زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە سودان مەترسی تووشبوون بە کۆلێرایان لەسەرە

ڕێکخراوی یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" هۆشداریی داوە کە سێ ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس لە سودان مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی کۆلێرا لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، نەخۆشی و پەتاکان بڵاوبوونەتەوە، وەک کۆلێرا، مەلاریا، سورێژە، و تای خوێنبەربوون، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس لەو وڵاتە.

 

هەردوولاى شەڕى سودان بەردەوامن لە ئاستەنگکردنى دەستڕاگەیشتنى مرۆیی، ئەمەش وایکردووە نەتەوەیەکگرتووەکان و ١٠ وڵاتی بەخشەر بەیاننامەیەک بڵاوبکەنەوە و داوا لە سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەکەن پابەندبن بە ئەرکی خۆیان بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاسانکاری بۆ چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان.

 

دوێنێ ١٨ی تشرینی یەکەم، سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ڕایگەیاند، سێ ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس لە سودان مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی کۆلێرا هەیە، کە ٥٠٠ هەزار کەسیان لە خوار تەمەنی ٥ ساڵەوەن، وەزارەتی تەندروستی لە سودان زیاتری تۆمارکردووە لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ٢٥ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتەکەدا ڕوویداوە، لەناویاندا ٧٠٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی تەندروستی لە سودان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو خراپی دەڕوات لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی شەڕ لە ژمارەیەک بوار لە سودان، هەروەها بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا بۆ کەمی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و حکومییەکان دەگەڕێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان ، بە تایبەتی لەگەڵ نەبوونی ئاوی خواردنەوە و پاکوخاوێنی.

 

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، شەپۆلەکانی ئاوارەبوون لە ئەنجامی شەڕەکە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی نەخۆشی کۆلێرا، بەو پێیەی هەزاران ئاوارە لە ناوەندەکانی داڵدەدان دەژین کە سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیان و خزمەتگوزاری تەندروستی و یارمەتییەکانی پاکوخاوێنی ژینگەیان نییە، لە هەمووی گرنگتر ئاوی خواردنەوە و ئامرازە جۆراوجۆرەکانی پاککردنەوەن.

 

سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە شەڕێکیان دەستپێکردووە و بەهۆیەوە نزیکەی ١٣ هەزار و ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٧.٩ ملیۆن کەس ئاوارەبوون و نزیکەی ٢.١ ملیۆن کەسیش پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە.