ژیانێک کە لە نێو تەڤگەری ژنانی کورددا بووەتە هێما: زیلان

زەینەب کناجی زیلان لە نێو تێکۆشانی ئازادیی ژناندا بووەتە کەسایەتییەکی سیمبولی ،ژنان لە سەر شۆپ و ڕێبازی زیلانن، کە دەیوت: "دەەمەوێت ژیانێکی واتادار بژیم و ببمە خاوەنی چالاکییەکی مەزن".

ناوەندی هەواڵ

 

 هەندێک ناو هەن نەک تەنها بەهۆی ڕووداوێکی مێژووییەوە یاد دەکرێنەوە؛ بەڵکو بە تێپەڕبوونی کات لە دەمەقاڵێ و مشتومڕە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکاندا دەبنە کەسایەتیی ناوەندی و تەنانەت دوای چەندین ساڵیش دەبنە بکەر، زەینەب کناجی  کە بە "زیلان" دەناسرێت، لە نێو بزووتنەوەی سیاسیی کورددا یەکێکە لەو ناوانە.

 

چالاکییەکەی ئەو لە ساڵی ١٩٩٦دا، نەک تەنها وەک چالاکییەک لە کەشوهەوای پێکدادانەکانی ئەو سەردەمەدا نرخێندرا، بەڵکو بە تایبەتی بۆ تێکۆشانی ڕزگاریی ژنان وەک وەرچەرخانێک بوو. سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێکیش، ناوی زیلان نەک تەنها وەک کەسایەتییەکی مێژوویی، بەڵکو لە مشتومڕەکانی تایبەت بە دۆخی ژنان لە کایەی سیاسی، ڕۆڵی ئەوان لە تێکۆشانی بەکۆمەڵ و ڕزگاریدا، زۆر جاران یاد دەکرێتەوە. ژیانی زیلان نەک تەنها بەهۆی ئەو چالاکییەی کە ئەنجامی داوە، بەڵکو بەهۆی چیرۆکی ژیانیشیەوە، کە لە منداڵییەوە تا ساڵانی زانکۆ، لە شێوەگرتنی بیروڕا سیاسییەکانیەوە تا ئەو نووسینانەی کە نووسیونی، ڕووبەڕووی بایەخ پێدانێکی گەورە دەبێتەوە.

 

"دەتوانم ببمە چەکدار  و شوێنکەوتووی زیلان"

٣٠ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی زیلان، سیمبولی ژنانی کورد کە ژیانی خۆی بۆ ئەم دۆزە تەرخان کرد، تێپەڕی. زەینەب کناجی  کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان بەم وتەیە پێناسەی کردبوو: زیلان بە چالاکییەکەی خۆی تێپەڕاندم. لەمەودوا، من تەنها دەتوانم ببمە چەکدار و شوێنکەوتووی زیلان"، لە ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی ئەڵماڵی سەر بە مەلاتیە لەدایکبوو. ئەو منداڵی بنەماڵەیەکی چینی ناوەند بوو. زەینەب کناجی  کە لە بەشی ڕێنوێنی و ڕاوێژکاری دەروونی لە زانکۆی ئینۆنۆ لە مەلاتیە دەرچووبوو، بۆ ماوەیەک وەک تەکنیکاری تیشک  لە نەخۆشخانەی دەوڵەتی مەلاتیە کاری کرد. ئەو لەگەڵ محەمەد عەلی ئەتڵی، کە هاوڕێیەکی گوندی خلیای سەر بە ناوچەی گێلی ئامەد بوو و لە هەمان زانکۆ و لە هەمان بەشدا خوێندبووی، هاوسەرگیری کردبوو.

 

چیرۆکی ژیانی لە زمانی پێنووسی خۆیەوە...

زەینەب کناجی  چیرۆکی ژیانی خۆی و ئاشنابوونی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بەم شێوەیە دەربڕیبوو: کاتێک لە ئامادەیی دەمخوێند، بیر و باوەڕی چەپ و کوردایەتی کاریگەرییان لەسەر دروستکردم. لەو ساڵانەدا دەستم پێکرد، بەڵام لە هیچ هێزێکی سیاسی نزیک نەبووم و نەکەوتمە ناو کارەوە. کاتێک لە زانکۆ دەمخوێند، ڕوانگە و مەیلی چەپایەتیم ڕوونتر بووەوە، هاوسۆزیم بۆ پەکەکە زیاد بوو. بنەماڵەکەم هەرچەندە دواکەوتووش بوون، بەڵام هەستی کوردپەروەرییان دەپاراست. لەبەر ئەمەش لایەنی کوردپەروەریم گەشەی کرد. ئەو کاتە لە ناوچەکەماندا هێز و لایەنە وڵاتپارێزەکان ڕێکنەخرابوون. پێشەنگایەتی نەبوو. دیسان دۆخی ئابووریی بنەماڵەکەم بووە هۆی ئەوەی کە کەمێک لە دواوە بمێنمەوە. بە تێپەڕبوونی کات، ڕوانگەم بەهێز و ڕوون بووەوە و لە کۆتاییدا چومە ناو ڕیزەکانی تێکۆشانەوە.

 

"پارتەکەمان تێکۆشانمانە کە بووەتە تاکه هیوامان"

زەینەب کناجی  لە ساڵی ١٩٩٤دا لە شاری ئەدەنە دەستی بە چالاکییەکانی بەرەیی کرد. نزیکەی ساڵێک بەردەوام بوو لە کارەکەی. زەینەب کناجی ، بەهۆی ئەوەی بە ناو مەشق و پەروەردەیەکی جیددیدا تێنەپەڕیبوو، ڕەخنەی لە خۆی گرت، بەڵام هەمیشە بە ویست و پێداگر بوو. لە ساڵی ١٩٩٥دا لە دێرسیمەوە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو. زەینەب کناجی  ئەم قۆناغەی وەک سەردەمی گەشەسەندن لە ناو پەکەکەدا ناوبرد و گوتی: "تێکۆشانمان کە بە پێشەنگایەتیی پەکەکە گەشەی کرد، بوو بە بەشێک لە مێژووی هەموو مرۆڤایەتی و بۆ گەلانی ژێردەستە لە ڕێگای سۆسیالیزمدا بوو بە هێوا. ئەم گەلەمان کە بە تەواوی ئینکار کرابوو و بێ کەسایەتی کرابوو، لە مێژوودا بۆ یەکەمجار سەربەرز و سەرکەوتووانە وەستایەوە. هەروەها ئەم گەلەی کە نرخە نەتەوەییەکان، ڕۆح، کولتوور و ناسنامەکەی ئینکار و لەناو برابوو و کەوتبووە ژێردەستی دوژمن و بێ کەسایەتی کرابوو، بەم تێکۆشانە جارێکی دیکە هۆشیار و زانا بووەوە.

 

"دەبێت خاوەندارێتی لە میراتی مێژوویی و پێداویستییەکانی قۆناغەکە جێبەجێ بکەین"

زەینەب کناجی  لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦دا بە چالاکییەکی فیدایی، وەڵامی ئەو هێرشەی دایەوە کە لە ٦ی ئایاری ١٩٩٦دا بە مەبەستی لەناوبردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەنجامدرابوو. ئەو وتبووی: دەبێت پێداویستییەکانی قۆناغەکە جێبەجێ بکەین. ئێمەش لێرەدا جێگامان بە بەشێک لە نامەکەی زەینەب کناجی  داوە کە تێیدا باسی هۆکاری چالاکییەکەی دەکات،

 

سەرۆکی من!

