ژیانی ٤٢ هەزار کەس لە لێواری کارەساتدایە لە ڕووباری نیلی شین
بەهۆی پێکدادانەکانی ناوچەی نیلی شین لە سودان، نزیکەی ٤٢ هەزار کەس ئاوارە بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵن. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هۆشداری دەدەن کە بارودۆخی مرۆیی بەرەو کارەسات دەڕوات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پایز و کەمی خۆراک و ئاو و دەرمان بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
لە سودان وڵاتەکە بەهۆی داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و چەندین ساڵ لە ململانێی وێران بووە. ئەم دۆخە سەختترین لێکەوتەی بۆ دانیشتووان هەبووە، هەزاران خێزان لەگەڵ کەمیی خۆراک و چاودێری تەندروستی و شوێنی نیشتەجێبوونی تونددا دەجەنگن.
ئاگاداری قەیرانی مرۆیی و کارەسات
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ١٥ی نیسانەوە، دەستپێشخەری کۆمەڵگەی مەدەنی نیل شین هۆشداری داوە کە قەیرانێکی مرۆیی نزیک هەڕەشە لە ژیانی نزیکەی ٤٢ هەزار ئاوارە دەکات کە لە شارۆچکەی قەیسان و ناوچەکانی نزیک سنووری ئەسیوپیا دەژین. لە نێویاندا زیاتر لە ٢٤ هەزار منداڵ و ١١ هەزار ژن کە لە دەرەوە دەژین و لاوازن.
لە بەیاننامەیەکدا کە دوێنێ بڵاویکردەوە، دەستپێشخەرییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دۆخی مرۆیی و تەندروستی بەخێرایی بەرەو خراپی دەچێت. هەروەها بەربەستی بەرچاو لەبەردەم گەیاندنی هاوکاری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە هەیە.
شەپۆلی ئاوارەیی و شەڕ لە ناوچەکەدا
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی نیلی شین بە تایبەتی لە کرموک و قەیسان و ناوچەکانی دەوروبەریان زیادیان کردووە. سوپای سودان لە لایەک و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی سودان-باکور (SPLM-N) لە لایەکی دیکەوە، ئەم ناوچەیەیان کردووە بە چەقی شەڕی توند لە چەند مانگی ڕابردوودا. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی ئاوارەیی یەک لە دوای یەک.
بەپێی بەیاننامەی دەستپێشخەرییەکە، ژمارەی ئاوارەکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان گەیشتووەتە ٤٢ هەزار و ٢٧١ کەس، کە بەسەر ٣٨٠٣ خێزاندا بڵاوبووەتەوە: "منداڵ، ٢٤ هەزار و ٢٦٦، ژن ١١ هەزار و ٧١٣، پیاو، ٦٤٦٣".
ئاوارەکان لەم ناوچانەدا هەڵکەوتوون یان بڵاوبوونەتەوە:
“سینسیناو: ٧٠٨٠ کەس، فامودە/ ئەبودەقلە: ٢٤ هەزار و ٨٣٦ کەس، ئەقرو/ ئاکو: ٦٥٤٩ کەس، قەل ئینق: هەزار و ٤٨٨ کەس، پەنابەران لە ئەسیوپیا: ٢ هەزار و ٣١٨ کەس”.
مەترسی نەخۆشی و نزیکبوونەوەی وەرزی پایز
دەستپێشخەرییەکە ئاماژەی بەوە داوە کە بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لە دەرەوە و بێ سەرەتاییترین پێداویستییەکان دەژین. هەروەها هۆشداریشیداوە، لەگەڵ دەستپێکردنی پاییز دۆخەکە خراپتر دەبێت، چونکە بارانێکی بەخوڕ دەگات و بە تەواوی ڕێگە دەگرێت بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
تێکچوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کەمیی خۆراک، کەمی ئاوی خواردنەوە و شوێنی حەوانەوە، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو و ژینگەیی و مێشوولە زیاد دەکات. ڕێژەی بەدخۆراکی دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار، بەتایبەتی لە نێو منداڵاندا، کە کاریگەریی جددی لەسەر ژنان و بەساڵاچووان هەیە.
داتاکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی
لە بەیاننامەکەدا پشتڕاستکراوەتەوە کە ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە ژێر کۆنترۆڵی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی سودان-باکوور (SPLM-N) و هاوپەیمانەکەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF)دان. ئەم دۆخە لە نێوان ململانێی بەردەوامدا ئاستەنگی زۆر بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان دروست دەکات بۆ گەیشتن بە هاوڵاتیانی مەدەنی.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانە دەستپێشخەرییەکە داوای لە هەموو لایەنەکانی ململانێ کرد هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ ئاسانکاری گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و چاودێری تەندروستی بۆ خەڵکی ئاوارە و سووککردنی دۆخی مرۆیی ناوچەکە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) تۆماری کردووە کە لە نێوان ١١ی ڕێبەندان تا ٢٣ی ئاب، نزیکەی ٩٩ هەزار و ٢٧٧ کەس لە ناوچە جیاجیاکانی ناوچەی نیلی شین ئاوارە بوون: “لە قەیسانەوە: ٣٩ هەزار و ٥٧٠ کەس، لە کرموکەوە: ٣٢ هەزار و ٥١٥ کەس، لە باوەوە: ٢٧ هەزار و ١٩٢ کەس”.
زۆربەی ئەو کەسانە کۆچیان کردووە بۆ ناوچەکانی دەمازین، قەیسان، باو، واد ئەلماهی و ئەلروسەیریس.