زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی قەرچک دەکەوێتە چاودێری چڕەوە
سومەیە ڕەشیدی کە بە هۆی نووسینی دروشم لە گەڕەکی جەوادیەی تاران دەستبەسەر کرابوو، دوای گواستنەوەی لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی قەرچەک لە شاری ورامین لە ئێران، بە هۆی پشتگوێخستنی تەندروستیی کاربەدەستانی زیندان، کەوتە چاودێری چڕەوە.

ناوەندی هەواڵ
سومەیە ڕەشیدی، چالاکوانی مەدەنی مانگی ئایاری ڕابردوو بە هۆی نووسینی دروشم لەو شارە دەستبەسەر کرابوو، دوای گواستنەوەی لە زیندانی ئێڤین، تووشی پشتگوێخستنی چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی زیندانی قەرچەکەوە بوو، ئەم پشتگوێخستنە بووە هۆی تێکچوونی توندی تەندروستی و کەوتنە ناو چاودێری چڕوە.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سومەیە ڕەشیدی چەندین جار تووشی گرژبوون بووبوو، بەڵام گواستنەوەی بۆ دامەزراوە پزیشکییەکان هەمیشە دواکەوتوو و کەمتەرخەم بوو، دوای ئەوەی باری تەندروستی ناجێگیر بوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی مۆفەتێ لە شاری ورامین و پزیشکەکان ئاستی هەڵسانەوە بە زۆر نزم هەڵسەنگاند و هیوایەکی کەمیان بۆ چاکبوونەوەی دەربڕی.
لە ڕاپۆرتێکدا، کە "پیدەرزانی" بڵاویکردۆتەوە، سوغرا خودادادی، بەڕێوەبەری زیندانی قەرچەک ڕاستەوخۆ بە بەرپرسی ئەو ڕووداوانە زانرا، ڕێکخراوەکەش بە "سیاسەتێکی سیستەماتیکی ئەشکەنجەدانی زیندانیان تا مردن" پێناسەی کردووە، ئەم سیاسەتەیە کە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی زیندانیانی سیاسی و تەنانەت تاوانبارانی ئاسایی دەکات.
بەگوێرەی هەواڵەکانی سەرچاوە ئاسایشییەکان، بەرپرسانی زیندان کێشە تەندروستییەکانی سومەیە ڕەشیدییان بە "نەخۆشییەکی دروستکراو" زانیوە و تەنها دەرمانی هێورکەرەوەیان بۆ نووسیوە، کە ئەمەش بووە هۆی خراپتربوونی بارودۆخی و بووە هۆکاری ئەوەی بکەوێتە چاودێری چڕەوە.
ئەم کارەساتە تەنها یەک ڕۆژ دوای گیانلەدەستدانی جەمیلە عەزیزی، زیندانی دارایی لە زیندانی قەرچەک بە هۆی ڕەتکردنەوەی چارەسەری پزیشکییەوە دێت، کە هەرچەندە زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر دەستەبەرکردنی کەفالەتەکەیدا تێپەڕیبوو، بەڵام لە زینداندا مابووەوە و نەگوازرایەوە بۆ دامەزراوەیەکی پزیشکی.