بانگەشە و داواکاریی من بۆ ژیان زۆر گەورەیە و دەمەوێت ببمە خاوەنی ژیانێکی بەڕێز و چالاکییەکی مەزن. بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشانی ڕزگاریی نەتەوەییمان لە کاتێکی زۆر نزیکدا سەر دەکەوێت و گەلی لێقوماو و هەژارمان لە ناو بنەماڵەی گەلانی جیهاندا جێگای بەنرخی خۆی دەگرێت و دەگاتە مافەکانی خۆی. لەسەر ئەم بنەمایە، جارێکی دیکە نزیکایەتی و دڵسۆزیی خۆم بۆ ڕێبەر ئاپۆ، هەموو شەهیدانی کوردستان، هەموو هێزەکانی شەڕ و بەرە، هاوڕێیانمان لە زیندانەکاندا، گەلی کورد و بۆ هەموو مرۆڤایەتی نیشان دەدەم و بەڵێنی شایستەبوون بەوان دەدەم. ئامانجم بۆ ژیان زۆر گەورەیە. دەمەوێت ببمە خاوەنی ژیانێکی بەڕێز و چالاکییەکی مەزن. لەبەر ئەوەی زۆر حەزم لە ژیان و مرۆڤەکانە, دەمەوێت ئەم چالاکییە ئەنجام بدەم.

 

بۆ ژنانی ئازادیخوازی کوردستان!

کاتێک مرۆڤ بەپێی ڕاستییەکانی کوردستان سەیری پرسی ژن دەکات، دەبینێت کە کەوتن و چەوسانەوەی ژن هەم لەبەر ئەوەی ژنە و هەم لەبەر ئەوەی ژنی وڵاتێکی داگیرکراوە، پرسەکە گرانتر و قووڵترە. پێش ئەوەی تێکۆشانی ڕزگاریی نەتەوەییمان دەست پێبکات، مرۆڤ نەیدەتوانی لە کوردستاندا باسی بوون و ئیرادەی ژن بکات. ئەمە مەحاڵ بوو. ژن هیچ نەبوو. وەک چۆن شاعیری تورک نازم حیکمەت دەڵێت: "لەسەر سفرە، نۆرەی ئەو دوای نۆرەی گاکە دێت" دۆخی ژنی کورد هێندە خراپە کە کێشەکە زۆر گەورە و قووڵە. پێویستە لەم بوارەدا کارەکانیش ئاوا گەورە و بێوچان بن. ژمارەی ژنانی کورد لە نیوەی ژمارەی کورد زیاترە. تا پرسی ژنی کورد چارەسەر نەکرێت، مرۆڤ ناتوانێت باسی ئازادیی ژنی کورد بکات.

 

هاوار دەکەم با هەموو جیهان بەمە بزانێت و بیبیستێت!

ئیتر ببیستن! چاوەکانتان بکەنەوە!... ئێمە منداڵی نەتەوەیەکین کە وڵاتەکەمان لەدەست دەرهێنراوە و داگیرکراوە. ئێمە بە هەر چوار لای جیهاندا بڵاو بووینەتەوە. ئێمە ئیتر دەمانەوێت لەسەر خاکی وڵاتی خۆمان بە شێوەیەکی ئازاد و سەربەخۆ بژین. ئەمە مافی نەتەوەیی و مرۆیی ئێمەیە. ئیتر نابێت خوێن، فرمێسک، کۆچبەری، زۆرداری و بەربەرییەت چارەنووسی گەلی کورد بێت! ئەوانەی پێویستییان بە برایەتی، ئاشتی، میهرەبانی، مرۆڤایەتی و سروشت هەیە، ئێمەین. پێویستمان بەم شتانە هەیە و ئەوینداری ئەوانین. ئێمە نامانەوێت ببینە هۆکاری شەڕ، مردن، کوشتن و وێرانکاری. بەڵام هەزار مەخابن کە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان بۆ نەهێشتووینەتەوە. تاوانبارانی ئەم شەڕە هێزە ئیمپریالیستەکان و کۆیلەکانیان، واتە کۆماری تورکیا خۆیەتی. بێدەنگبوون گەورەترین و قورسترین تاوانە. ئەگەر ئێوە بە چاوی سەری خۆتان ئەم خوێنە ڕژاوە دەبینن و لە ئاستیدا بێدەنگ دەبن، ئەو کاتە گەورەترین تاوانبار خۆتانن.

