زیندانی سیاسی پێشوو: بێ ترس بەردەوام دەبین لە دژی سزای لەسێدارەدان

مەعسومە قاسمی پور، ئەکتەر و زیندانی سیاسیی پێشووی ئێران، ئەو هەراسانانەی ڕەتکردەوە کە ئاراستەی ڕەخنەگرانی سزای لەسێدارەدان دەکرێت و هەڵوێستی بێ چەواشەکاری خۆی لە دژی سزای لەسێدارەدان و بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆڤ دووپاتکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

مەعسومە قاسمی پور، ئەکتەر و زیندانی سیاسی پێشووی ئێران لە وەڵامی زیادبوونی سزای لەسێدارەدان و هەڕەشەکانی دەزگای دادگای ئێران بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن لە دژی ڕەخنەگران و نەیارانی سزای لەسێدارەدان، ڕایگەیاند، کە بەبێ ترس و دوودڵی لەگەڵ کەمپینی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" بەردەوام دەبێت.

 

مەعسومە قاسمی پور لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی "دەتەوێت چیمان لێبکەیت؟... بڕۆ پێشەوە، ئەو چەند دەنگە بێدەنگ بکە کە ماونەتەوە کە بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکەن لەم خاکەدا".

 

مەعسومە قاسمی پور پێشتر هەڵوێستی لە دژی ئەو کوشتار و سەرکوتکردنانەی دەوڵەت وەرگرتووە، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی” و پشتیوانی هونەرمەندان لە ژنانی ناڕازی لە ئێران، ڕوونیکردەوە، کە چیتر ئامادە نییە لەبەردەم کامێرادا دەربکەوێت کە بە "حیجابی سەپێنراو و بێڕێز" پێناسەی دەکات.

 

لەو کاتەدا، جەختی لەوە کردەوە، کە وەستانەوە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران و لابردنی حیجابی زۆرەملێ کارێکی قارەمانانە نییە، بەڵکو "جێبەجێکردنی ئەرکێک" و وەستانەوە لە پێناو ڕاستی و دادپەروەریدا، مەسعوومە قاسمی پور  ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە شاری ئامۆڵ دەستبەسەرکراو و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین جار ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەران گرتووە و هاوسۆزی خۆی لەگەڵ گەلی ئێران ڕاگەیاندووە.

 

شایانی باسە کە دەزگای دادگای ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا قسەکانی خۆی لە دژی ڕەخنەگرانی سزای لەسێدارەدان و چالاکوانانی مەدەنی لە ناوخۆی ئێران پەرەپێداوە و ڕایگەیاندووە کە هەرکەسێک دژایەتی جێبەجێکردنی ئەو سزایانە بکات، ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگرێتەبەر، دادستانی تاران ڕەخنەگرانی لەسێدارەدانەکانی بە "لایەنگری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی کودەتاچییەکان" پێناسە کرد و هەڕەشەی لێپێچینەوە لە هەر کەسێک دەکات کە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو سزایانە هەبێت، کە بە دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنە یاساییەکان لەبەردەم دەزگای دادوەری جیاوازدا دەرچووە.