زۆزان بەکر: چیتر هیچ هێزێک ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی کورد بکات

لەبارەی پەیماننامەی لۆزان، زۆزان بەکر، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات وتی:شۆڕشی ١٩ی تەمموز گەورەترین وەڵامە بۆ پەیماننامەی لۆزان.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣، هاوپەیمانی لۆزان لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و بەڕێوەبەرانی ئەنقەرە لە لۆزانی سویسرا واژۆ کرا، لەم ڕێککەوتنەدا جوگرافیای کوردستان کە لە پەیماننامەی قەسری شیرین لە ساڵی ١٦٣٩ دابەش بوو بەسەر دوو بەشدا کرایە چوار بەش، لە نێوان تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٠٠ سالەی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە گەلی کورد لە نێوان چوار وڵاتدا ڕووبەڕووی هەموو شێوازەکانی جینۆساید و وەستانەوە بوونەتەوە، زۆزان بەکر، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات بارودۆخی گەلی کوردی لەم پرۆسەیەدا هەڵسەنگاند.

 

"لەگەڵ لۆزان سەدەیەک لە چەوسانەوە دەستیپێکرد"

لە سەرەتای قسەکانیدا زۆزان بەکر وردەکارییەکانی واژۆکردنی ڕێککەوتنی لۆزانی بەبیرهێنایەوە و وتی: هاوپەیمانی لۆزان، کە دابەشبوونی جوگرافیای کوردستانی لەگەڵ خۆیدا هێنا، ئێستا سەدەیەک تێدەپەڕێت، لەگەڵ دابەشبوونی دەسەڵاتی عوسمانی لە سەدەی بیستەمدا، خەڵکی کوردستان زۆر کاریان کرد بۆ بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەری و دۆزی خۆیان، بەڵام بەداخەوە، لە ساڵی ١٩٢٣ئەو ئامانجە شکستی هێنا، لەو کاتەدا پەیماننامەی لۆزان واژۆ کرا، ئێمە ئەم هاوپەیمانێتییە وەک گەورەترین کودەتا بۆ گەلی کورد دەبینین، بۆیە ئێستا کوردستان بە فەرمی بووەتە چوار بەش و لەهەر بەشێکدا هێزێکی دەسەڵاتدار هەیە، . بەپێی ماددەکانی ٦٢، ٦٣،٦٤  هاوپەیمانی سیڤەر، کوردەکان دەبوو چارەنووس و سیستمی خۆیان لە سیستمەکەدا دیاری بکەن بۆ ئەوەی خۆیان بنیاد بنێنەوە، بەڵام دوای سێ ساڵ لە دابەشکردنی کوردستان، پێشەنگان کۆمەڵکوژکران و گەل ڕووبەڕووی کۆچ و جینۆساید بوونەوە.

 

"هەمان هۆشیاری کوردستانی داگیرکردووە"

زۆزان بەکر سەبارەت بە کاریگەری لۆزان لەسەر بارودۆخی گەلی کورد وتی: سەدەیەک تێپەڕیوە لەو پیلانگێڕییە، ئەگەر یەکێک باسی بارودۆخی کوردەکان بکات لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، زۆر بابەت هەیە کە پێویستە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، لە سەدەی ڕابردوودا دوو هێڵ بەیەکەوە بوون، کوردەکان خەباتیان کردووە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان بەبێ وەستان، بە پێچەوانەوە، ئەو هێزانەی کە ڕێککەوتن لەسەر هاوپەیمانێتی لۆزان بەبێ وەستان هێرشیان دەکرد بۆ ئەوەی کوردەکان ڕانەپەرن و چیتر باسی ماف و بوون و ناسنامەی خۆیان نەکەن، ئەم بارودۆخە لە هەر چوار بەشی کوردستان ڕوویدا، بە تایبەتی لە باکوری کوردستان، هەزاران ئۆپەراسیۆنی قڕکردن ئەنجامدران، سەدان کۆمەڵکوژی ئەنجامدران، سەدان گوندی کورد سوتێندران و تاڵانکران و لە ئەنجامدا گەل کۆچیان کرد، لە لایەکی ترەوە، هەزاران ژن، گەنج و پێشەنگانی کۆمەڵگە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیادان، بارودۆخی بەشەکانی دیکەی کوردستان جیاواز نەبوو. لە ئەنجامدا، هێزە هەژموونییەکان کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەبەن لەسەر هەمان هۆشیاری تاکلایەنە بنیادنراون.

