ژیانی سێ زیندانی سیاسی لەلایەن ئێرانەوە خراوەتە مەترسییەوە
بێبەشبوون لە چارەسەر و بێبایەخکردنی هۆشداریی پزیشکان، ژیانی چەند ژنێکی زیندانیکراوی سیاسی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا پێویستیان بە چاودێری تایبەتمەند هەیە.
ناوەندی هەواڵ
دەنگی دەستگیراوانی کورد و ئێران، سەبارەت بە بارودۆخی سێ زیندانیی سیاسیی لە زیندانەکانی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: مەعسوومە نەساجی زیندانی سیاسی تەمەن ٦٤ ساڵ کە لە زیندانی ئەوین زیندانیکراوە، سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین نەخۆشی بووە و پێویستیی بڕیاردانی بەپەلە بۆ پاراستنی تەندرووستی و ژیانی خراوەتەڕوو، بەڵام هێشتا سزاکەی بەسەر دەبات و تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر بۆ وەستاندنی جێبەجێکردنی سزاکەی یان ئازادکردنی.
ئاماژە بەوەشکراوە، فاتمە جامی زیندانییەکی سیاسیی زیندانی گۆرگانە، شاخەوان و دایکی منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵە، سەرەڕای خراپی باری جەستەیی، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگووزاریی پزیشکیی پێنەدراوە، لە کاتی دەستگیرکردنیدا پێویستی بە نەشتەرگەری بۆ کیسێک لە سنگیدا هەبووە، بەڵام نەشتەرگەرییەکە بۆ چەند مانگێک دواکەوتووە.
باس لەوەشکراوە، هەوڵەکانی ئەو بنەماڵەیە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پزیشکی یان ئازادکردنی کاتی بە کەفالەت تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون، باری جەستەیی زیندانییەکە خراپە و پێویستی بە گواستنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی دەنگی دەستگیرکراوان، موحتەرەم پەرەندین هونەرمەندی شێوەکار لە زیندانی ئەوین کە تەندرووستی تێکچووە و تووشی دوو وەرەم بووە لە نزیک مێشک و قوڕگی، هەروەها پزیشکی زیندانەکە هۆشداری لە مەترسییەکانی گرێیەکەی نزیکی مێشکی داوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پزیشکەکە داوای کردووە دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ بکرێت، وەرەمەکە کێشەی لە بینین و قسەکردن و جوڵەی جەستەیدا دروستکردووە.