زمانی کوردی... زمانێکی قووڵی ڕەگداکوتاو ڕووبەڕووی بنبڕکردنی کولتووری دەبێتەوە

گوڵاڵە درودیان، شاعیر و زمانناس هۆشداری دا لە مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی و ئاماژەی بەوەدا کە دوو زمانەوانی و سڕینەوەی کولتووری. مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ناسنامەی گەلی کورد دروست دەکات.

ڕەها نەزەری 

 

سنە-زمانی کوردی بەهۆی نەبوونی دانپێدانانی فەرمی لە زۆرێک لە وڵاتان مەترسی نەمانی لەسەرە، ئەمەش بەکارهێنانی لە بواری پەروەردە و ڕاگەیاندن سنووردار دەکات. زاڵبوونی زمانەکانی تر، وەک فارسی، تورکی، عەرەبی، دەبێتە هۆی دابەزینی بەکارهێنانی کوردی لە ناو نەوەی نوێدا. جگە لەوەش، بەرهەمی لاوازی کولتووری و وێژەیی لە زمانی کوردیدا بەشدارە لە کەمبوونەوەی بوونی لە ژیانی گشتیدا.

 

کۆمەڵەی مەولەوی سنە بە هاوکاری ماڵی وەرگێڕانی هۆژین، ڕۆژی ١٢ی ئاب لە کتێبخانەی ناوەندی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیمپۆزیۆمێکی زانستی سازکرد. سیمپۆزیۆمەکە کە لەلایەن توێژەر گوڵاڵە درودیان پێشکەشکرا، باس لە مێژووی سەرهەڵدانی ڕێزمانی کوردی و دوورخستنەوەی زمانی دایک لە پەروەردە و ژیانی ڕۆژانە و زاڵبوونی زمانەکانی دیکە و کاریگەرییەکانی دوو زمانەوانی لەسەر ناسنامەی تاک کرا.

 

گوڵاڵە درودیان شاعیر، نووسەر و زمانزان، بە سود وەرگرتن لە بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوە، باسی لە بابەتی دوو زمانەوانی و گرنگی دانانی زمانی دایک و قەیرانی ناسنامەی تاکی دوو زمانە، لە نێوان بابەتەکانی تری زمانەوانیدا کرد. کۆمەڵێک لە ژنە شاعیر و نووسەران بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.

 

گوڵاڵە درودیان لە سەرەتای قسەکانیدا دوو پرسیاری بۆ ئامادەبووان دەستپێکرد: ئێوە چۆن لە پرسی زمان دەڕوانن؟ ئێمە وەک تاکی دوو زمانەی وەک گەلی کورد، بەردەوام ڕووبەڕووی باڵادەستی و کۆنترۆڵی زمانێکی دیکە دەبینەوە، ئێمە بە زمانێکی دیکە جگە لە زمانی دایکی فێربووین، قسەمان کردووە، نووسیومانە و تەنانەت بیرمان کردووەتەوە. بە چ دیدگایەک دەتوانین زمان بخوێنینەوە؟.

 

زمان و مێژوو

پاشان تیشکی خستە سەر مێژووی زمانەوانی و وتی: کاتێک تاک بەشێکە لە کۆمەڵگەیەک، دەبێت بتوانێت پەیوەندی بکات و گرنگترین ئامرازی ئەم پەیوەندییە زمانە، چونکە زمان تەنها ئامرازێک نییە. تا چەند ئەم ئامرازە توانیویەتی بە درێژایی مێژوو عەقڵ و بیری مرۆڤ داگیر بکات؟ یەکەم پەرتوکی بەڵگەدار لەم بوارەدا بەرهەمی زمانەوانی هیندی پەنینییە، کە چوار سەد ساڵ پێش ئێستا لەسەر زمانی سانسکریتی مەسیح نووسراوە ئامانجی ئەم پەرتوکە خوێندنەوەی دروستی دەقە ئاینییەکانی وەک ڤێدا بووە هەرچەندە گەلانی دیکە وەک سۆمەری و میسری و چینی و جولەکەکان مامەڵەیان لەگەڵ ڕێزماندا کردووە، بەڵام پەرتوکەکەی پانینی بە یەکەم بەرهەمی نووسراو دادەنرێت لەم بوارەدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدگەر پێیوابوو کە بوون و جەوهەری مرۆڤ لەڕێگەی زمانەوە مانا بەدەستدەهێنن. بەبێ زمان هیچ شتێک ناتوانێت مانای هەبێت، چ درۆ بێت، خۆشەویستی بێت، تاوان بێت، یان میهرەبانی. فەیلەسوفی ئەڵمانی هانس جۆرج گادامێریش جەختی لەسەر ئەم بیرۆکەیە کردووەتەوە و دەڵێت هەموو بوون لەڕێگەی زمانەوە مانای خۆی بەدەستدەهێنێت وتی: کەواتە، چارەنووسی ئێمە کە لە دوو زمانەگەریدا دەژین چییە؟ کاتێک ئێمە لە ماڵەوە بە زمانی دایکی خۆمان قسە دەکەین، لە بابەتە ڕۆژانەییەکان تێدەگەین و دەردەبڕین، بەڵام لە دەرەوە، لە پەروەردە و نووسیندا، ناچار دەبین بە زمانێکی دیکە بیربکەینەوە و فێربین، ئەم دۆخە تێکچوونێکی قووڵ لە دەروونیدا دروست دەکات، کە کاریگەرییەکانی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا ڕەنگ دەداتەوە، لە منداڵییەوە تا تەمەنی گەورەیی.

 

"زمان پەناگەیەکی ئارامە بۆ پاراستنی تاک لە گۆشەگیری"

لە کۆتاییدا گوڵاڵە درودیان جەختی لە مەترسی ئاسمیلەکردنی کولتووری و زمانەوانی کرد کە هەڕەشە لە گەلی کورد دەکات و وتی: ئەگەر بگەینە قۆناغێک کە تەنانەت لە مێشکی خۆماندا بە زمانی دووەم بیربکەینەوە، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێمە کەوتوینەتە ژێر ئاسمیلەکردنی کولتوورییەوە، ئێمەی گەلی کورد، هەمیشە بەهۆی جوگرافیای زۆرەملێیەوە، بە ئارەزووی خۆی یان نائارەزوویی، ناچار بووین بە زمانی تورکی و عەرەبی و فارسی قسە بکەین، بۆیە پاراستنی زمانی دایکمان، جەختکردنەوە لەسەر فێرکردن و بەرەوپێشبردنی، زۆر گرنگە، چونکە زمان ماڵی ئێمەیە، پەناگەی ئێمەیە و تاکە ڕێگایە کە بتوانین ناسنامە و ئەزموون و جیهانبینیمان بە زیندووی بهێڵینەوە.