 

"شۆڕشی ١٩ی تەموز تۆڵەکردنەوەی سەدەیە"

زۆزان بەکر تیشکی خستە سەر سەدەی لۆزان و وتی: ئێمە ئێستا لە مانگی تەمموزداین کە هاوپەیمانی لۆزان لە لایەکەوە هەیە و ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمموز کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و بۆ کوردستان بڵاو بووەوە هەیە، ئەمڕۆ بارودۆخی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک یەک نییە، لە دژی هێزە دەسەڵاتدارەکان، هۆشیاری تاکلایەنە و ئەو کردەوانەی کە ئێمە بۆ ماوەی سەدەیەکە تێیدا دەژین، شۆڕشێک کە لەلایەن ژنان و کۆمەڵگەوە پێشەنگایەتی دەکرێت ڕوویدا، شۆڕشی ١٩ی تەمموز گرنگترین و گەورەترین وەڵامە بۆ هاوپەیمانی لۆزان، ئامانجی ڕێککەوتنی لۆزان دابەشکردن و لەناوبردن بوو، بەلام ئەو شۆڕشەی بۆ ماوەی ۱۱ ساڵە بەردەوامە بۆ لەناوبردنی ئەم دابەشکردنە و کۆکردنەوەی گەلە، لەم جوگرافیایەدا کە سەدەیەک لەمەوبەر دابەش بوو، ئەمڕۆ نەک تەنها گەلی کورد، بەڵکو هەموو پێکهاتەکان لێرە یەکێتی خۆیان دامەزراندووە، سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک لە نێوان گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ دەکرێت و ئەم سیستمە یەکێکە لە پڕۆژەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

 

"ئێمە شۆڕشەکەمان بەهێز دەکەین و دەستکەوتەکانی دەپارێزین"

زۆزان بەکر، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان سەدەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بنیاد دەنێن و وتی: لە سەدەی ٢١دا، گەلی کورد دۆزو شۆڕشی هەیە، هەروەها ژنانی کورد کە تا ئێستا پشتگوێخراون، ئەمڕۆ پێشەنگایەتی هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەکەن، لەبەر ئەم هۆکارە ئەم سەدەیە زۆر جیاواز دەبێت، لەڕاستیدا لە سەدەی ڕابردوودا چەندین ڕاپەڕین ڕوویان داوە، بەڵام ئەمڕۆ خەڵک بە بەرخۆدان و پرۆژە و شۆڕشەکانیان سەرنجی هەموو جیهانیان ڕاکێشاوە کە هیچ هێزێک ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی کورد و پێشەنگایەتی ژنان و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بکات، شۆڕشی ١٩ی تەمموز دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و ئامرازێک بۆ کۆتایی هێنان بەو سیستمە دەسەڵاتدار و هەژموونییانەی کە چەندین سەدەیە لەسەر بەهاکانی کۆمەڵگە دامەزراون، لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە شۆڕشەکەمان بەهێزتر دەکەین و دەستکەوتەکانی دەپارێزین، بەم شێوەیە، ئێمە ڕێگە بە دروستکردنی لۆزانی نوێ نادەین، بە پێچەوانەوە، ئێمە خۆمان لە هاوپەیمانی لۆزان ئازاد دەکەین و سەدەیەکی ئازاد و دیموکراتیک دەست پێدەکەین.