زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییە درمیەکان لە یەمەن تۆمار کراون

لە ماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا بەهۆی بەردەوامی شەڕ لە چەند ناوچەیەک کە بووە هۆی دروستبوونی بەربەست لە کارکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان لە یەمەن، حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە درمیەکان گەیشتە هەزاران کەس.

یەمەن

 

پزیشکانی بێ سنوور لە ماوەی ٧ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا و مەلاریا و تای خوێنبەربوونیان لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن تۆمارکردووە.

 

دوێنێ پزیشکانی بێسنوور لە تویتێکدا لە هەژماری خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیX  بڵاویانکردەوە کە نزیکەی دوو هەزارو ٥٤٢ حاڵەتی نەخۆشییە درمیەکانی لە ناوەندێکی چاودێری تەندروستی چارەسەر کردووە.

 

تیمە پزیشکییەکانی ڕێکخراوەکە لە ماوەی مانگی کانوونی دووەم تا تەمووز ٩٦٥ تووشبووی پشتڕاستکراوی مەلاریا و ٤٨٨ تووشبووی پشتڕاستکراوی تای خوێنبەربوونیان چارەسەرکردووە.

 

هەروەها تیمەکانی ڕێکخراوەکە پاڵپشتی وەڵامدانەوەی زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون و کۆلێرایان کردووە، بەو پێیەی لە ماوەی نێوان مانگی نیسان و تەمووزی ڕابردوودا هەزار و ٨٩ نەخۆش کە نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان دەرکەوتووە چارەسەر کردووە.