 

بانگەواز لە هەموو مرۆڤایەتی دەکەم!

ئەگەر ناتانەوێت ئەم تاوانە دژی مرۆڤایەتییە ئەنجام بدەن، شان بدەنە شانی گەلی کوردستان، پاڵپشتی بکەن، ژەنگی سەر مێشک و دڵەکانی خۆتان کە ئیمپریالیزم پووچی کردوونەتەوە پاک بکەنەوە و گوێ لە هاواری ئازادیی گەلێک بگرن. لەناو ئەم دەنگەدا برایەتی هەیە، دڵپاکی مرۆڤایەتی هەیە، دۆستایەتی هەیە.

 

گەلی نیشتمانپەروەرم!

دەمەوێت بەم چالاکییە ببمە زمانی دڵی ئێوە. ئێمە بە هەزاران منداڵی ئێوە لە لوتکەی چیاکاندا بۆ داهاتووی ئازادی ئێوە نەک تەنها جارێک، بەڵکو هەزاران جار ئامادەین گیانی خۆمان فیدا بکەین. لەم ڕۆژانەدا کە شەڕ زۆر گەرم بووە ، دەبێت ئیتر ئێوەش هەڵوێست و ڕیزەکانی خۆتان ڕوون بکەنەوە. ناوی شەڕی ئێمە شەڕی گەلە، کەواتە با پێداویستییەکانی شەڕی گەل جێبەجێ بکەین. پەندێکی ئاوا هەیە؛ "داری ئازادی بە خوێن و ئارەقە ئاو دەدرێت". نابێت ئازادیی خۆتان بە هەرزان لەدەست بدەن. دەبێت باش تێبگەین کە وڵاتەکەمان زۆر بەنرخە، بۆیە دوژمن هێندە پێداگرە. بۆچی ئێمە پێداگر نەبین؟ مەگەر بێجگە لە گیانمان چیمان هەیە لەدەستی بدەین؟ ئێمە مردنی بەڕێز لە ژیانی بێڕێزی باشتر دەبینین. لەسەر ئەم بنەمایە، سڵاوتان لێ دەکەم و بڕوام وایە گەلەکەمان لەم کاتەدا کە زۆر لە ئازادی نزیک بووینەتەوە، وەک ڕابردوو خاوەندارێتی لە میراتی بەرخۆدان دەکات کە پەکەکە دەستی پێکردبوو. تا ئێستا هەرچەندە قوربانی دابێت، ئامادەیە هێندەی دیکەش قوربانی بدات و داهاتووی ئازادی خۆی بە دەستی خۆی بنیاد بنێت و لە نێو کۆمەڵگاکانی جیهاندا بە سەربەرزییەوە جێگای خۆی بگرێت.

 

مانیفێستۆی ژنانی نووسی

چالاکییەکەی زەینەب کناجی  کە تێیدا لە دژی هەموو هێرشەکان جەستەی خۆی فیدا کرد، بانگەوازێک بوو بۆ سوپاسازیی ژنان . بانگەوازەکەی زەینەب کناجی  لە لایەن بە هەزاران ژنی کوردەوە وەڵام درایەوە. ئەو ئاگرەی زەینەب کناجی  پێیکرد، یەکەمین تۆوەکانی فەلسەفەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" چاند کە لە هەموو گۆڕەپانەکاندا دەنگی داوەتەوە. زەینەب کناجی مانیفێستۆی ئەو شۆڕشەی خولقاند کە لە خاکی کوردستاندا لەدایکبوو. لەم مانیفێستۆیەدا، ناوی ئەو وەک مانای بەرخۆدانی بێبڕانەوە و ژیانێکی ئازاد تۆمار کرا.