لە شنگال بۆ شەهیدانی فەرمانەکە سێ خولەک ڕێزگرتن بەڕیوەچوو
ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکی شنگال بۆ ماوەی سێ خولەک ژیان ڕاگیرا و ئێزدییەکان بەردەم ماڵ و دوکان و ئەنجومەنکانیان بەشدارییان لە ڕێزگرتن کرد و یادی شەهیدەکانیان کردەوە.

شنگال
لە یادی ١١ ساڵەی فەرمانی ٧٤، ژیان بۆ ماوەی سێ خولەک لە هەموو بەشەکانی شنگال ڕاگیرا. کاتژمێر ١٠:٠٠ بە دەستپێشخەری تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "TAJÊ" و خۆبەڕێوەبەری شنگال، هەمووان لە هەردان تا بۆریک، گوهبەل، دەهۆڵا، دیگوڕ، سنونێ و خانەسۆر لە ناوەندی شنگالەوە تا گیرزەریک، تل عوزێر، سیبا و مەدیبان بۆ ماوەی سێ خولەک ژیانیان ڕاگرت.
خەڵکی شنگال لەم ڕێزگرتنە سێ خولەکییەدا لە بەردەم ئەنجومەن ودامودەزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆبەڕێوەبەری و ئەنجومەنی تاژێ، لەبەردەم ماڵ و دوکانەکانیاندا بەشدارییان کرد.
دوای ڕێزگرتن، ئاو لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان بۆ برینداران و شەهیدانی فەرمانەکە دابەشکرا.
ئەو ژنە ئێزییانەی کە بەشداریان لە مەراسیمی ڕێزگرتن و دابەشکردنی ئاودا کرد، بە کورتی هەست و بیروڕای خۆیان بۆ ئاژانسەکەمان باس کرد.
" دیلەکانمان و ئێسکی خەڵکی ونبوومان دەوێت"
ژنێکی ئێزدی بە ناوی ئەڤین میراد ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، دڕندەترین فەرمانی بە چاوی خۆی بینیوە وتی: دەمەوێت ئێسکی گەلەکەم بدەنەوە کە ١١ ساڵە لەسەر زەوین و چارەنووسیان نادیارە، بەسە دایکان لەسەر وێنەی گەلە ونبووەکانیان بگرین، دەبێت گەلەکەمان بە تایبەتی ژنان لە دەستی داعش و ئێسک و پروسکی گەلەکەمان ڕزگاری بێت و مرۆڤە ونبووەکان دەبێت ڕادەستی ئێمە بکرێن.
"٣ی ئاب ڕۆژێکی ڕەشە بۆ ئێمە"
نافیە شنگالی، هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی گەلی خانەسۆر وتی: رۆژی٣ی ئاب بۆ ئێمەی کۆمەڵگەی ئێزدی ڕۆژێکی ڕەشە و ئەم ڕۆژە بەو شێوەیە دەبینین، ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر سەخت و پڕ لە ئازارە بۆ ئێزیدییەکان، ئەمڕۆ و لەم ڕۆژە ڕەشەدا شەهیدانی ٧٤ فەرمانەکە یاد دەکەینەوە و سەریان بۆ دادەنەوێنین.