زەینەب جەلالیان،سیاسەتمەداری کورد بە فشارەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا

دوای ١٦ ساڵ لە زیندان، زەینەب جەلالیان، سیاسەتمەداری کورد کە هێشتا ڕێگەی پێنەدراوە بۆ خزمەتگوزارییە پزیشکیەکان و سەردانی خێزانەکەی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد لەژێر فشاردایە بۆ دەربڕینی پەشیمانی و دانپێدانانی بەزۆرەملێی.

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە تیایدا پشتڕاستی دەکاتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ زەینەب جەلالیان کردووە، پێی وتراوە، دەتوانێت خێزانەکەی ببینێت ئەگەر "دان بە ڕاستییەکانی تۆمەتەکانیاندا بنێت" و پەشیمانی دەرببڕێت، تا ئەو کاتەی پەشیمان دەبێتەوە، لە هەموو مافە بنەڕەتییەکانی بێبەش دەبێت، لەوانە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی.

 

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ، لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٠٨ دەستگیرکرا و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا و دوو ساڵ و هەشت مانگ لەمەوبەر گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندی یەزد و مافی سەردانیکردنی ڕەتکرایەوە و بەردەوام ڕووبەڕووی فشاری هێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە.

 

هەرچەندە زەینەب جەلالیان تووشی نەخۆشییەکانی وەک لاوازی بینین، نەخۆشی گورچیلە و کێشەی هەرسکردنی هەیە، بەڵام هێشتا بەهۆی فشاری دەسەڵاتدارانی ئەمنییەوە ڕێگەی پێنەدراوە بچێتە خزمەتگوزاری پزیشکی.