زۆری پەنابەران لە جیهاندا بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی

لەڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەبەوەکرا، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران و ئەو کەسانەی بەهۆی ململانێ لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەبوون قەیرانێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٢٠ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، تیایدائاماژەی بە ئاستی قەیرانی مرۆیی کرد کە لە ئەنجامی زیادبوونی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لەسەر ئاستی جیهان دروستبووە.

 

ڕاپۆرتەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مافی پەنابەرێتییان پێدراوە، ئەو پەناخوازانەی کە داوای ناساندنیان دەکەن وەک پەنابەر، هەروەها ئەوانەی ئاوارەبوون لە چوارچێوەی وڵاتی خۆیان.

 

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی ئاوارە و پەنابەران گەیشتووەتە ١١٧ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان.

 

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ساڵی ٢٠١٤دا لە هەر هەزار کەسێک لە جیهاندا هەشت کەس ئاوارە بوون، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣ ئاوارەبوونی ١٤ کەس لە هەر هەزار کەسێک تۆمار کراوە، واتە نزیکەی ٥٨ ملیۆن کەسی دیکە لە جیهاندا بەهۆی قەیرانە مرۆییەکان بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤ لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون.

 

بە پێی ڕاپۆرتەکە ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٦٨.٣ ملیۆن کەس، ئەمەش بەو واتایەیە کە ناچاربوون ماڵی خۆیان جێبهێڵن بەڵام لە سنووری وڵاتی خۆیان ماونەتەوە.

 

لەڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە زۆرینەی ئاوارەکانی ناوخۆ لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون، لە کۆی٦٨.٣ ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆدا، نزیکەی ٤٨%یان لە وڵاتانی ئەفریقان و نزیکەی ٢١%یان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، ١٤%ش لە سودان بوون،واتە نزیکەی ٩ ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆدا بوون.

 

کۆڵۆمبیا لە ئەمریکای باشوور ٥ ملیۆن، ئەفغانستان لە ئاسیای ناوەڕاست ١.٤ ملیۆن و ئۆکرانیا لە ئەوروپا ٧.٣ ملیۆن، لەو ١٠ وڵاتەن کە زۆرترین ئاوارەی ناوخۆیی تێدایە.

 

ئاوارەبوون تەنها لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دروست نەبووە، بەڵکو بوونی شەڕ لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان وەک قوبرس و تورکیا، جۆرجیا و ئازەربایجان و سربیا و بۆسنە و هەرزەگۆڤینا بەهۆی ململانێی بەردەوامەوە پێشبینی دەکرێت دەیان ساڵی دیکەش ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی تێدا ڕوودابدات.

 

بەگوێرەی ئاماری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیکەی ٤٣.٤ ملیۆن کەس وەک پەنابەر لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان ئاوارە بوون، زۆربەی ئەو وڵاتانەی پەنابەر وەردەگرن، سنووریان هاوبەشە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پەنابەر هەناردە دەکەن، بەپێیڕاپۆرتەکەی  UNHCRکە تۆماری کردووەلە ٦٩%ی پەنابەران لە ساڵی٢٠٢٣ لە وڵاتێکی دراوسێی خۆیان ژیاون، هەروەها ئێران، تورکیا، کۆڵۆمبیا، ئوردن و لوبنان میوانداری زۆرترین ژمارەی پەنابەرانیان کردووە، کە زۆربەیان لە ئەفغانستان، سووریا وڤەنزوێلا ناوچەکانی دیکەی فەلەستین هەڵدێن.

 

ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی پەنابەر وەردەگرێت بە بەراورد لەگەڵ هەر وڵاتێکییەکێتی ئەوروپا و ژمارەکەیان دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار پەنابەر.

 

تا ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن کەس چاوەڕێی دانپێدانانیان ڕەتکردنەوەی دۆخی پەنابەرێتییان دەکەن لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە داواکارییەکانیان پێشکەش کردووە، نزیکەی ٥.٦ ملیۆن داواکاری پەنابەری پێشکەش کراوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ١.١ ملیۆن پەنابەر گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان هەرچەندە زۆرجار گەڕانەوەیان پارێزراو نەبووە، زۆربەی پەناخوازان گەڕانەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە هێشتا ڕووبەڕووی شەڕ و ململانێ بوونەتەوە، وەک باشووری سودان و ئۆکرانیا.