زەینەب ئەردەم لە مەخموور بەبیرهێندرایەوە
شۆڕشگێڕ ژیان یان زەینەب ئەردەم لە یادی ٣٠ ساڵەی ژیانیدا بە مەراسیمێک کە لەلایەن ئەکادیمیای شەهید ژیانی کامپی پەنابەرانی مەخموورەوە بەڕێوەچوو، بەبیرهێندرایەوە.

مەخموور
شۆڕشگێڕ ژیان "زەینەب ئەردەم" کە لە ١٣ی ئەیلوولی ١٩٩٥ لە کامپی ئەتروش لە ئەنجامی گولـلەی پەدەکە شەهید بوو، لە ٣٠ ساڵەی ژیانیدا لەلایەن ئەکادیمیای شەهید ژیان لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" بەبیرهێندرایەوە.
مەراسیمی بەبیرهێنانەوەکە لە ئەکادیمیای شەهید ژیان بە بەشداری دانیشتووانی کامپەکە بەڕێوەچوو. پێش ڕێوڕەسمی یادکردنەوە، بە خولەکێک وەستان ڕێز لە هەموو شەهیدانی شۆڕشی کوردستان لە کەسایەتی تێکۆشەر ژیاندا گیرا، دوای ڕیزگرتن، جیهان کاپلان، ئەندامی ئەنجومەنی عشتار باسی لە خەباتی شەهید ژیان کرد.
"هەموو ڕەنج و خەباتی ئەو بۆ گەلەکەی بوو"
جیهان کاپلان باسی لە کەسایەتی گیانفیدا ژیان کردو وتی: هەڤاڵ ژیان ماوەیەکی زۆر لە کامپەکەدا ژیاوە، ئێستاش بچیتە کام ماڵەوە باسی لێدەکرێت، ڕەنج و هەوڵی هەڤاڵ ژیاان لەبیرناکرێت یان لەدەست ناچێت، چونکە هەموو ماندووبوون و تێکۆشانەکەی بۆ گەلەکەی بووە، هەمیشە بەبڕیارانە دژی خیانەتەکەی ناوخۆی پەدەکە وەستاوە.
"ئێمە بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێین"
جیهان کاپلان لە کۆتایی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: ڕێبەر پەرەی بە مانیفێستەکە داوە، پێویستە هەریەکەمان بە وردی بیخوێنینەوە و لێی تێبگەین، چونکە بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێین، بۆ ئەوەش تاکە ئامانجمان ئەوەیە کە شوێنپێی شەهیدان بکەوین و تێکۆشانمان بۆ ئازادی و دیموکراسی فراوانتر بکەین.
دوای وتارەکە بینەری سینەفزیۆنێک بوون کە لەسەر ژیان و خەباتی شۆڕشگێڕ ژیان ئامادەکرابوو.
مەراسیمەکە بە دروشمی "شەهیدان هەرگیز نامرن"، "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.