کیمیابارانی دوو قوتابخانەی کچان لە دیواندەرە

لە درێژەی ژەهراویکردنی قوتابیان لە قوتابخانەکاندا، بە مادەی کیمیایی هێرش کرایە سەر دوو قوتابخانەی کچان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ شەممە، دوو قوتابخانەی کچانی دیواندەرە، ئامادەیی پەروین ئیعتسامی و قوتابخانەی ناوەندی عێفات، بە مادەی کیمیایی هێرشیان کرایە سەر و لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان ژەهراوی بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

ئەو خوێندکارە ژەهراوییانە ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەم هێرشانە نزیکەی کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی ئەمڕۆ بووە و لەکاتێکدا کەسانی نەناسراو مادەی کیمیاییەکەیان فڕێداوەتە ناو هۆڵی قوتابخانە و هۆڵەکانی خوێندن، بەرپرسانی قوتابخانەکە دەرگای چوونە ژوورەوە و دەرچوونیان داخستووە و ڕێگرییان لە دەرچوونی خوێندکارەکان کردووە.

 

هەروەها خوێندکارەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێش هێرشەکانی ئەمبولانس لە قوتابخانەکەدا ئامادەبوون و خاتوو "وەیسی" بەڕێوەبەری قوتابخانەی عێفات و هاوکارەکانی دیکەی ئامادەکاری تەواویان بۆ ئەو هێرشانە کردووە لەکاتێکدا دەمامکیان بەستووە.

 

دوابەدوای ئەو هێرشانە، خوێندکارە ژەهراویەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی دیواندەرە و لە بەشی فریاکەوتن چاودێری کران، بارودۆخی هەندێکیان مەترسیدارە و دوای چەند کاتژمێرێک لە ژەهراویبوونیان هێشتا لەژێر چاودێری پزیشکدان.