٧ ڕۆژنامەنووس لە ئۆکرانیا کوژراون بەهۆی شەڕەوە
٧ ڕۆژنامەنووس بەهۆی شەرەوە کوژراون و چەندانی دیکەیان بە بارمتە لەلایەن ڕوسیاوە دەستبەسەر دەکرێن.
ناوەندی هەواڵ
بە پێی هەواڵێکی کۆمیتەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان-CPJ تەنها لە مانگی شوباتدا نزیکەی ٧ ڕۆژنامەنووس لە ماوەی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کوژراون.
لە ماوەی ئەو جەنگەدا، دۆکیۆمێنەری لیتوانی، مانتاس کڤداراڤیچیوس لە کاتێکدا هەوڵی دەدا کە شاری ماریۆپۆلا بەجێبهێڵێت لە ١ی نیساندا کوژرا، هەروەها ڕۆژنامەنووسێکی ئۆکرانی بە ناوی ماکس لێڤین بە کوژراوی لە ١ی نیساندا دۆزرایەوە، هەر لەو ماوەیەشدا چەندین ڕۆژنامەنووس برینداربوون.
گولنۆزا سەعید، ڕۆژنامەنووس و ڕیکخەری پڕۆگرامەکانی CPJ لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاستدا، دەربارەی دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە ماوەی ڕوماڵی مانگێک جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا دەڵێت، دۆخەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان گۆڕاوە، ئێمە لە سەرەتای خەنگەکەوە چاودێری دۆخی ڕۆژنامەنووسیمان کردووە لەو شەڕەدا، کە تێیدا چەندین ڕۆژنامەنووسی ناوخۆیی و بیانی برینداربوون و هەندێکیان برینەکانیان سەختە کە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە.
گولنۆزا سەعید باس لەوەدەکات کە ڕۆژنامەنووسان مەترسی بە بارمتە گرتنیشیان لەسەرە، "چەندین کەیسمان لەبەردەستدایە کە ڕۆژنامەنووسان لەلایەن ڕووسیاوە بە بارمتە گیراون، هەندێکیان ئازادکراون و هەندێکیان هێڵدراونەتەوە، ڕۆژنامەنووسێکی ژن بە ناوی ئێرینا دوبچینکۆ لە شارۆچکەکەی خۆیاندا بە ناوی ڕۆزیڤگا بە بارمتە گیرا و دواتر گواسترایەوە بۆ دۆنتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەژێر دەسەڵاتی ڕوسیا دایە".
ت.پ