ڕووباری فورات خەریکە وشک دەبێتەوە

دوایین وێنەکان دەریدەخەن کە ئاوی ڕووباری فورات بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە لە ئەنجامی ئەو شەڕە ئاوییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەی بردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەشێکی زۆری ڕووباری فورات وشک بووەتەوە، ئەم ناوچانە کە سەردەمانێک سەرچاوەی ژیان بوون بۆ ناوچەکە ئێستا بوونەتە زەوی وشک، ئەو وێنانەی کە ئانها لە بەنداوی ڕۆژاڤا (تشرین) کە دووەم گەورەترین بەنداوی سوریایە لەسەر ڕووباری فورات گیراون، دەریدەخەن کە ئاوی ڕووبارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

 

دەوڵەتی تورکیا کە ساڵانێکە ئاوی فورات وەک چەکێک لەدژی سوورییەکان بەکار دەهێنێت، تاڕادەیەکی زۆر ئەو ئاوانەی دەڕژێنە عێراق و سوریا دەبڕێت.

 

بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی ١٩٨٧ لە نێوان حکومەتی دیمەشق و ئەنقەرەدا واژۆ کراوە، بڕیارە تورکیا لە چرکەیەکدا ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو ڕادەستی سوریا بکات، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەر پابەند نییە بەو ڕێککەوتنە و لە ئێستادا تەنها ٢٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا دەگەیەنێت.

 

کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمبوونەوەی ئاوەکان بە ڕوونی لەسەر زەوی دەبینرێن، بەهۆی بڕینی ئاوەوە ئاوی دەریاچەی بەنداوەکان لە سوریا کەمیکردووە، هاوکات بەرهەمهێنانی کارەبا و پێدانی کارەبا بۆ ناوچەکە کەمبووەتەوە، جگە لەوەش بڕی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەناری فورات بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، لە هەمووی گرنگتر دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە قورس بووە، ئەم دۆخە کێشەی تەندروستی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

 

ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هۆشداریدا لەوەی کە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات دەبێتە هۆی قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر ٩ ملیۆن دانیشتووی ناوچەکانی نزیک لە ڕووبارەکە، ئیدارەی بەنداوەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کردەوەی ئیستفزازی دەوڵەتی تورکیا ڕابگرن.