ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە گەیشتە ٣٧ هەزار کەس
ئاماری کوژراوانی بومەلەرزەکە لە تورکیا و سوریا، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ نزیکەی ٣٧ هەزار کەس بەرزبووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربووان سەرەڕای کەمبوونەوەی هیواکان.
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئەو وڵاتە بۆ ٣١ هەزار و ٦٤٣ کەس بەرزبووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، شەش هەزار و ٤٤٤ باڵەخانە بە تەواوی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە وێران بوون.
لای خۆیەوە، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ شوبات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تا ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە چوار هەزار و ٣٠٠ کەس لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە حەوت هەزار و ٦٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات ڕوانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی قوربانییەکان لە ٥٢٠٠ کەسەوە بەرزبووەتەوە.