٢٥ تشرینی دووەم هێشتا نەبووەتە جێی بایەخی دەزگا ڕاگەیاندنەکان
ساڵانە هەزاران توندوتیژی لەم هەرێمەدا تۆمار دەکرێت، بەڵام هێشتا توندوتیژی نەبووەتە بابەتێکی گەرمی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستان، تەنانەت لە ٢٥ تشرینی دووەمیشدا یەک هەواڵیش لەبارەی ئەو ڕۆژەوە بڵاونەکراوەتەوە.
تەرزە تەها
سلێمانی- ٢٥ تشرینی دووەم دەستپێکردنی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە دژی ژنان لە ئاستی جیهاندا، ساڵانە لەم ڕۆژەدا وێڕای چالاکی ڕێکخراوە جیهانی و ناوچەییەکان بەو پرسە، ئەو دوو هەفتەیە دەبێتە ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنەکان، دەیان ڕاپۆرت، بەرنامەی تایبەت، هەواڵ و لێدوان لەبارەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بڵاودەکرێنەوە.
بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم دۆخە تەواو پێچەوانەیە، بەشێک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان تەنانەت یەک هەواڵیشیان لەبارەی ٢٥ تشرینی دووەم بڵاونەکردووەتەوە.
بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یەکێکە لە ئەرکەکانی ڕاگەیاندن
بەپێی بنەماکانی کاری ڕاگەیاندن، ڕاگەیاندن کۆمەڵێک ئەرکی هەیە کە دەبێت جێبەجێی بکات، ئەوانیش، پێدانی زانیاری، گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، خوڵقاندی پاڵنەرەکان، ئەرکی ئەنجامدانی سیمینار و گفتوگۆ، کات بەسەربردن، بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و هۆشیاری.
بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی ٢٥ تشرینی دووەم، کە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە دژی ژنان، دەکەوێتە چوارچێوەی ئەرکەکانی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ڕۆشنبیری، گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، چونکە کۆمەڵگایەک کە لێوان لێوبێت لە توندوتیژی دەرچەیەکی بۆ گەشەکردن نییە، لەگەل ئەوەشدا ڕاگەیاندن دەبێت ببێتە یەکێک لە پاڵنەرەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و جوڵاندنی ڕایگشتی لەبارەی ئەو پرسەوە.
ئەگەرچی ئەمە بنەمای کاری ڕاگەیاندن و ئەرکە ڕاستەقینەکانی دەزگا ڕاگەیاندنەکانە، بەڵام بەشێک لە میدیا ئەلیکترۆنییەکان ئەوەی باسی ناکەن و گرنگ نییە بۆیان بابەتی توندوتیژی دژی ژنانە، یەک هەواڵ یاخود ئینفۆگرافیکێکیان تایبەت بەو ڕۆژە و دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نییە.
ئەم گرنگی پێنەدان و وەلانانەی دەزگا ڕاگەیاندنەکان لە کاتێکدایە، کە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەرێمی کوردستان مانگانە ئامارەکان بڵاو دەکاتەوە، ئەو ئامارانەش گەواهیدەری بەرزی ڕێژەی توندوتیژییەکانن بەرامبەر ژنان، ساڵانە بە هەزاران توندوتیژی بەرامبەر ژنان تۆماردەکرێت، بەڵام هێشتا دەزگا میدیاییەکان بۆیان گرنگ نییە.
ت.پ