چالاکوانانی عێراقی: ئاستەنگی لەبەردەم وەرگرتنی پۆستی بریاردان بۆ ژنان هەیە

چالاکوانانی عێراق دووپاتیان کردەوە کە ژنان سەرەڕای ڕۆڵی کارا و خەباتیان بۆ وەرگرتنی پۆستی بڕیاردان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان، ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە.

ڕاما شاهین

 

بەغدا- چالاکوانانی مافی ژنان لە عێراق جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکانی ژنان بۆ گەیشتن بە پێگەی بڕیاردان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە سەبارەت بە مافەکانیان کردەوە.

 

لەبارەی زوڵمی ژنان و ئاڵنگارییەکانی لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، سالی محەمەد نەجیب، بەڕێوەبەری پڕۆژەی کۆمەڵەی ژنانی بەغدا وتی: ژنان لە عێراق بەدەست ئەو دابونەریتە بەسەرچووانە دەناڵێنن کە لە کۆمەڵگەدا چەسپاوە، ئەمە جگە لە سەیرکردنی ژن وەکو لاواز، هەروەها کار بەو یاسایانە ناکرێت کە ماف و پاراستنی ژنان بکات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە "ژنان زۆر هەوڵدەدەن بۆ گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بە هەموو ڕێگەیەک"، وەها سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنان لە بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە و هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی خۆیان، دەڵێت: بۆ گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە ژنان پێویستییان بە ساڵانێکی درێژ کارکردن هەیە، بە تایبەت لە وڵاتێکدا کە کارەکتەری خێڵەکی زاڵە، بۆیە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنان دەبێت کۆمەڵگە پەروەردە بکەن و پشتگیری لە ژنان بکەن و لە نێوان خۆیاندا یەکبگرن.

 

سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی بڕیار لەلایەن ژنانەوە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا، ئەو ڕوونیدەکاتەوە کە "شکستهێنانی ژنان لە وەرگرتنی پۆستی بڕیاردان یەکێکە لە هۆکارەکانی ڕەتکردنەوەی پیاوان بۆ قبوڵکردنی بیرۆکەی ژنان، لە نەبوونی پشتیوانی و پاڵنەر و یەکسانی ڕەگەزیدا ڕەتکردنەوەی ژنان ڕوودەدات، تەنانەت ئەو ناوانەی دەدرێن بە پۆستە باڵاکان پیاوانەن، بۆ نموونە لە لیستەکانی کاندیدکردندا شتێک نییە بە ناوی وەزیر( وەزیرة بۆ کچ لە زمانی عەرەبیدا)، بەڵکو وەزیر(بۆ کوڕ) دەنووسرێت، تەنانەت ئەگەر کاندیدەکەش ژن بێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر ژنان پۆستە باڵاکانی بڕیاردان وەک سەرۆکایەتییەکان وەربگرن، ئەوە دەبێتە ڕێنێسانسێکی شارستانی بۆ کۆمەڵگەکانمان، چونکە ژنان بنەمای کۆمەڵگەن و دەزانن پێداویستییەکانی چین، ژنانی عێراق لە ماوەی ئەمساڵدا هەوڵیانداوە ژنانی زیاتر بچنە پۆستە باڵاکانی بڕیاردانەوە.

 

بەرتەسککردنەوەی ئازادی ژنان لە کۆمەڵگەدا

ئەنسام سەلمان، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی "آيسين" سەبارەت بەو کێشانەی کە ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە دەڵێت: ئاسان نییە ژنان بچنە ناو بازاڕی کار، یان وەک چالاکوانێکی فێمینیست و داکۆکی لە مافەکانی ژنان کارەکانیان ئەنجام بدەن، گاڵتەیان پێدەکرێت و بە شەرمەزارییەک بۆ کۆمەڵگە دادەنرێت، زۆرێک لە ژنان بەهۆی هەڕەشەی خێڵەوە بۆ سەریان ناچاربوون شوێنی نیشتەجێبوونیان بگۆڕن، هەرکاتێک لە کارەکانیان وەک چالاکوانی فێمینیست و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان دەردەکەون، هەڕەشەیان لێدەکرێت و تۆمەتبار دەکرێن بەوەی کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە دەدەن، هەوڵدەدەین ئەو ژنانە بەهێز بکەین کە توانای پێشەنگایەتی کۆمەڵگە و پێشکەوتنیان هەیە.

 

سەبارەت بە ترسی پیاوان لە هاتنە ناوەوەی ژنان لە سیاسەت و وەرگرتنی پۆستی بڕیاردا، ئەنسام سەلمان دەڵێت: کۆمەڵگە باوەڕی بە تواناکانی ژنان نییە و وەرگرتنی پۆستی بڕیاردان و بەشداریکردنیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا قبوڵ ناکات. نوێنەرایەتی ژنان زۆرجار فەرمییە، واتە ژنان تەنها بۆ وێنە بەشدارن، بەجۆرێک بەشداریکردنیان لە پەرلەمان لەو ٪٢٥ە زیاتر نەبێت.

 

وە جەختیشی کردەوە کە "نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ژنان لە پەرلەمان لە ڕێگەی پێدانی مافی پەیوەستبوونیان بە لیژنە گرنگەکانی پەرلەمان بۆ بەرگریکردن لە کێشەکانی ژنان و بەشداریکردن لە پەسەندکردنی هەندێک یاسا کە مافەکانیان پێدەبەخشێت، وەک یاسای تایبەت بە ناوخۆ و توندوتیژی ئەلیکترۆنی، چونکە نەبوونی ئەو جۆرە یاسایانە دەبێتە هۆی جیابوونەوەی ژنانی دەستدرێژی لێکراو لە هاوبەشەکانیان، بەم شێوەیە سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان لەدەست دەدەن، یان ژنانی قوربانی کۆتایی بە ژیانیان دەهێنن.