەشەیان لێدەکرد، وەک ئەوەی بە سادەیی لە داگیرکارییەکەوە بۆ داگیرکارییەکی دیکە گواسترابینەوە.

 

ڕوونی کردەوە، کە خەڵک لە ژێر سێبەری شەڕدا دەژیا، هەروەها ترسی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانی کچ وای لە خێزانەکان کرد کە لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیریان پی ئەنجام بدەن، بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ ئەوەی هەندێک سەرکردە ڕابگرن، کە وەک تاڵیبان ئەمڕۆ دەیکەن، منداڵە کچەکانیان بە زۆر هاوسەرگیریان پێ ئەنجام دەدەن، هەروەها لە دوای کودەتاکەی شۆڕش، ژنانی ئەفغانستان وەک قوربانی قامچی لێدراوی "ئاین"، "شەرعی"،  "نەریتەکان".

 

"منیش وەک ملیۆنان ژنی دیکە لە مافەکانم بێبەشم”

ڕوونیکردەوە، کاتێک کابول کەوتە دەست تاڵیبان، من لەگەڵ منداڵەکانم لە پەروان دەژیام، بەڵام کاتێک شەڕ لە نێوان هێزەکانی ئەحمەد شا مەسعود و تاڵیباندا دروستبوو، ناچار بووین لە ماڵەکەمان ئاوارەببین کاتێک گەڕاینەوە، بۆمان دەرکەوت کە کەلوپەلەکانمان لەلایەن پیاوەکانی مەسعودەوە تاڵان کراون، ئەوەش هەر یەک جار نەبوو، چونکە ساتەکانی ئاوارەبوون و لەدەستدان چەندین جار دووبارە بووەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە ئۆفیسێکدا کارم دەکرد و توانیم ژیانێکی شایستە بۆ منداڵەکانم دابین بکەم، هەروها منیش وەک ملیۆنان ژنی دیکە لە مافەکانم بێ بەشکرام، بەشداریم لە هەندێک خۆپیشانداندا کرد، بەڵام هەر زوو بووم بە ئامانجی گومان بۆ تاڵیبان، کە چەند جارێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم.